٣٤ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال لە دژی گەلی کورد تێدەپەڕێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سبەی پێنجشەم ١٤ی نیسان سەرووی ٣٤ ساڵ بەسەر تاوانی دژەمرۆیی ئەنفال تێدەپەڕێت کە لەسەر دەستی رژێمی بەعسی رووخاو ئەنجام درا. لە کۆتایی دەیەی هەشتای زایینی رژێمەکە بە بەرنامە دەستی بە کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی گەلی کورد کرد و بە هەشت قۆناغ تاوانەکەی ئەنجام دا، لە ئاکامی ئەو تاوانە دژە مرۆییە سەرووی ١٨٢ هەزار کەس ئەنفال و بە هەزاران گوندیش وێران کران. تاوانێک کە دوای ئەو ماوە درێژە نە بکەرانی بە تەواوی سزا دراون نە قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان کراوەتەوە.

رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨ زۆرترین شاڵاوی ئەنفالی بەڕێوە برد و لەو ساڵەشدا لە ١٤ی نیسان زۆرترین تاوان دەرهەق بە کورد کرا بۆیەش ئەو رۆژە بۆ یادکردنەوەی قوربانییان دەستنیشان کراوە لە کاتێکدا پێشتریش جینۆساید و ئەنفال دەستی پێ کردبوو. هەرچەندە رژێمی بەعس خەڵکێکی زۆری ئەنفال کرد بەڵام نەیتوانی بە تەواوی بە ئامانجەکەی بگات و خۆی تووشی کێشەیەکی گەورە کرد و دەستدرێژی و جەنگ و فراوانخوازییەکەی وای لە سەدام کرد تەمەنی پیلانەکانی درێژە نەکێشێت و تووشی داڕمانی سیاسی و ئابووری ببێت و سێ ساڵ دوای دەستپێکردنی تاوانەکە، لە کوردستان راپەڕین بکرێت و تاج وتەختی بهێنرێتە خوارەوە.
ساڵانە لە بەرواری ١٤ی نیسان یادی ئەنفال دەکرێتەوە و لە هەندێک ساڵیش بۆ ماوەی هەفتەیەک رێورەسمی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵیش بڕیارە رێز لە قوربانیانی ئەنفال بگیرێت و کۆمەڵێک رێورەسمی جۆراوجۆر بەڕێوەبچن.
پیلانەکەی رژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردوو بە وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کۆمەڵێک کۆمەڵگەی زۆرەملی دەستی پێکرد کە دواتر زۆر دڕندانە خەڵکی هەرێمی کوردستانی بۆ بیابانەکانی باشوور و رۆژئاوای عێراق راگواست و زیندەبەگۆڕی کردن. دەگوترێ بەهۆی ئەو سیاسەتەوە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ئەنفال کراون جگە لە وێرانکردنی هەزاران گوند.
یەکێک لەو کەسانەی کە رۆڵێکی سەرەکی بینی و سەرکردایەتی پرۆسەی ئەنفالی کرد عەلی حەسەن مەجید بوو کە دوای هێرشی کیمیایی بۆسەر هەڵەبجە کە بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس شەهید بوون، بە عەلی کیمیایی ناسرا.
لە کوردستان کەم ناوچە هەیە بەرەو شاڵاوی ئەنفال نەکەوتبێت. شاڵاوی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی لە 23ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و تاکوو 19ی ئاداری هەمان ساڵی خایاند. ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵوو و بەرگەڵووی دۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی 80 کم لە بنگردەوە بۆ لای رۆژهەڵاتی دەریاچەی دووکان و شارۆچکەی دووکان، لەوێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەکانی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی ٣٠ گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتی هێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە .
ئەم هێرشە بەربڵاوە سنووری شارۆچکەکانی سوورداش، دووکان، سەرچنار، قەڵاچۆلان و چوارتای گرتەوە کە بە سەرپەرشتی سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری ئەو کاتی عێراق بوو.
لە 22ی ئادار تاکوو یەکی نیسانی 1988 قۆناغێکی تری ئەنفال ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە دەربندی باسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تر. سەرەتای هێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی لە ناوچەکە بوو کە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوو و ژمارەیەکی زۆر گیران کە دواتر شوێنبزر کران و ژمارەیەکی زۆریش بوونە قوربانی.
لە 7 تا 20ی نیسانی 1988 گەورەترین شاڵاوی ئەنفالی ئەنجام درا کە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە. زیاتر لە پێنج هەزار گوند وێران کران.
لە ١٤ی نیسانی 1988 دا چوار شارۆچکە لە یەک کاتدا خاپوور کران، نزیکەی ٢٠ هەزار ژن ومنداڵ و پیاو بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو رەوانە کران، بۆیە ئەم رۆژە لە هەموو ساڵێک کراوەتە رۆژی یادکردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان.
لە هەشتی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ هێڵی سنوری هەر دوو پارێزگای کەرکوک و هەولێر رووبەڕووی شاڵاوێکی تری ئەنفال بوویەوە. شارۆچکەکانی رێدار، ئاغجەلەر، تەقتەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە ئەنفال کران.
سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە رۆژی سێی ئایاری 1988 دەستی پێ کرد بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکەکەی باراند کە قوربانیانی ئەم گوندە نزیکەی 300 کەس دەخەمڵێنرێن، هاوکات گوندی عەسکەری کیمیاباران کرد . بۆ رێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتووانی گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر و حەیدەر بەگ، رژێم ئاوی بەنداوی دووکانی بەردایەوە تاوەکو خەڵکی نەتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوە و رزگار ببن.
لێژنە پێوەندیدارەکانی پەرلەمانی عێراق لە رابردووداچەندین جار بەڵێنیان داوە کاری جیدی لەسەر قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە دەکەن. حکوومەتی عێراق و دام و دەزگاکانی تریش بەڵێنی هاوشێوەیان داوە بەڵام هیچ کام لەو بەڵێنانە بەدی نەهاتوون. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کەسوکاری ئەنفال ئەوە بووە ئەو کەسانە سزا بدرێن دەستیان لە ئەنفالدا هەبووە و بە ئەرکی حکوومەتی عێراقی دەزانن قەرەبووی ئەو تاوانە گەورەیە بکاتەوە و دۆسیەکەش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بجووڵێنێت.
حکوومەتی عێراق کە میراتگری رژێمەکەی پێشووە دەبێت بەرپرسیارێتی قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال بگرێتە ئەستۆ و پەرە بە دۆسیەی ئەنفالیش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بدات، بەڵام خەمی لێ نەخواردووە و تەنانەت کارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفال نەکردووە کە لە بیابانەکانی باشوور ژێر خاک نراون.
تاوەکو ئێستا دوو هەزار و ٥٠٠ رووفاتی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان گەڕێنراوەتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی هەندێك هۆکاری سیاسی و ئەمنی و ئیداری نەتوانراوە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی شوێنی تر بکرێت کە گومانی ئەوەی لێ دەکرێت قوربانیانی ئەنفالی تێدا شاردرابێتەوە.

ھەواڵی زیاتر