کەمپی هۆل دۆزەخی منداڵە داعشییەکان

ئۆردوگای هۆل کە کەوتووەتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە و لە نزیک سنووری عێراق هەڵکەوتووە، تەنیا شوێنگەیەک نییە بۆ هێشتنەوەی پەنابەران، بەڵکو بەشێک لە تیرۆریستە داعشەکان و بنەماڵەکانیشیان لەم ئۆردوگایە دەژین، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی کەمچەکە هیچ کادرێکی بەڕێوەبردنی بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی تێدا نییە.

کوشتن و تیرۆر لە زیادبووندایە:
بە پێی سەرژمێری بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هول، دانیشتووانی ئێستای کەمپەکە ٦٢ هەزار و ٢٨٧ کەسە کە ١٧ هەزار و ١٧٧ بنەماڵەشی لەخۆ گرتووە. ٣٠ هەزار و ٧٠٦ کەسیان لە چوارچێوەی ٨ هەزار و ٢٨٤ بنەماڵە، عێراقین. پەنابەر و ئاوارە سورییەکانیش ٢٢ هەزار و ٦١٦ کەسن لە چوارچێوەی ٦ هەزار و ٢٦٨ بنەماڵە. داعشییە بیانییەکانیش ٨ هەزار و ٩٦٥ ژن و منداڵن لە چوارچێوەی ٢ هەزار و ٦٢٥ بنەماڵە.
ینس لایرکە، وتەبێژی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مافی مرۆڤ باسی لەوە کردووە کە “ئاستی نائەمنی لە کەمپی هۆل زیادی کردووە و ئەمەش وای کردووە کە هاوکاری و یارمەتیدانی پەنابەران زەحمەت بێت” و بوونی هەواڵی کوشتنەکانیش لە نێو کەمپەکە هێندە زۆر بووە کە وەک دیاردەی لێ هاتووە، سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە کوشتنەکان زۆربەیان بە دەمانچەی کۆڵتی بێدەنگ ئەنجام دراون.
دیدەبانی مافی مرۆڤی سوریە، ساڵی ڕابردوو باسی لەوە کردووە کە ٣٣ ئۆپەراسیۆن و کردەی تیرۆریستی لە نێو کەمپی هۆل ئەنجام دراون و لەو چوارچێوەیەشدا ٢١ پەنابەری عێراقی کە زۆرینەیان هاوکاری هێزەکانی ئاسایشیان دەکرد، لەگەڵ ٦ ژن (ژنێکی ڕووسی، دووی عێراقی، سێی سوری) و ٦ پیاوی سوری و پاسەوانێک تیرۆر کراون.

منداڵەکانی کەمپەکە لە مەترسیدان:
ڕێکخراوی “Save the Children” هۆشداری دابوو کە منداڵانی ئەندامانی داعش، لەو کەمپە دۆخێکی زۆر مەترسیداریان هەیە و ژینگەگەی نە لەبارە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان و نە ئەمنیشە لە بواری پاراستنی گیانییەوە و سەرباری هەموو ئەمانەیش ئەم منداڵانە بە شێوەیەکی توندئاژۆیانە گەورە دەبن و ماوەیەکی دیکە چیتر ناتوانرێت مندڵان لە بازنەی توندوتیژی و نائەمنی و توندئاژۆیی دەربهێنرێن.
لە ٦٢ هەزار و ٢٨٧ کەسەکەی نێو کەمپی هول، ٣٦ هەزار کەسیان واتە سەرووی ٥٠%ی لە بن تەمەنی ١٨ ساڵییەوەیە. ژن و منداڵەکانی ئەم کەمپە زۆرینەیان خەڵکی وڵاتانی دیکە و ئەوروپین، بەڵام ئەو وڵاتانە تا ئێستا هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانەیان نەداوە.
لە ئاوارە سورییەکانیش کە ٢٢ هەزار و ٦١٦ کەسن، نزیکەی ١٢ هەزاریان منداڵن. دوو لەسەر سێی منداڵانی بیانی نێو کەمپەکە لە خوارەوەی ١٢ ساڵن. زیاتر لە ٥٠٠ منداڵی بیانی هەتیو کەوتوونە و یا بێ سەرپەرشتن. هەر لە نێو بیانییەکانی نێو کەمپەکە، زیاتر لە ١٠٠٠ ژن و منداڵیان ئەوروپین وەک وڵاتانی فەڕەنسا و بەلجیک و ئەڵمان و هۆڵەند و سوید و بەریتانیا، کە لەو ژمارەیش ٦٤٠یان منداڵن.
لە لایەکی دیکەوە ژنانی نێو کەمپەکە منداڵان بەکار دەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر گرووپەکانی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان. عەمار ساڵح چالاکی مەدەنی گوتوویەتی:” بینراوە کە ژنانی داعشی منداڵان ئاراستە دەکەن تا ئاژاوە بنێنەوە و پەیام و نامەیان پێدا دەنرێن و فێری توندوتیژییان دەکەن بەرامبەر کەسانێک کە دەچنە نێو کەمپەکە و وایان لێ دەکەن کە بەردبارانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی بکەن.

مێرمنداڵان بە زۆر ژنیان لێ مارە دەکرێت:
لەو کەمپەیدا سەرەڕای ئەوەی ژنە داعشییەکان نزیکەی دوو ساڵە لەوێ هێڵدراونەتەوەو دوورن و لە مێردەکانیان، کەچی زۆریان منداڵی بچووک و یەکساڵەیان هەیە و یا دووگیانن، چەندین ڕۆژنامەنووس کە لەم بارەوە پرسیاریان کردوو، ژنەکان وەڵامیان داونەتەوە کە “ئەمە دیاری خوایە و ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتی خۆمان دروست بکەین”، لە لایەکی ترەوە ئاشکرا بووە کە ژنەکانی نێو کەمپەکە بە شێوەی تایبەتی خۆیان و گوایا لەسەر شەرع بە زۆری هاوسەرگیری لەگەڵ مێرمنداڵە ١٤ و ١٥ و ١٦ ساڵەکانی نێو کەمپەکە دەکەن بۆ ئەوەی منداڵ بخەنە وە و ژمارەیان زۆر بکەن.
شایەنی باسە کەمپی هول، ٤٥ کیلۆمەتر لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دوورە و لە ٩ بەش پێک هاتووە کە لە ٨ بەشی کەمپەکە پەنابەر و کۆچبەرانی عیراقی و سوری تێدان، بەشێکی کەمپەکەش تایبەت کراوە بە خێزانانی چەکدارانی داعش، لەو بەشەش ٢٦٢٥ خێزانی داعشی هەن کە ژمارەیان ٨٩٦٥ کەسن.

ھەواڵی زیاتر