پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

یەکێتی دەستی بەسەر داهاتی ئەم مانگەی سلێمانیشدا گرتووە

بەهۆی ئەوەی لە سنووری پاریزگای سلێمانی ئەو پارەیەی بۆ دابەشکردنی مووچە دەچێتە بانکەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەم هۆیەوە مووچە خۆران کاتی وەرگرتنی مووچەکانیان نازانن و دوا دەکەوێت.

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش، هۆشداری داوە لەوەی بۆ ئەم مانگەش یەکێتی دەستی بەسەر داهاتی سلێمانیدا گرتووە و دەڵێت؛ ئەم مانگەش تەواوی داهاتی سلێمانی لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەوە لە لێدوانێکدا، ڕایگەیاندووە؛ بۆ ئەم مانگەش، دەست بەسەر داھاتی سلێمانیدا گیراوە، مووچەخۆران و خەڵكی شارەكە بوونەتە قوربانی”.
هاوکات ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ملیارێك و 400 ملیۆن دیناری نەخۆشخانەی ھیوا لە بانكێكی سلێمانی دیار نەماوە، وەزیری دارایی لەوە نیگەرانە و بەڕێوەبەرێكی لە سلێمانی لاداوە كەچی كار بە بڕیارەكەی نەكراوە”.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم دۆخە نیگەرانە، پێشتر بڕیاری سڕكردنی بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی دەركردبوو، بۆ ئەوەی چیتر دەست بەسەر پارەی بانكەكاندا نەگیرێت، كەچی بەڕێوەبەرەكە هێندرایەوە سەر كارەكەی و كار بە بڕیارەكەی ئەو نەكرا، وەزیری دارایی لە كاردانەوەی ئەم كارە وەزارەتەكەی جێ هێشتووە و لە ماڵەوە دانیشتووە“.
ئەو دۆخە نالەبارە ئیدارییەی لە سلێمانی ئێستا بە سیاسەتی تاڵانی و بێ باکی لە خەڵک ئیدارەی ئەو پارێزگایە دەدات، کاریگەریی کردووەتە سەر کۆی دۆخی هەرێمی کوردستان و بەهۆی دابەش نەکردنی مووچەوە لەو سنوورە مووچەی مووچەخۆرانی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دوا دەکەوێت و هاوکات بەهۆی نەگەڕانەوەی داهاتی ئەو سنوورەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت، حکوومەتی هەرێم توشی جۆرێک لە کورتهێنان بووەتەوە بۆ دابین کردنی پارەی مووچە خۆران.