شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی جەژنی قیامە

هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى قیامه‌تى حه‌زره‌تى مه‌سیح (سڵاوى خواى لێبێت)‌ به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ له‌ ته‌واوى خوشك و برایانى مه‌سیحى له‌ كوردستان، عیراق و جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیوادارم جه‌ژن له‌گه‌ڵ خۆیدا خۆشى و ئاسووده‌یى بهێنێت، سه‌قامگیرى و ئاشتى باڵ به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا بكێشێت و هه‌مووان جه‌ژن و پشوویه‌كى ئارام به‌سه‌ر به‌رن.

له‌م بۆنه‌یه‌دا جه‌خت له‌ پاراستنى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى كوردستان و عیراقدا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مێژووى هاوبه‌ش پێكه‌وه‌مان‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌ ئاماده‌یى و ڕۆڵ و پێگه‌ى خوشك و برایانى مه‌سیحیمان ده‌ڕوانین كه‌ وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى دێرین و ڕه‌سه‌نى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان و عیراق به‌ درێژاییى مێژوو به‌شدارییه‌كى كارایان له‌ بنیاتنان و پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنى وڵاتدا هه‌یه.

هیوادارین جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوومان له‌ دۆخێكى باشتردا بگه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌موومان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌، ده‌ست له‌ناو ده‌ست، ته‌با و یه‌كڕیز، به‌ به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌ش، پێكه‌وه‌ له‌پێناو ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتردا بۆ گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان كار بكه‌ین و به‌ هیوا و ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوو بڕوانین.

جه‌ژنى قیامه‌ت‌ له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان