چۆنیە‌تیی پە‌رە‌پێدانی فێركردن لە‌ قوتابخانە‌كان

بەكر كەریم حەسەن*

ئەحمەد شقیری راگەیاندكاری سعودی دەڵێ “بەڕێوەبەری قوتابخانە لە ژاپۆن زووتر لە قوتابییەكانیان نان دەخوات بە نیو كاتژمێر لە چێشتخانەی قوتابخانە بۆ دڵنیابوونی لە خواردنەكە كە تەندروستە و نەخۆشیان ناخات”.
گەر بمانەوێ هەر پێشكەوتن و هەستانەوە و بۆژانەوەیەك بە جۆرەها
رێگا دەستەبەر بكەین و بە دەستی بهێنین ئەوا دەبێ بیر بكەینەوە و هەوڵ بدەین چۆن فێركردن لە قوتابخانەكان پەرەی پێ بدەین و قوتابخانە چۆن گەشەی پێ بدەین، چونكە هەست بەوە دەكەین كەوا هەر هەستانەوە و گەشانەوە و بوژانەوەیەك بە ڕاست و دروستی گەر بمانەوێ ئەوا دەبێ لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە قوتابخانەكان دەست پێ بكەین، گومان لەوە دانییە قوتابخانە خاڵی هەرە پێشەوەی كۆی پرۆسە كە یە و لە قوتابی و مامۆستا و كارگێڕی قوتابخانەكان پێك دێت.
بۆیە دەبێ گرنگی و بایەخی زۆر بە قوتابخانەكان بدەین و، ژینگەیەكی لەبار و ڕەخساو و گەنجاو و تەبا و هاریكار دروست بكەین لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی قوتابخانە. گرنگە قوتابییەكانمان ڕابهێنین چۆن پەرە بە بیركردنەوەیان بدەن و رێگاكانی فێركردن و فێربوون تاقی بكەنەوە، هەر تەنها خەریكی پەرتووكی قوتابخانە نەبن، بەڵكو فێر بكرێن چۆن بەدوای زانست و زانیاری جۆراوجۆر دەگەرێن لە سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان لە پێگەكانی ئەنتەرنێت لە گۆڤار و رۆژنامە و پەرتووك و سەرچاوەكانی پەرتووكخانەكان، یانیش لە ئەنجامی چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسانی دیار و ناسراو و خاوەن ئەزموون و شارەزا، بێگومان ئەو گەڕان و خۆماندووكردنە وا لە قوتابی دەكات كارامەیی گەڕانی بە دوای زانست لا دروست بێت و خولیای دەبێت و دەرئەنجامیش دەبێتە كارامەییەكی جێگیر لای قوتابی، جگە لەوەش رێگاكانی بونیادنانی خودی لای گەشە دەكات و دەتوانێ چارەسەری زۆر گرفت بكات.
هەروەها مامۆستا كە هەردەم ئەستوندە و كۆڵەگەی سەرەكی پرۆسەكە
دەژمێردرێ، پێویستە بەردەوام پەرە بە توانا پسپۆرییەكانی بدات. چونكە هەر چەند رێگاكانی فێركردن بەرەوپێش بچن و تەكنەلۆژیا و كۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت باو بێت و رێگاكانی خۆ فێركردن پەرەبستێنێ و ئاسان بێت، بەڵام مامۆستا هەمیشە وەكو پەروەردەكار و ئاراستەكار و ئامۆژكار و ڕێپیشاندەری یەكەم دێت بۆ قوتابییەكانی و بە سەرچاوەی زانست و زانیاری دەژمێردرێت، بۆیە پێویستە هەردەم مامۆستا پەرە بە توانای خۆی بدات و بەردەوام بەشداری بكات لە خولەكانی ڕاهێنانی جۆراوجۆری پسپۆڕی و وانەوتنەوە و بەدەست هێنانی شارەزایی زیاتر و زیاتر، تا بتوانێ هەمیشە بە شێوەیەكی كاریگەر و متمانە وانە بلێتەوە و ڕۆڵی ئەرێنی مامۆستا بگێرێ بەرامبەر قوتابییەكانی كە ببێتە مایەی دڵنیایی و متمانەی بەردەوام.
هەروەها دەستەی كارگێڕی قوتابخانە بە تایبەتی بەڕێوەبەر پێویستە
بەردەوام بەشداری بكات لە خولی راهێنانی كارگێڕی و سەركردەی پەروەردەیی كە قوتابخانەكەی ببێتە شوێنێكی ئارام و پارێزراو بۆ مامۆستا و قوتابییەكان، وە ببێتە نموونەیەكی بەرزی ڕەوشت و ئادكاری پەروەردەیی گشتیی بێت لە قوتابخانە و، ژینگەیەكی لە باری پەروەردەیی گشتگیر لە قوتابخانەكە فەراهەم و دەستەبەر بكات، لە بیرمان نەچێت هەر كاتێ ڕۆلی بەڕێوەبەری قوتابخانە ڕۆلێكی سەركەوتوو نایاب بوو، ئەوا ئەو كات قوتابخانەكەش سەركەوتوو و نایاب دەبێت.
بۆیە جەخت لەوە دەكەمەوە گەر بمانەوێ هەر گەشەپێدان و
پەرەپێدانێك لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە قوتابخانە ئەنجام بدەین، ئەوا دەبێ ئەوپەری گرنگی و بایەخی زۆر بە قوتابی و مامۆستا و كارگێری قوتابخانە بدەین، چونكە هەروەكو دەڵێن قوتابخانە ماڵی دووەممانە و لەوێ فێر دەكرێن چۆن پڕ چەك بین بە زانست و زانیاری و چۆن بیر و هزرمان پێبگات، لێرەوە دەبێ وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان بەردەوام پلان و كاری لە پێشینەیان گرنگیدان بێت بە قوتابخانەكان و چاودێری و بەدواداچوونی وردیان هەبێت لە سەر كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە قوتابخانەكان

ھەواڵی زیاتر