پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

خەڵاتی تەها كەریمی لە یەكەمین فێستیڤاڵەفیلمی ‘كورت‌وكرمانجی’دا پێشكەش كرا

بە یاد و پێشكەشكردنی خەڵاتی سینەماكاری كورد ڕەوانشاد “تەها كەریمی” یەكەمین خولی فێستیڤاڵەفیلمی “كورت‌وكرمانجی” بە شێوەیەكی سەرهێڵ (ئۆنلاین) بەڕێوە چوو.

یەكەمین خولی فێستیڤاڵی یەكخولەكەی كورتەفیلمی “كورت‌وکرمانجی” و بە یاد و پێشكەشكردنی خەڵاتی سینەماكاری كورد ڕەوانشاد “تەها كەریمی” بە هاوكاریی یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەورووپا و كوردسینەما بۆ ماوەی مانگێك بە شێوەی سەرهێڵ بەڕێوە چوو.
هۆگران و بینەرانی سینەما، دوای بینینی 16 بەرهەمی نێردراو لە بەشی كۆتایی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی یەكخولەكەی كورتە فیلمی “كورت‌و كرمانجی”دا، 8641 دەنگیان دا، كە دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی دەنگدان، فیلمە براوەكان دەستنیشان كران و بەم شێوەیە خەڵات بەسەریاندا دابەش كرا:
خەڵاتی یەكەم
ـ خەڵاتی یەكەم بە ناونیشانی خەڵاتی سینەمای “ئاموودە” (بایی 500 یۆرۆ) درایە كورتەفیلمی “ئێستا بەبێ ترس” لە دەرهێنانی “ریزوان دیهارۆ”؛ 2017 دەنگی پێ درابوو.
خەڵاتی دووهەم
ـ خەڵاتی دووهەم بە ناونیشانی خەڵاتی ڕەوانشاد “تەها كەریمی” سینەماكاری بانەیی (بایی 500 یۆرۆ) درا بە كورتەفیلمی QWX، لە دەرهێنانی “نووروڵڵا ئاكجان”؛ 1949 دەنگی پێ درابوو.
خەڵاتی كوردستان
ـ خەڵاتی تایبەتی “كوردستان” درا بە كورتەفیلمی “لە ماڵێ” Li، لە دەرهێنانی “خەلیل ئاكگوڵ” کە 1358 دەنگی پێ درابوو.