پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی “كینده‌ر” قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ نووسراوێكدا ئاشكرای كرد، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی خۆراک و سەلامەتیی هاووڵاتیان، بەرهەمەکانی نەستەلەی کیندەر، كه‌ له‌ وڵاتی به‌لجیكاوه‌ درووست ده‌كرێت، قه‌ده‌غه‌ كرا.

له‌ نووسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا هاتووه‌: بەرهەمەکانی نەستەلەی کیندەر لە جۆری Kinder Surprise MAX بە باج نەمبەری L004L03 وە L005L03-AD کە لەوڵاتی بەلجیکا بەرهەم هێنرابوو، ده‌نگۆی پیسبوونی بڵاوبووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیار دراوه‌ هەموو بەرهەمەکانی کیندەر بۆ وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ر بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی نووسراوه‌كه‌، كه‌ سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی واژۆی له‌سه‌ر كردووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە بە باج نەمبەری ئاماژەپێکراو بۆ ناو هەرێمی کوردستان لە خاڵە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان قەدەغە ده‌كرێت، تا ئەو بابەتە لە وڵاتە پەیوەندیدارەکان یەکلا ده‌كرێته‌وه‌.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌، پێویستە کاردانەوەی بەپەلە ئەنجام بدرێت لە رێگه‌ی تیمەکانی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستی بۆ جێبەجیکردنی بڕیاره‌كه‌.

نووسراوه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی به‌رهه‌مكانی كینده‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان
نووسراوه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی به‌رهه‌مكانی كینده‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان