گۆرانیەکی شایستە بە باڵای سەلاحەدین ئەیوبیدا

بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر هەڵکەوت زاهیر، هەیه‌ بە مامۆستای هونەر لەقەڵەمی دەدەن ودەڵێن: نوێکردنەوە و گۆڕانکاری لە گۆرانیی کوردی کرد، وای کرد کە نەوەی تازە بەپەرۆشەوە هەواداری بەرهەمەکانی بن وببێتە ژمارەیەکی هەژمارکراو لە گۆڕەپانی هونەریدا.

هەیه‌ بە پێچەوانە بە نەرێنی لەسەر بەرهەمەکانی دەپەیڤن، بە تێکدەری هونەری ڕەسەنی کوردی ناوی ده‌هێنن، هێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر بەرهەمەکانی دەکێشن، بێئەوەی شیکار و شرۆڤەی زانستی بۆ بکەن، هەیه‌ میانڕەوتر لە گروپی دووهەم بیر دەکەنەوە، بەرهەمەکانی بە یەک چاو و ئاست تەماشا ناکەن و دەڵێن:- وەک هەر هونەرمەندێک وژەنیارێکی تر وەک چۆن کاری بەرزی هەیە کە لە یادگەی بیسەر ئامادەیی هەیە وچێژ بە گوێگر دەبەخشێ، دەیباتە ئاسمانی سەرمەست بوون نمونە(زۆرێک لە گۆرانیەکانی لیلی فه‌ریقی بەتایبەت ئەو دووقۆڵیەی لەگەڵ عه‌لی حه‌جار ئەو ڕسته‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێت:- کاتێ دووری لێم.
گۆرانی دووحەفتەیەی تارا ڕەسوڵ کە هۆنراوه‌ی حەمەسەعیدە…هتد).
گۆرانی کرج وکاڵیشی هەیە و چه‌ندان نمونه‌ی له‌و جۆره‌ له‌به‌ر ده‌ستدان.
هەیه‌ دەڵێ:- لەگۆڕەپانی هونەر کەسانی لەو بەهرەدارتر هەن بەڵام ئەو زۆر بەلێزانانە پێشبرکێ ویاریەکە ئەنجام دەدات، هەردەم دەتوانێ بە کارەکانی وەڵامی ڕەخنەگرانی بداتەوە، توانی لە هونه‌رمه‌ندێكی ناوچەییه‌وه‌ خۆی بکاتە هونەرمەندێک له‌سه‌ر ئاستی ووڵاتان بناسرێت به‌ تایبه‌ت ووڵاتانی عه‌ره‌بی، کە ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ وه‌ك ناوێکی گەشاوە بمێنێته‌وه‌.
هەیه‌ دەڵێت: ئەو دەرفەتەی بۆ هەڵکەوت زاهیر فەراهەم بووە لە ستۆدیۆ و پشتگیری و، گوتنی ئاوازەکانی لەلایەن خۆشترین دەنگەکانی وه‌ك (ئەیوب عه‌لی، لەیلا فه‌ریقی، مەیادە حەناوی، سه‌میرە سه‌عید، چۆپی فه‌تاح، پەیوەند جاف، دینا، لۆکەی جاران و شانازی ئێستا و هتد).
بۆ ئێمەش هەڵبکەوتایە، لەو ناودارتر دەبوین، بەڵام هەڵکەوت زاهیرهەردەم بەوە وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە (گەیشتن بە لوتکە کە نەگەیشتوومە پێی، ئاسانترە لە مانەوە لێی بە بەردەوامی).
هەیه‌ لەو ڕەخنانە توندتریشی لێ دەگرن کە گوایە ئاوازەکانی لەیەک دەچن و، دەیانکڕێت، بێ ئەوەی دەستنیشانی ئەو کارانە بکەن و کەسەکان بناسێنن کە هه‌ڵكه‌وت زاهیر ئاوازیان لێ دەکڕێت.
بەهەرحاڵ پێمان خۆش بێت یان ناخۆش بێت هەڵکەوت زاهیر ناو و ژمارەیە لە گۆڕەپانەکە بە کارە باشەکان و کرچوکاڵەکانیشیەوە، چونکە گوێگرێکی بەرفراوانی هەیە کە ڕۆژانه‌ لە زیادبوونن، دەزانێ چۆن لە ژێی هەستیار بدات بۆ پەلکێشکردنی هەستی گوێگر بۆ مەملەکەتی پاوانخوازی خۆی کە تاپۆیەکەی بە ناوی خۆیەتی.
دەمەوێ لێرەدا باس لە نوێترین کاری هەڵکەوت زاهیر بکەم كه‌ گۆرانی سەلاحەدین ئەیوبی یە، کە هۆنراوه‌ی کەریم عێراقی و ئاوازی هەڵکەوت زاهیر و گوتنی میرایا، کە تازە بڵاو بۆتەوە.
بە باشی دەزانم تیشکە سەرنجێک بخەمە سەر ئەو بەرهەمە پێویستەی کە دەبوایە لەمێژە ئەو جۆرە کارانە وەک پەیامێک بۆ ناساندنی کولتوور و مێژووی خۆمان، بهاتبوونایە بەرهەم.
هۆنراوه‌: کەریم عێراقی ئەستێرەیەکی درەوشاوەی گۆرانی عێراقیە، وەک هەمیشە داهێنان گەیشتۆتە ترۆپک لە پێدانی گەورەیی کەسایەتی سەلاحەدین ئەیوبی وتیشک خستنە سەر ڕەوشت و ڕەفتارە جوانەکانی بۆ گوێگر، لەهەمووی گرنگتر بە زمانی عێراقی ئەو هۆنراوەی نەنوسیوە، ئەوەش دەبێتە هۆکارو پەیامەک هەموو نیشتمانی عەرەبی گوێبیستی ببن.
ئاواز: ئاوازدانەر بەهۆی ئەو پاشخانه‌ موزیكیه‌ی کە هەیەتی پێشتر کاری بۆ کەسانی تری ناودار کردوە وەک (مەیادە حەناوی، سەمیرە سەعید، عەلی حەجار، زۆرانی تر، لەو ئاوازە هەست و سۆزی خۆی کۆ کردۆتەوە. په‌یژه‌یه‌کی (مه‌قام) گونجاوی هەڵبژاردوە لە وه‌رگێرانی هۆنراوه‌ بۆ ئاواز، میلۆدیەکە، ناچێتە خانەی یەک ڕستە ئاوازی لە سەرەتا هەتا کۆتایی، بە هۆکاری نیزیکی لە میرا، توانیویەتی سنوری دەنگی لە خزمەت ئاوازەکەی خۆی بکاتە جوانکاریەکی ئەفراندن، بەتایبەت لە چینی تیژ کە بێ زۆر لەخۆکردن ویستی ئاوازدانەری بەجێ هێناوە، بۆیە ئەو بەرهەمە سەرکەوتووەی لێ هاتۆتە بەرهەم.
دەنگ: میرا دەنگێکی خۆش و نەرمی هەیە، گوێی گوێگر ڕازی دەکات کە چێژ لەو گۆرانیە وه‌ربگرێت، ئەمەش بۆ نیزیکی لە ئاوزدانەر دەگەڕێتەوە کە متمانەی بە توانستی هەیە، گۆرانیە ئاست بەرزەکانی دەداتێ و دەیکاتە زمانحاڵی خۆی.
دابەشکردن: ئەو بەرهەمە بە ئاشکرا دەست ڕەنگینی و پرۆفیشناڵی دابەشکاری تێدایە، دابەشکار كاری له‌سه‌ر شێوازی كۆنی دابه‌شكردنی گۆرانیە کلاسیکیەکانی ڕابردوو كردوه‌، لە هەمان کات ئاوێتەی کردووە لەگەڵ تەکتیک وتەکنیکی سەردەم، کە نەوەی تازەش گوێبیستی بن و چێژی لێ وه‌ربگرن…

ھەواڵی زیاتر