نەکەی بە گوێرەی ئەنتەرنێت و چات، نەخۆشی چارەسەر بکەی!

بەهۆی بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا و ئەنتەرنێتی بەربڵاو و سۆشیاڵ میدیا، و ئەو هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییە، بەشێك لەخەڵك لە كاتی نەخۆشیدا پەیوەندی بە پزیشكانەوە دەكەن و دەیانەوێ لە پەیچ و ئەکاونتەكەیاندا نەخۆش چارەسەر بكەن.

د. ئامانج موحسین گەردی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری ئێسک و شکان و جومگەکان ئاماژە بەوە دەدات كە بەردەوام نەخۆش و ھاوەڵی نەخۆش پەیوەندیمان پێوە دەکەن بۆ کاری جیاواز، بەشێکیان پرسیار دەکەن و داوای رێنیشاندان دەکەن کە ئەم جۆرەیان زۆر باشە و لە رووی زانستیەوە رێگەپێدراوە، بەڵام بە داخەوە زۆرێک لە نەخۆش و ھاوەڵی نەخۆش داوای دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەیان دەکەن لە رێگەی چاتەوە کە ئەمە گەورەترین ھەڵەیە؛ ھەم نابێت پزیشکەکە دەرمان لە رێگەی چاتەوە بنووسێت و ھەمیش نابێت نەخۆش بەو چارەسەرە رازی بێت کە لە چاتەوە بۆی دادەنرێ؛ ھەروەھا لە رووی زانستیەوە رێگە پێدراو نییە تەنھا بۆ ھەندێک حاڵەتی زۆر زۆر تایبەتمەند نەبێت بۆ نموونە ھەندێک جۆری شکان کە تەنھا بە تیشک دەستنیشان و چارەسەرەکەی دیاری دەکرێت بەڵام بۆ بڕیاری کۆتایی دەبێت پزیشکەکە نەخۆشەکە لە نزیکەوە ببینێت.
د. ئامانج موحسین گەردی لە رووی زانستیەوە دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆش بە وەرگرتنی وتەکانی نەخۆشەوە دەست پێ دەکات و ئینجا پشکنینی لە نۆرینگە (فحص سریری ) دوایی بەپێی جۆری نەخۆشیەکە تیشک و سۆنار و پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش دەکرێت و ئینجا جۆری نەخۆشیەکە دیاری دەکرێت و بەپێی جۆری نەخۆشیەکە و قۆناغەکانی نەخۆشی و تەمەنی نەخۆش دەست بە چارەسەر یان نەشتەرگەری دەکرێت.
بۆیە نەخۆشی بەڕێز ھەرگیز داوا مەکە و رازی مەبە بە چارەسەرکردنت لە رێگەی ئەنتەرنێت و چاتەوە چونکە دڵنیا بە هەقی تەواوی خۆتت وەرنەگرتووە لە چارەسەر و، لەوانەیە ببێتە کێشە بۆ تەندروستیت.
پزیشکی ئازیز! چارەسەرکردنی نەخۆش لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە ناچێتە چوارچێوەی یارمەتیدانی نەخۆشەوە، بەڵکو کەمتەرخەمییە لە چارەسەرکردنی نەخۆش.

ھەواڵی زیاتر