هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مامۆستایانی وانەبێژ لە كەركووك بێبەش دەكرێن لە مووچەكەیان

كارزان گلی – هه‌ولێر

حكوومەتی عێراق، مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی لە هەموو شارەكانی عێراق خەرج كردووە، بەڵام مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی كەركووكی نەداوە، بۆیە مامۆستایانی وانەبێژ گرد بوونەتەوە و داوای هەقی خۆیان دەكەن.

مامۆستایانی وانەبێژ لە كەركووك، كە سەر بە حكوومەتی عێراقن، ماوەی سێ مانگ دەبێت مووچەیان نەدراوەتێ، ئەمەش لە كاتێكدایە، كە لە هەموو شارەكانی تری عێراقدا، مامۆستای وانەبێژ مووچەی خۆی بەبێ كێشە وەرگرتووە.
یڵدز ئەحمەد، یەكێك لەو مامۆستا وانەبێژانەی ماوەی سێ مانگ دەبێت مووچەی وەرنەگرتووە، دەڵێت ئەمە غەدرە لێمان دەكرێت و لەسەرمان نایەنە وەڵام.
یڵدز ئاماژە دەدات: “ئێمە ماندووین و رۆژانە دەوامی خۆمانمان كردووە، تەنانەت لە كاری خۆمان زیاترمان كردووە، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی قوتابیانی شارەكەمان بكەین، بەڵام بەداخەوە ئەمە پاداشتەكەیانە و سێ مانگە یەك دیناری مووچەیان نەداوینەتێ”.
ئەو رەخنە لە پارێزگاری كەركووك دەگرێت، بەوەی بە هیچ شێوەیەك هەوڵی نەداوە شایستەی درایی ئەوان لە عێراقدا وەربگرێت، یان هەر هیچ نەبێت شەڕیان بۆ بكات تا وەریبگرن.
بەڵام نەجوە كاكەیی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت كاری باشمان كردووە تا كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بكرێت.
نەجوە دەڵێت: “بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێمە، بە مامۆستایانی وانەبێژ گوتراوە، مووچەكەتان دەخەینە سەر ماستەركارت و ماستەركارتی كۆمەڵێكیان دواكەوتووە. وەكوو پەرلەمانتار، هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكەیان”.
باسی لەوەش كرد، كۆمەڵێك وەكوو مامۆستا لە قوتابخانەكاندا بە ئاگاداری پەروەردەی كەركووك لەو قوتابخانانە وانە دەڵێنەوە، بۆیە چاوەڕێی بودجەی 2022ین، تا ئەوانیش بكرێنە گرێبەست، هاوشێوەی ساڵانی 2019 و 2020.
مامۆستا سابیر، نیگەرانە لەو بارودۆخە و دەڵێت، بۆچی تەنیا مووچەی ئێمە كێشەی تێ بكەویت و حكوومەت بە ئەنقەست وا دەكات.
سابیر دەڵێت: “پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی لە شارەكانی تری عێراق، مامۆستای وانەبێژ بەبێ هیچ كێشەیەك مووچەكەی وەرگرتووە، بەڵام كاتێك دێتە سەر كەركووك، دەڵێن پارە نییە و بۆ كاتێكی تر، ئەمە دەرخەری ئەوەیە، كە بەئاشكرا جیاوازی لە نێوان كەركووك و شارەكانی تردا دەكرێت”.
بەنیگەرانییەوە ئاماژەی دا، ئەوان بێخاوەنن و كەس پشتگیرییان لێ ناكات، داواشی لە پەرلەمانتارانی كورد كرد لە پەرلەمانی عێراق، كە بەهانایانەوە بچن و مووچەكەیان بۆ وەربگرن.