لە سنووری پاریزگای سلێمانی سیاسەتی سزادان و چەوساندنەوەی هاووڵاتیان پیادە دەکرێت

نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ و دەروازەسنوورییەکان، گرفتی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دروست کردووە. بەهۆی نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ و دەروازەسنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ گەنجینەی حکوومەت نەک مووچەی فەرمانبەران، بەڵکو بەشێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە وەستاون.

پارە لە بانکەکانی سلێمانی نەماوە، کەسیش نازانێت هۆکاری نەمانی پارە لە بانکەکان چییە!؟ ئەوەش وای کردووە کە بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەکە بوەستن، جگە لەوەی تا ئێستا بەشێک لە فەرمانبەران مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتووە، ئەوەش وای کردووە کە حکوومەت نەتوانێت لە کاتی خۆیدا مووچە دابەش بکات.
پارە و داهاتێکی زۆر لە سلێمانی و دەوروبەری هەیە، بەڵام دیارنەمانی پەیوەندیی بە بێخاوەنی و بێسەروبەریی ئیدارەدانی دەستەڵاتدارانی شارەکەوە هەیە، بۆیە دیارنەمانی پارە لە هەموو سێکتەرەکان سلێمانی وێران کردووە. تاکە پرۆژەی ستراتیجیی شارەکە دەبێتە قوربانی دیار نەمانی داهاتی سلێمانی، ئەویش پرۆژەی شەقامی 100 مەترییە، کە رەزامەندیی خەرجکردنی 100 ملیار تەنیا بۆ ئەمساڵ دراوە، کەچی دەستەڵاتدارانی ئەم شارە ئامادە نین، یەک ملیار خەرج بکەن.
هاوولاتیانی سلێمانی،
وێرای رەزامەندیی حکوومەت، بەڵام لەو شارە پارە لە بانکەکان نەماوە کە پرۆژەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی لێ خەرج دەکرێت، بەمەش چەندین پڕۆژە کە بە داهاتی سلێمانی بەڕێوە دەچن، وەستاون. ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارە هەر چەندە داوا دەکات روونکردنەوە بدرێت، بەڵام داواکانیان بێ وەڵامە.
بەپێی یاسای چاکسازی دەبێت هەموو داهات بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت و هەموو داهاتەکەش بە یەکسانی دابەش بکرێت بەسەر هەموو شار و شارۆچکەکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بەڵام بەداخەوە لە سلێمانی و دەوروبەری پارەکە ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت و کەسیش نازانێت چی لێ دێت.
جارێکی دیکەش، لەماوەی ٢ مانگدا، دیسان دیاردەی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاکی کۆڵان و ناو بازاڕی سلێمانی هاووڵاتیانی نیگەران کردووە و لە سۆشیاڵ میدیادا هاووڵاتیانی سلێمانی گلەیی و ناوڕەزایی خۆیان بەرامبەر دۆخی پارێزگاکەیان دەخەنە ڕوو، هاووڵاتیەکی شارەکە دەنووسێت؛ سلێمانی ساڵ دوای ساڵ بەرەو وێرانکردنی ژێرخان و سەرخانی ماددی و ڕۆشنگەری و کلتوریش دەروا، ئەمەش بە سیاسەتی نەزانانە و بەرپرسانی ئیدارەی پارێزگاکەیە و چیتر شایەنی قبوڵکردن نیە دۆخی سلێمانی.
زیاد کاکە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “هۆکاری وەستاندنی پرۆژەکان بۆ نەبوونی پارە لە بانکەکان دەگەڕێتەوە، بۆ پارە نییە کەس نازانێت، بۆیە پێویستە بەو خەڵکە بوترێت پارە و داهاتی ئەو شارە چیی لێ دێت.
زیاد کاکە، دەشڵێ: “چەندین پرۆژەی ستراتیجی لە قۆناغی جێبەجێکردندان، بەتایبەتی پرۆژی 100 مەتری، بەڵام بەداخەوە بە هۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان خەریکە ئەم پرۆژانە دەوەستن بەوەش زیانێکی زۆر بە خەڵکی ئەو شارە و ئیدارە سەربەخۆکان دەکەوێت.

ھەواڵی زیاتر