مەریوان سەفائەدین و ماڵئاوایی لە هونەر

گۆرانیبێژ مەریوان سەفائەدین بە یەکجاری واز لە کاری هونەری دەهێنێت و چیتر بەرهەمی نوێی نابێت بۆ کوێگرەکانی.

مەریوان سەفائەدین لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک ئاشکرایکردووە، لەمه‌ودوا بە یەکجاری واز لە کاری هونەری دەهێنێت و داوای لێبوردن لە هەوادارەکانی دەکات کە چیتر بەرهەمی نوێی نابێت.مەریوان سەفائەدین لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری ھەڵەبجە لەدایک بووە، تا ساڵی ١٩٨٨ و کاتی کیمیابارانەکەی ھەڵەبجە لەوێ ژیاوە، لە ساڵی ١٩٩٦ کوردستانی بەجێ ھێشتووە و لە وڵاتی سوید دەژیێت؛ لە ساڵی ١٩٩٣وە لە رێگەی هونەرمەند بەھجەت یەحیا دەستی بە کاری ھونەری کردووە.یەکێک بووە لە ئەندامانی تیپی موزیكی فۆلکلۆری کورد کە چەندین کۆنسێرتی کردووە لەگەڵ تیپەکە لە شاری ھەولێر و سلێمانیدا؛ تەنیا دوو ئەلبوومی بڵاو کردۆتەوە؛ (دییە ٢٠٠٢) و (جێژوان ٢٠٠٦). چەندین گۆرانیشی بە شێوەی تاک بڵاو کردۆەتەوە.
مەریوان سەفائەدین بڕیار دەدات واز لەکاری هونەری بهێنێت و بۆ ئەوەش دەڵێت: “گوێگرانی هونەرەکەم! دوای ماوەیەکی زۆر بیرکردنەوە دوا جار گەشتمە ئەو بڕیاره‌ی واز لە کاری هونەری بهێنم، زۆر داوای لێبوردن لە هەموو لایەك دەکەم بمبوورن کە جارێکی دیکە گوێتان لە بەرهەمی نوێی من نابێتەوە؛ هیوادارم ئەوەی لە ڕابردومدا کردوومە بووبێتە جێی ڕەزامەندی ئێوەی ئەزیز؛ دووبارە بمبوورن.”

ھەواڵی زیاتر