حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیكەی سێ ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی خەرجکردووە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: “بە مەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری شارەوانیی سلێمانی و دەوروبەری، تەنیا لە ساڵی 2022دا، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، نزیكەی سێ ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی شاری سلێمانی خەرجكراوە”.
روونکراوەتەوە: “ئەم گوژمەیە لەسەر داهاتی شارەوانی و داهاتی ئاوە، بەپێی چەند نووسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاریی هەمەجۆری وەك دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام، پەرەپێدانی دابینكردنی ئاو و ڕاكێشانی بۆری ئاوی خاوێن، دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ و دابینكردنی پێداویستی بۆ كەلوپەلی پڕۆژەكان و كۆنفرانسی گەشتوگوزار، كۆنكرێتكردنی كۆڵان، دروستكردنی شەقام، كڕینی نەمام، كڕینی پێداویستی پارك و باخچەكان و چەند بوارێكی دیكەی خزمەتگوزاری بەپێی یاسا و رێنماییە داراییەكان خەرج كراوە”.