گورچیلە و ڕۆژوو

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

د. هیوا عەبدولڕەحمان: تێبینی کراوە کە لە مانگی ڕەمەزاندا ڕێژەی فڕێدان و دابەزینی بەردی گورچیلە زیاترە لە کاتەکانی تر، بۆیە ئەوانەی بەردی گورچیلەیان هەیە و یانیش تووشی فڕێدانی بەردەكە دەبن پێویستیان بە ڕاوێژكردن هەیە.

نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ لە نەخۆشییە باوەکانن و پەیوەندیەکی تۆکمەیان هەیە بە جۆر و بڕی خواردن و خواردنەوەی ڕۆژانە، بۆیە نەخۆشانی گورچیلە پێویستیان بە ڕێنمایی و ڕاوێژی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەتوانن بەڕۆژوو بن یان نا، د. هیوا عەبدولڕەحمان چۆمانی دکتۆرا لە نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ ومیزڵدان و پرۆستات، لە بارەی نەخۆشیانی گورچیلەوە زانیاریمان پێ دەدات و باس لە نەخۆشانی گورچیلەمان بۆدەكات ئەگەر بەڕۆژووبوون، چۆن بەڕۆژوو ببن؟

د. هیوا عەبدولڕەحمان ڕوونی دەكاتەوە ئەگەرچی سەلماوە کە سوودە تەندروستیەکانی بەڕۆژوو بون بێشومارن بۆ هەموو ئەندامانی جەستە، هەروەها گورچیلەش بێبەش نییە لەو سوودانە، بەڵام بەو مەرجانەی خوارەوە:
1-هەرنەخۆشە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە نابێ نەخۆشێک خۆی بە نەخۆشێکی تر بەراوورد بکات و چاولێکەری بکات لە بەڕۆژوو بون یان نەبوونی مانگی ڕەمەزان، باشتریش وایە ڕاوێژ بە پسپۆری نەخۆشیەکانی گورچیلە و میزەڕۆ بکات.
2-بەردەوام بوون و ڕێکخستنەوەی کاتەکانی وەرگرتنی دەرمان بەڕاوێژ لەگەڵ پسپۆران، بەتایبەت دەرمانی شەکرە و بەرزەفشاری خوێن چونکە ئەم دوو نەخۆشیە مەترسیدارن بۆ گورچیلەکانمان.
3- پەیڕەوکردنی ئەو ڕێنماییانەی کە ئەتپارێزن لە ووشک بونەوەی جەستە بە تایبەت لۆ نەخۆشانی بەرد و ڕەمڵی گورچیلە وەک؛ خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاوو و شلەمەنی و دابەشکردنی بەسەر کاتژمێرەکانی شەودا”دوو بۆ دوو لیتر ونیو” و وەرگرتنی بڕێکی گونجاو لە سەوزە و زەڵاتە، دوورکەوتنەوە لە خواردنی سوێر و شیرین و خواردنەوە گازیەکان و ئەو خواردنەوانەی کە ڕێژەی بەرزی کافاینیان تێدایە وەک: چاو و قاوە و نیسکافێ و خواردنەوە ووزە بەخشەکان، شەربەتە دەسکردەکان و ئەو دۆ و ماستاوانەی کە ڕێژەی بەرز لە خوێیان تێدایە.
4- نەخۆشانی بەردی گورچیلە دەتوانن بەڕۆژوو ببن، بەڵام ڕەنگە هەندێکیان لە کاتی بەڕۆژووبوونیاندا تووشی ئازاری توندی گورچیلەکانیان ببنەوە بەهۆی هەوکردن یان دابەزینی بەرد لە گورچیلەیان “تێبینی کراوە کە لەمانگی ڕەمەزاندا ڕێژەی فڕێدان و دابەزینی بەردی گورچیلە زیاترە لە کاتەکانی تر!”؛ لەوکاتانەدا باشترە ڕۆژوەکانیان بشکێنن و دوای ڕاوێژکردن بە پسپۆری نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ، دەست بکەن بە وەرگرتنی چارەسەر، دوای چارەسەرکردنیان دەتوانن ڕۆژوەکانی تریان بەردەوام بن.
5- دوورکەوتنەوە لە زیادەڕەوی کردن لە خواردنی گۆشت و پرۆتینات، ماست و شیرەمەنیەکان و زیادکردنی سەوزە و مزرە میوەکان وەک؛ سندی و لیمۆ و بەکارهێنانی سرکەی سێوی سروشتی لەگەڵ ئاو یان لەبری خوێ لەگەڵ زەڵاتە.
6- هەوڵ بدە چەند بۆت بکرێ دووربە لە خۆدانە بەر تیشکی خۆر و ماندوبوون و ئارەقەکردنەوەی زۆر لەڕۆژانی مانگی ڕەمەزان، ئەگەرنا هەوڵ بدە زوو زوو خۆت فێنک بکەوە بە ئاو و بەکارهێنانی کڵاو یان چەتر، تا دووربی لە ووشکبونەوە و لەدەستدانی شلەکانی جەستەت.
7- ئەو نەخۆشانەی سستیەکی کەمی گورچیلەیان هەیە دەتوانن بەڕۆژوو ببن، دوای ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆرانی خۆیان، ئەوانەش کە پەککەوتنی گورچیلەیان هەیە و شوشتنی گورچیلەیان لۆ ئەکرێ دووجۆرن: ئەوانەی باری تەندروستیان جێگیرە و دەتوانرێ کە دەرمانەکانیان ڕێکبخرێ بەسەر بەربانگ و پارشێودا ئەوە زۆربەیان ئەتوانن بەڕۆژوو ببن جگە لەڕۆژانی ئەنجامدانی شوشتنی گورچیلە، بەڵام ئەوانەی باری تەندروستیان ناجێگیرە ئەوە نابێ بەهیچ شێوەیەک بەڕۆژوو ببن.
8- نەخۆشانی چاندنی گورچیلە، تاکو ساڵێک بەسەر چاندنی گورچیلەکانیان تێئەپەڕێ باشتر وایە بەڕۆژوو نەبن، دوای ئەوساڵە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ لەلایەن پسپۆرانی خۆیان، بەشێکی زۆریان دەتوانن بەڕۆژوو بن.

ھەواڵی زیاتر