مەلا بەختیار: ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، لێکەوتەی هەوڵی گروپێکی گەنج ‌و هەلپەرستی سەرکردایەتیی یەکێتییە

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی، لەماوەی مانگێکدا، ناڕازی بوونی خۆی لە سیاسەتی سەرکردایەتیی حزبەکەی خۆی دەخاتەڕوو، لە نوێترین هەڵویستیدا، کە لە میانی چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا خستوویەتی ڕوو، دەڵێت؛ ناکۆکیی ئێستای نێوان یەکێتی‌و پارتی تەنها بەهۆی پۆستی سەرۆک کۆماره‌وه‌ نییە، بەڵکو ئەم ناکۆکییە لێکەوتەی کەڵەکەبووی کێشەکانی نێوان هەردولایە کە بەبێ چارەکردن ماونەتەوە”.

دەشڵێت؛ لێکەوتەی هەوڵی گروپێکی گەنج‌و هەلپەرستی سەرکردایەتیی یەکێتییە کە باوەڕی بەدژایەتیکردنی پارتی هەبوو وەکو ڕێگەیەک بۆ بەهێزکردنی یەکێتی، ئێستاش ڕای ئەنجوومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەنێو یەکێتیدا کاریگەر نییە، چونکە کۆسرەت ڕەسوڵ نەخۆشەو برادەران لەمەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیانوایە توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵبکەن‌و پێویست ناکات دەرفەت بەکەسانی دیکە بدەن، ئەمەش بێگومان هەڵەیەکی کوشندەیە”.

بەرپرسیارێتیی دۆخی سلێمانی لەئەستۆی ئیدارەی سلێمانی ‌و یەکێتییە
مەلا بەختیار، هەر لەبارەی پەیوەدنییەکانی پارتی و یەکێتیەوە، دەڵێت؛ سەرباری ئەوەی مام جەلال تێبینی لەسەر سیاسەتی پارتی هەبوو، بەڵام لەهەموو دیدارو کۆبوونەوەیەکدا جەختی لەسەر ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی‌و پارتی دەکردەوەو دەیوت، پەیوەندیی نێوان یەکێتی‌و پارتی چارەنووسسازو ستراتیژییە”.
سەبارەت بە گرنگی پەیوەندی نێوان ئەو دوو لایەنەش، ڕایگەیاندووە؛ ئەگەر ئەم پەیوەندییە نەمێنێ ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەناودەچێت، هەروەها ڕێکنەکەوتنی یەکێتی‌ و پارتی ‌و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش، ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەست دەرچوونی دۆخی هەرێم، چونکە خەڵکی لەسلێمانی‌ و هەموو هەرێمی کوردستان برسین، بەڵام بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە لەسلێمانی لەئەستۆی ئیدارەی سلێمانی ‌و یەکێتییە”.

خەڵک قبوڵ ناکات سلێمانی بکرێتە گوندێکی فرە کوێخا
ڕەوشی نالەباری خزمەتگوزاری و ئیداری پاریزگای سلێمانی، بە حاڵێک گەیشتووە، دانیشتووانی هیچ پاریزگایەکی عێراق حەسوودی پێ نابات، لە کاتێکدا، ئەو شارە لە مێژوودا بە جوانی سروشت و جوانییەکەی ناسراوە.
ڕۆژنامەنووس، کەمال ڕەئوف، لە وتارێکدا بە ناونیشانی ” بۆ سزای سلێمانی دەدەن!” دەڵێت؛ ماوەیەكە هەرچی هەواڵی ناخۆش و سەرسورهێنەرە، لەشارەحەیاتەكە مانشێتی هەواڵەكانە، شارێك كە تاباس بكرێت خزمەتی شۆرش و سەركردەكانی كردوە، شارێك كە پر لەداهێنانە و بەردەوام چقڵی چاوی نەیارانی كورد بووە و بە شاری خرۆشان و رامنەكراو ناسراوە، ئێستا گیری بەدەست رۆڵەكانی خۆیەوە خواردوە و خەریك داروبەردی بەسەر یەكەوەنامێنێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە، دەنووسێت؛ یەكێتی و گۆران كە وادیارە ئەوان خاوەندارێتی لەم شارە دەكەن، دەبێت بەرپرسیارێتی ئیدارە و دۆخی ئێستای شارەكە بەچاك و خراپەوە لەئەستۆ بگرن و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیشیان لەسەر شانە كە وەڵامی پرسیاری ئەم دۆخە نەخوازراوە بدەنەوە. ئەوەش دەخاتەڕوو؛ خۆ خەڵكی ئەم شارە داوەی ئەوەتان لێناكەن سلێمانی بكەن بەپاریس، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێگەی ئەوەش بەكەس نادەن بیكەن بەگوندێكی فرە كوێخا و كەمپی بەنابەران و ئۆردوگای زۆرەملێ.

ھەواڵی زیاتر