ئەندازیارێکی کورد گەورەترین خەڵاتی زانکۆی کالیفۆرنیای پێبەخشرا

ئەندازیارێکی زانکۆی سلێمانی لە زانکۆی کالیفۆرنیای ئەمریکا گەورەترین خەڵاتی زانکۆکەی پێبەخشرا کە ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان پێشکەشی داهێنەرەکانی دەکات.

دکتۆر سامان عەلی مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی سلێمانی كە ئێستا لە زانكۆی كالیفۆرنیا پۆست دكتۆرا دەخوێنێت لە لۆس ئەنجلس، بەهۆی كاریگەری توێژینەوەكانی و داهێنانەکانی لە بواری زانستی ئەندازیاری لە پەیمانگای كۆنكرێتی ئەمریكا، خەڵاتی لێهاتوویی پیشەیی ئەندامی گەنجی پەیمانگاكەی پێبەخشرا.

خەڵاتی لێهاتوویی پیشەیی
خەڵاتی لێهاتوویی پیشەیی

“American Concrete Institute” پەیمانگاکە کە بەشێکە زانکۆکە، لە ساڵی 1904 دامەزراوە. بەناوبانگترین پەیمانگایە لە بواری ئەندازیاری باڵەخانە و كۆنكرێتدا، ئەو خەڵاتەش لە ساڵی 1997ـەوە ساڵانە دەدرێت بە چالاكترین و لێهاتووترین ئەندامی گەنجی پەیمانگاكە لە سەرتاسەری جیهان.  

زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە، د. سامان عەلی، ئەندامە لە چەندین لیژنەی تەكنیكی بۆ نوسینەوە و پێداچوونەوەی كۆد و ستانداردەكانی پەیمانگای كۆنكرێتی ئەمریكی، کە كۆد و ستانداردەكانی ئەم رێكخراوە بەكاردێن بۆ دروستكردنی بینا و باڵەخانەكان لە ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە كوردستان و عێراقیشەوە، بە تایبەتی كۆدی ACI 318 كە بە ناوبانگترین و بەربڵاوترین كۆدە كە بەكاردێت بۆ دیزاین و دروستكردنی باڵەخانەی كۆنكرێتی.

ناوبراو گەنجترین ئەندام و تەنها كوردێكیشە لەو لیژنانەدا كە ئەندامی دەنگدەر و چالاكی حەوت لیژنەیە لە پەیمانگاكە.

دکتۆر سامان عەلی عەبدوڵا لە ساڵی 1986 لە گوندی مەمەنداوای سەر بە ناحیەی بنگردی سەر بە قەزای دووكان لەدایكبووە، خوێندنی بەکالۆریۆسی لە بەشی ئەندازیاری بیناکاری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە و خوێندنی ماستەری لە بەشی ئەندازیاری شارستانی لە کالیفۆرنیا تەواوکردووە و خوێندنی دکتۆرای لە بەشی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی کالیفۆرنیای لۆس ئەنجلس لە وڵاتی ئەمریکا تەواوکردووە.

ھەواڵی زیاتر