لایەنە شکستخواردووەکانی هەڵبژاردنی عێراق، نایانەوێت بچنەوە بەردەم دادگای هەڵسەنگاندنی خەڵکی کوردستان

ئەگەرچی هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسای هەڵبژاردنە و بە پێی ڕێککەوتنێکی نێوان لایەنەکان باس کردن لە هەموار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەبێ سازان و ڕێککەوتن نابێت ببرێتە پەرلەمانەوە و قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی بە وروژاندنی ئەو بابەتە کە کاتێکی یەکججار دوورودرێژی دەوێت، دەیانەوێت ڕێگە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بگرن.

بە بڕوای چاودێرێکی سیاسی، کە بۆ هەولێر قسەی کردووە، هەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی عێراق، ئەوەی سەلماند کە خەڵکی کوردستان دەیەوێت سزای هەندێک لایەن بدات و کردیشیان. دەشڵێت؛ بەداخەوە لە دوای ئەو ئەزموونە، لایەنە شکستخواردووەکان لە جێگای ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوە و لەو هۆکارانە بکۆڵنەوە کە وای بەسەر هێنان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کەچی ئەوەندەی دیکە بە هەڵەدا چوون و وایان لێکدایەوە ئەگەر ببنە لەمپەر لەبەردەم حکوومەت و کارەکانی بەو کارە هاووڵاتیان جارێکی دیکە ڕوویان تێدەکاتەوە. بەڵام ئێستا بۆیان ڕوونترە کە ڕێگاکەیان هەڵە بووە و نایانەوێت بچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن و تاقیکردنەوەی خەڵکی کوردستان.
ئەوەی سەبارەت بە یەکێتی یە، کە هاوبەشێکی یەکسانی حوکمڕانیە، لەبەر ئەوەی ئیستا دەیەوێت بە خۆ سەپاندن و ئیرادە فەرزکردن بەسەر پارتیدا، پۆستی سەرکۆماری عێراق وەربگرێت و ئامادەی هیچ ڕێککەوتنێک نابێت لەو بارەیەوە، دەیەوێت هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەشی بخاتە نێو ئەو گەمەیەوە و لە ڕێگای سزادانی خەڵکی دەڤەری سلێمانی و تا ڕادەیەک خەڵکی پارێزگاکانی دیکەش، پارتی ناچار بکات گوێ بە خواست و ویستەکانی بدات. لە کاتێکدا پرۆسەی هەڵبژاردن مەحەکی یەکلایی کردنەوەی پۆستەکانە نەک ئەو ڕیگایەی یەکێتی پەنای بۆ بردووە. ئیستا دۆخی پارێزگای سلێمانی بەشیوەیەکە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا شێوەی نەبووە لە خراپی گوزەران و دۆخی ژیانی خەڵکەکەی. دەستگرتن بەسەر تەواوی داهاتەکەی و لوشکردنی قوت و نانی خەڵکی بۆ ئەوەی جۆرێک لە جۆرەکان خەڵکی سلێمانی وا لێک بدەنەوە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سزا دراون، وایکردووە جۆرێک لە ئیحراجی بۆ یەکێتی دروست بێت و نەیەوێت لە ئێستادا خۆی لە قەرەی گەمەی هەڵبژاردن بدات کە بە بڕوای چاودێران و تەنانەت ئەو ئاماژە و ڕاپرسیانەی بە ئەندازەی خۆیان کراون لە سلێمانی یەکێتی نابێتەوە هێزی یەکەم لە هەڵبژاردن.
سەبارەت بە هەڵویستی لایەنەکانی دیکە، ئەگەرچی لەماوەی ڕابردوودا، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێم هەوڵێکی مەیدانی دەسیپێکرد و سەردانی گۆڕان و یەکگرتوو و سۆسیالیست و چەند لایەنێکی دیکەی کرد و ڕایانگەیاندبوو کە لەگەڵ بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنن لە کاتی خۆیدا، بەڵام ئەمە تەنیا بە زارەکی ناکرێت و لە ئەرزی واقیعدا پیویستی بە پاڵپشتی هەیە. بەڵام ئەو لایەنانە تا ئێستا ناتوانن ئەو ڕاستیە بدرکێنن کە یەکێتی دژی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنە، بەهۆی ئەو ترسەوە لە ڕاستگۆیی خۆیان کەوتوونەتە ژێر گومانەوە و تەنانەت هەندێکجار پارتی تۆمەتبار دەکەن بەوەی نایەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕیوەبچێت، کە ئەوە بەلای هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوونە، کە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕێکارەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستپێکردووە و چاوەڕوانی ئەوەن کۆدەنگییەکی لایەناکانی دیکەی لەسەر بێت و ناچار نەبن پشت بە هێزی زۆرینەی پەرلەمانی ببەستن. بۆیە دەکرێت بگوترێت، ئەو لایەنانە بە تایبەت لە دەڤەری سلێمانی، بەهۆی بێدەنگیان لە دۆخی خەڵکی پارێزگاکە و بێ هەڵویستیان لە بەرامبەر یەکێتی، بێگومان چاوەڕیی ئەوە دەکەن سزای خەڵکی هەرێمی کوردستان ببینن، هەر بەو هۆیەوە هیچ هەڵوێستیكی ڕوون بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناخەنە ڕوو.
هەرچی پێویستە بگوترێت سەرجەم پێکهاتەکان، ئەوەیان ڕاگەیاندووە، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنن لە وادەی خۆیدا و پێیان وایە، ئەگەر هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەکرێت، دەبێتە دیاردە و ڕوویەکی نا دیموکراسی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پێش چاوی جیهان.

ھەواڵی زیاتر