هەمەچەشنکردنی داهاتی ناوخۆ و جێگرەوەی نەوت

لە جیهاندا زۆرن ئەم وڵاتانەی تەنیا یەک جۆر سەرچاوەی سروشتییان هەیە و بە تەواوەتی پشتی پێ دەبەستن. نموونەی ئەمانە: وڵاتە نەوتییەکان، بە تایبەت وڵاتانی عەرەب. عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەکێکە لەو وڵاتانە کە بۆ زیاتر لە ٩٠٪‏ی داهات پشت بە نەوت دەبەستن، بێ ئەوەی هیچ جێگرەوەی تریان هەبێت.

وڵاتێکی بەھێز بەندە بە پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و بەدەستهێنانی داهات لەچەند کەرتەوە کە شوێنگرەوەی یەکتری بن و بنچینەیەکی بەھێز بۆ داهاتی گشتی دابین بکەن.
ئێمە لە کوردستان زۆر سەرچاوەی ترمان هەن کە دەکرێت پشتیان پێ ببەسترێ لەجیاتی نەوت، کوردستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خاوەن تۆپۆگرافیایەکی لەبارە بۆ گەشتیاری هاوشێوەی سویسڕا بۆیە دەکرێت بە بایەخدان بە کەرتی گەشتیاریی زستانە و هاوینە ئابووریت هەستێتەوە.
هەروەها خاکی کوردستان لەبارە بۆ کشتوکاڵی هەمەچەشن بۆیە دەکرێت پشت بە کشتوکاڵ و بەروبومی ئاژەڵی ببەسترێت.
داهاتی خاڵە گومرگیەکانیش یەکێکی ترە لە سەرچاوەکانی داهات.
هەروەها کوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاو بۆیە دەکرێت پڕۆژەی گەورەی بەخێوکردنی ماسیی لێ بکرێت.
ھەرێمی کوردستان دوو کەرتی گرنگی تری ھەیە کە دەتوانێت شوێنگرەوەی نەوت بن کە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتوگوزارە، سەرەڕای داهاتی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و داهاتی تری ناوخۆ. کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە گرنترین و بەرھەمدارترین کەرتەکان بۆ دابینکردنی داهاتی گشتیی حکوومەت، پەرەدان بەداچاندنی زۆرترین بەرھەمی دانەوێلە و میوەکان لەگشت پارێزگاکانی کوردستان، بەڵام بەرێگای ستاندارت و حکوومەت سەرپەرشتی بکات بە پلانێکی تۆکمە کە داهاتێکی زۆر بۆ ناوخۆی وڵات و گەنجینەی دەوڵەت بگەرێنێتەوە لە رێگای ھەناردەکردنی بەروبوومی دانەوێلە و میوە، ئەڵبەت گرنگییەکی تەواویش بدرێت بۆ دروستکردنی کێلگەی پەلەوەر لە دابینکردنی ھێلکەو گۆشت بۆ ناوخۆی کوردستان و عێراق و ھەنادەکردن بۆ دەرەوەی وڵات لەپای ئەمانەش کێڵگەی ئاژەڵداری دابمەزرێندرێت بەمەبەستی شیر و بەرھەمە شیرەمەنیەکان و گۆشتی سوور کە بازاڕی ناوخۆ تێر بکات و رێگری بکرێت لەھێنانی لەدەرەوەی ولات. کەرتی گەشتوگوزار کەرتێکی گرنگە گەر گرنگییەکی تەواوی پێ بدرێ بۆراکێشانی زۆرترین گەشتیار بۆ ناخۆی ھەرێمی کوردستان، داهاتێکی زۆر دەخەنە بازاری ھەرێمی کوردستان و دەرفەتی کار بۆ چینێکی زۆر لەهاووڵاتیان دابین دەکات و وڵات زیاتر دەناسرێت و گەشەی شارستانیەت و پێشکەوتنیش زیاتر پێش دەکەوێت. کەرتی پیشەسازی کە کەرتێکی تایبەت و گرنگە دەبێت حکوومەت سەرمایەداران بدات بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای بەرھەمهێنەری پیشەسازی و کارگە و کەرەستەی خاو و پلاستیکی و پیشەسازی بیناسازی کەبەتێچویەکی کەم داهاتیکی زۆر بۆ ناوخۆی وڵات و خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێتەوە ئەمەش لەرێگای لێدەرکردنی باجەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکوومەت دەکرێت؛ لەسەر حکوومەت پێویستە کارئاسانی بکات بۆ کەرتی تایبەتی داھێنان و پیشەسازی بکات و ھەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو کوردستانیانەی کە لە دەرەوەی وڵات شارەزاییەکی تەواویان لە دروستکردنی شمەکی بەکاربردن ھەیە وەک کەرەستەکانی ناوماڵ و بیناسازی و ئامێرە کارەباییەکان و ئەلکترۆنیەکان و پیشەسازیەکانی تر و هانی کۆمپانیاکانی تری جیهان بدەن کارئاسانییان بۆ بکەن و زەوییان پێ بدەن هەتا لە کوردستاندا سەرمایە بخەنە گەڕ و وەبەرھێنان بکەن بەو مەرجەی کە زۆرترین کارمەندی کوردستانی کاریان پێ بدەن و وانەی سەنعاتەکەشیان فێرکەن. حکوومەت سەرەڕای ئەم دوو کەرتە دەتوانێت سوود و باج و داهاتی تری دەست کەوێت لەرێگای داهاتی خاڵە سنووریەکان و داهاتی ناوخۆیی کە پێک دێن لە داهاتی خاڵە گومرگیەکانی سەرسنوور و فڕۆکەخانەکان، داهاتە ناوخۆییەکان وەک باج و رسومات و باجی خانووبەرە و ھەروەها کرێی کارەبا و ئاو لەگەڵ رسومات و سەرپێچی هاتوچۆی ھەرێمی کوردستان کە داهاتێکی زۆر بۆ حکوومەت دەگەڕێنێتەوە کە پێک دێت لە بەشی سزا و سەرپێچی و رسوماتی رێگاوبان و ژینگە و ھیتر؛ جگە لە چەند داهاتی تر کە لە رێگەی وەزارەتەکان وەک زەریبە وەردەگیردرێت لە هاووڵاتیان، لە بەرامبەر پێدان و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان. گەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پلان ئەم کەرتانە رێک بخات و پەرەی پێ بدات داهاتی گشتی بەشی ھەموو ھەرێمی کوردستان دەکات و دەشتوانێ ژێرخانی ئابوورییشی پێ بەھێز بکات.

ھەواڵی زیاتر