هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگرت 

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە بۆ ماوەیەکی کاتی و تاوەکو ئاساییبوونەوەی ماوەی بینین گەشتەکانیان رادەگرن. 

 بەپێی راگەیێنراوێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کە رۆژی 7-4-2022 بڵاویکردووەتەوە، گه‌شته‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ ماوه‌یەکی کاتی راده‌گیرێت. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە “به‌هۆی ئه‌و شەپۆلی خۆڵبارینەی ناوچەکانی هه‌رێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی گرتووه‌ته‌وه کە بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ماوەی بینین، ئێستا بۆ ماوەیەکی کاتی و تاوەکو ئاساییبوونەوەی ماوەی بینین گه‌شته‌کانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگیراوە، ئەمەش کاریگەری ئه‌و شەپۆلی خۆڵبارینەیە کە بووەتە ھۆی داخستنی فڕۆکەخانە.” 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-4-2022 شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و ئاستی بینین کەمبووەوە. هەر بەهۆی خۆڵبارینەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت. ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو کە”ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی خۆڵبارینەوە گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر (چوون و هاتن)مان راگرت و تاوەکو مەودوای بینین فراوان نەبێت و دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە دەستپێ ناکەینەوە”. بە گوتەی ئەحمەد هۆشیار، ئەمڕۆ 89 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ وڵاتان هەبووە، کە 13ی بۆ عومرە بووە لە سعودیە. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 کاژێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سبەی هەینی لە هەندێ ناوچە نمەباران و لە هەندێ ناوچەی دیکە تاوەباران دەبارێت و خۆڵبارینیش بەردەوامدەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.4.2022 بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێشبینییەکان بۆ سبەی هەینی لە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەڵ چالاکبوونی هەوری برووسکە و تاوەباران لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە، کاریگەری زیاتر دەبێ لەناوچە شاخاوییەکان، هەروەها لە دوای نیوەڕۆوە، تۆز و خۆڵ و چالاکبوونی خێرایی با، باشوور و سەنتەری شار دەگرێتەوە و تاوەکو نیوەی شەو کاریگەری بەردەوامی دەبێ.

لەبارەی پێشبینییەکانیش بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک، هەروەها ئەگەری تاوەباران و برووسکە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگادا هەیە، کە لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەریی زیاتر دەبێ. خێرایی باش لە نێوان 10-20 کم لە کاژێرێکدا دەبێت بە ئاراستەی باکووری رۆژئاوا.

لەبارەی پێشبینییەکان بۆ سبەی هەینی لە پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەکردووە، ئاسمان لە نێوان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ چالاکبوونی هەورەبرووسکە و تاوەباران لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە، لە ئێوارە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێ بۆ زۆربەی ناوچەکان و خێرایى با لە نێوان 10-20 کم لە کاژێرێکدا دەبێت بە ئاراستەی باشووری رۆژهەڵات. نزمترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 18 پلە و بەرزترینیش 21 پلەى سیلیزى دەبێت.

سبەی هەینیش لە پارێزگای کەرکووک، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵ لە دوای نیوەڕۆ، کاریگەریی تۆزوخۆل و خێرایی با زیاد دەبێ تاوەکو نیوەشەو بەردەوام دەبێ. خێرایی با-ش، لە نێوان 10-30کم لە کاژێرێکدا دەبێت بە ئاراستەی باشووری رۆژهەڵات و  لە دوای نیوەڕۆ خێرایی با زیاد دەبێ بۆ سەرووی 40کم لە کاژێرێکدا.

سبەی هەینیش لە پارێزگای کەرکووک، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵ لە دوای نیوەڕۆ، کاریگەریی تۆزوخۆل و خێرایی با زیاد دەبێ تاوەکو نیوەشەو بەردەوام دەبێ. خێرایی با-ش، لە نێوان 10-30کم لە کاژێرێکدا دەبێت بە ئاراستەی باشووری رۆژهەڵات و  لە دوای نیوەڕۆ خێرایی با زیاد دەبێ بۆ سەرووی 40کم لە کاژێرێکدا.

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، سبەی هەینی لە پارێزگای هەڵەبجە ئاسمان لە نێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت و لە ئێوارە ئەگەری نمەباران هەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکەدا، لە ئێوارە تۆزوخۆڵ و چالاکبوونی خێرایی با سەنتەری شار و دەوروبەری دەگرێتەوە و تاوەکو نیوەشەو کاریگەریی دەمێنێت.