لە زینداندا كچە قوتابییەك بڕوانامەی پەیمانگەی تەكنیكی بەدەست دەهێنێت

پاش تەواو كردنی دوو ساڵی خوێندن لە زیندانی چاكسازی هەولێر، كچە قوتابییەكی سزادراو بڕوانامەی دبلۆمی دوو ساڵە لە بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی تەكنیكی گەشە بەدەست دەهێنێت.

لە زیندانی چاكسازی هەولێر مەراسیمێكی رێزلێنان بۆ بەخشینی بڕوانامەی دبلۆمی تەكنیكی بە كچە قوتابییەك بەڕێوە چوو كە زیاتر لە حەوت ساڵی ژیانی لە زینداندا بەسەر دەبات و پاش خوێندنی قۆناغی ئامادەیی بە شێوەی خێرا، كۆتایی ئەمساڵی خوێندن بڕوانامەی دبلۆمی دووساڵەی تەكنیكی لە بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی تەكنیكی گەشە بەدەست دەهێنێت.
هەر لەو بارەیەوە د. ئەڤین فەتاح حاجی مام ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی گەشە رایگەیاند: “ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ كوردستان و جێگای خۆشحاڵیمانە كە بۆ یەكەمجارە كچە قوتابییەك لە زیندانەوە بتوانێت لە ماوەی سزادانەكەیدا بڕوانامەی دبلۆمی تەكنیكی پەیمانگە بەدەست بهێنێت”. گوتیشی: “ئەم ئۆفەرە لە چوارچێوەی ستراتیجی ئەكادیمی و زانستی پەیمانگەدایە و ئێمە بە پێی پلانێكی ستراتیجی ساڵانە چەندین ئۆفەری جیاواز پێشكەش بە كوڕان و كچانی كوردستان دەكەین”.
قوتابییەكە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو هەر لە زیندانی چاكسازی هەولێر وانەكانی خوێندووە و بەشداری تاقیكردنەوەكانی كردووە، د. موئمین زەڵمی بەڕێوەبەری ئەكادیمی و دڵنیایی جۆری پەیمانگەی تەكنیكی گەشە و یەكێك لە مامۆستاكانی ئەو قوتابییە بە (هەولێر)ی ڕایگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی كە قوتابییەكەمان ئۆفەرێكی خۆڕایی لە لایەن سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی پەیمانگەی تەكنیكی گەشەوە بۆ دابین كرابوو، ئێمەش بە خۆبەخشی هەفتانە سەردانی چاكسازی هەولێرمان دەكرد و لە قوتابخانەی زیندانەكەدا وانەكانمان پێ دەگوتەوە و پابەند بە رێنماییەكانەوە لیژنەی تاقیكردنەوەكانی پەیمانگە تاقیكردنەوەكانی بەڕێوە بردووە”.
گوتیشی: “قوتابییەكەمان ئاستێكی باشی هەبووە و توانیویەتی لە ریزبەندی یەكەمەكانی بەشەكەیدا ساڵی یەكەمی خوێندنی تەواو بكات و ئێستاش لە قۆناغی دووەمدا بە ئاستێكی باشەوە چاوەڕوانی سەركەوتنەكانیەتی.”
وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو قوتابییە پاش تەواوكردنی ماوەی سزادانەكەی ئازاد بكرێت و بگەڕێتەوە ناو خێزان و كەسوكاری و وەرزی كۆتایی خوێندنەكەی لە ناو هۆڵەكانی وانەوتنەوە لە پەیمانگەكە بەسەر ببات.

ھەواڵی زیاتر