وەزارەتی کارەبا: پێدانی کارەبا بەکەرتی تایبەت لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانە

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێدانی کارەبا بەکەرتی تایبەت ھەنگاوی زۆر باشی بڕیووە و بڕیارە بە زووترین کات یەکلایی بکرێتەوە، چونکە چەندین کۆمپانیای بیانی و ناوخۆی داواکاریان پێشکەشکردووە، ئەنجامدانی ئەو کارەش لە قازانجی ھاووڵاتیان دایە و پاڵپشتی کەرتی تایبەتە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “پێدانی کارەبا بەکەرتی تایبەت ھەنگاوی زۆر باشی بڕیووە و لە قۆناغی کۆتایی دایە و ئێستا گەیشتۆتە ئەنجوومەنی وەزیران و گفتووگۆی لەسەر دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی باڵای بۆ دروستکراوە و تاوتوێی بابەتەکە دەکەن و بڕیارە بە زووترین کات یەکلایی بکرێتەوە”.
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: “ئێمە جارێ لایەنی کارگێریەکەی تاوتوێ دەکەین و ئەوانەی پڕوپۆزەڵیان پێشکەشکردووە کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانیشی تێدایە، بۆیە پێدانی کارەبا بەکەرتی تایبەت زۆر باشە و لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان دایە و زیانی بۆ ھاووڵاتی نیە و بەھیچ شێوەیەک کاتژمێرەکانی کارەبا کەم ناکرێتەوە و بگرە باشتر دەبێت و نرخەکەشی ھیچ گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، جگە لەوەش کۆنترۆڵی کارەبا دەکرێت و سیانەی بەردەوامی دەبێت و ئەوەی پێویستە بۆ باشترکردنی کارەبا ئەنجام دەدرێت، بۆیە کاردانەوەی باشی دەبێت، چونکە کەرتی تایبەت دەبێتە پاڵپشت بۆ کەرتی حکوومی”.

ھەواڵی زیاتر