په‌روه‌رده و پرۆسه‌ی به‌رده‌وامیدان به خوێندن و خوێنده‌واری یه‌كێكه له پرۆسه هه‌ره گرنگ و پڕبایهخهكان له‌م گفتوگۆیه په‌روه‌رده‌ییه‌دا له‌گه‌ڵ پسپۆڕی بواری په‌روه‌رده‌یی و خوێندن و كۆمه‌ڵناسی سامان كه‌ریم، تیشك ده‌خاته سه‌ر گرنگترین ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندییان به هۆكار و كاریگه‌رییه‌كانی دابڕان له خوێندن له ئیستا و ڕابردوودا هه‌یه.
بەشی یەكەم
هه‌ولێر: سه‌ره‌تا با له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، به دیدی تۆ هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی دابڕان له خوێندن له ڕابردوو و له ئیستادا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه و چاره‌سه‌رییه‌كانی ئه‌م دابڕانه چییه؟
وه‌ڵام: له‌ڕاستیدا خوێنده‌واری یه‌ك له‌و كێشه بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كییانه‌ی نێو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه كه ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، ئاشكرایه هۆكاره‌كانی له كۆمهلگایهكهوه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر جیاوازه، و هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه ئه‌دگارێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه فاكته‌ره‌كانی پشت ئه‌و دیارده‌یه جیاواز بێت، له كوردستانیشدا ئه‌و دیارده‌یه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌رده‌كه‌وێت و ڕێژه‌كه‌شی به گوێره‌ی ئه‌و داتا و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان به‌ره‌و زۆر بوونه به‌تایبه‌ت له نێو تویژی ئافره‌تاندا، چونكه له كوردستاندا ئافره‌تان قوربانی یه‌كه‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌ن، ئه‌مه‌ش به هۆی داخراوی سیسته‌م و نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تیی كه ڕێگه به ئافره‌تان ناده‌ن له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ سه‌رقاڵی خوێندن بن به‌تایبه‌ت له نێو گوند و لادێ و شوێنه دوره شاره‌كان، چونكه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا ڕوویان نه‌داوه یان كه‌م ڕوو ده‌دات، به گشتی هۆكاره‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌ش له كوردستان به‌م چه‌شنه‌یه:
یه‌كه‌م: خێزان ڕۆڵێكی به‌رچاو ده‌گێڕێت له به‌رده‌وامی و درێژه‌كێشانی ئه‌م پرۆسه‌یه چونكه له خێزانی كوردیدا ئه‌وه دایك یان باوك و سه‌رۆكی خێزانه بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌دات كه تاك درێژه به خوێندن بدات یان نا، و تاك ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و ئازادی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵكوو له بڕی ئه‌ویش بڕیار ئه‌درێت، به‌تایبه‌ت كه له خێزانی كوردیدا هیچ جۆره كرانه‌وه‌یه‌ك ڕووی نه‌داوه و ئه‌گه‌ریش ڕووی دابێت ئه‌وه زۆر به‌كه‌می و به لاوازی بوه و نه‌بۆته هۆی ئه‌وه‌ی گۆڕانێك له بیركردنه‌وه و ئایدیای تاك ڕووبدات.
دووه‌م: كولتوور و داب و نه‌ریت یه‌ك له‌و هۆكاره قوڵانهیه كه ده‌ستێكی باڵایان له دریژه‌دان به‌و كولتووره هه‌یه به تایبه‌ت له گوند و لادێكاندا چونكه ئه‌و گوند و ڵادێیانه به هۆی دووریان له شار و گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریی و ئابوورییه‌كان به‌زه‌حمه‌ت بیركردنه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی به‌شداری له خوێندن ده‌گۆرێت، بۆیه ده‌بینین ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واران له گوند و لادێكاندا له ئاستێكی باڵادایه و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ ناوچه جێی مه‌ترسییه.
سێیه‌م: دام و ده‌زگا فه‌رمییه په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به شێوه‌یه‌كی تر ڕۆڵیان له درێژه‌دان به‌و پرۆسه‌یه هه‌یه چونكه ئه‌وان نه‌یانتوانیوه ده‌ره‌فه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌موو كه‌سێ بخولقێنێنن، به‌تایبه‌ت له ناوچه دووره ده‌سته‌كان، و كه‌می قوتابخانه و قوتابخانه‌ی خێرا وای كردووه كه ئاست و ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه و چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، بۆیه پێویسته حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌روه‌رده‌ییه حكومی و ناحكومییه‌كان هه‌وڵی زیاتر بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پتر ئه‌و كیشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن ئه‌مه‌ش له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واریی.
چواره‌م: ئاواره‌یی و شه‌ری ناوخۆ و ناگونجانی باری سیاسیی هۆكارێكی سه‌ره‌كییه له زیاتربوونی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له كوردستان به‌تایبه‌ت له قۆناغێكی دیاریكراو چونكه له كوردستاندا به هۆی ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و ناله‌بارییه سیاسیه‌ی كه هه‌بوو خه‌ڵكێكی زۆر له خوێندن دابرا و نه‌یانتوانی بچنه‌وه به‌ر خوێندن و ئێستاش حكوومه‌ت نه‌یتوانیوه ده‌رفه‌تێكی تری گونجاویان بۆ بخولقێنێت.
ده‌كرێ ده‌یان هۆكاری تریشی بۆ دیاری بكرێت وه‌ك دیاره ئێوه‌ش له چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان ئه‌و پرسه‌تان شی كردۆته‌وه، هیوادارم درێژتر و به كاوخۆتر هۆكاره‌كانی تریش دیاری بكه‌ن.
هه‌ولێر: هه‌نوكه له كوردستاندا لێشاوێكی گه‌وره‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندن له ئارادایه، هه‌ر له سه‌ره‌تاییه‌وه بیگره تا ده‌گاته ئاستی زانكۆ و خوێندنی باڵا به گشتی؟ به دیدی تۆ ئه‌م پرۆسه‌یه تا چه‌نده په‌یوه‌ندی به‌و گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و سیاسییه‌وه هه‌یه كه له دوای 2003ـەوه له كوردستان هاتۆته كایه‌وه؟
وه‌ڵام: به‌ڵگه‌نه‌ویسته له كوردستان به‌تایبه‌ت له دوای 2003ـەوه گۆڕانێكی خێرا به سه‌ر ئایدیا و بیركردنه‌وه و ڕه‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری خه‌ڵكدا هاتووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی گۆڕانه‌كه گۆڕانێكی خێرا و له ناكاو بووه بۆیه كۆمه‌ڵێ دیارده و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رفراوانی به دوای خۆیدا هێناوه كه دواجار هه‌موو ئه‌و كێشانه به‌سه‌ر یه‌كه‌وه زیانی گه‌وره‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه هه‌یه، كه پێویسته به شێوه‌یه‌كی زانستی و كۆمه‌ڵناسانه شی كردنه‌وه‌یان بۆ بكرێت، مه‌سه‌له‌ی نه‌خوێنده‌واری و گه‌رانه‌وه بۆ به‌ر خوێندن یه‌ك له‌و دیاردانه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خۆی ده‌رخستووه و هه‌ست به لێشاوچوونه به‌ر خوێندن ده‌كرێت، چونكه پێداویسته كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابوورییه‌كانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و هه‌ست به گۆڕانی ماددیانه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وای كردووه مه‌سه‌له‌ی نه‌خوێنده‌واری وه‌ك عه‌یبه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌ماشا بكرێت و خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی له‌م عه‌یبه كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌ربچێت به‌ناچاری یان خۆویستانه په‌نا ده‌باته به‌رخوێندن، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رلێشواوی و ناڕێك و پێكییهك له‌و پرۆسه‌یه‌دا ڕووبدات كه دوجار به زیان بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن شكاوه‌ته‌وه، له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك گه‌ر بێت و گۆڕانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری ڕووبدات ئه‌وكات ئه‌و گۆرانانه پێویسته له چوارچێوه‌یه‌كی سیتهماتیكدا ڕێك بخات، ئه‌گینا پرۆسه‌یه به لارێ‌دا ده‌روات.
هه‌ولێر: له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه هه‌ر كاتێ گۆڕانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و كولتووری له كۆمهڵگهد ڕوو بدات، ئه‌وا ئاستی هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و په‌روه‌رده‌ی و ڕه‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و پتر به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت، پێتوانیه هه‌نوكه له كوردستاندا هۆكاری گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندن په‌یوه‌ندی به‌و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی هوشیارییه‌وه بێت؟
وه‌ڵام: له ڕاستیدا مه‌رج نییه هه‌موو كاتێ گۆڕانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و كولتووری له كۆمه‌ڵگه‌دا ڕووبدات، ئاستی هوشیاری به‌رز ببێته‌وه، به‌ڵام له زۆربه‌ی كاتدا ئه‌شێ ببێته هۆی به‌رزبوونه‌وه یان نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری و ئاگای كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه ئه‌و گۆڕانانه به‌رده‌وام بیری جیاوازیان له پشته‌وه‌یه، یان بیری جیاواز له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌هێنن، ئه‌شێ ئه‌و بیره تازانه له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه و كولتووری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ناته‌با و نه‌گونجاو بێت، و دواجار ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵه كێشه و گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناته‌بای كۆمه‌ڵایه‌تیشی به‌دوادا بێت، هه‌روه‌ها هه‌ركات ئاستی هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر خێزانێك یان هه‌ر تاكێ به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت ئه‌وكات هه‌ڵمه‌تی چوونه به‌ر خوێندنیش به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت و ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویسته مادیی و مهعنهوییهكانیش به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت، له كوردستانیش هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه خه‌ڵكانێكی زۆر ده‌چنه به‌ر خوێندن و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده كۆمه‌ڵه قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت كردووه به‌و مه‌سه‌له‌یه و قوتابیان ئه‌توانن به شێوه‌یه‌كی خێرا چه‌ند قۆناغێكی خوێندن ببڕن، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه پرۆسه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی نازانستی به‌رێوه ده‌چێت و تاراده‌یه‌ك كێشه‌ی تیایه كه پێویسته چاوی پیا بخشێنرێته‌وه و هیواداریشم ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ی ئێوه‌ش به‌شێك بێت له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه له كوردستان و بتوانێ كه‌مێ له‌و كیشانه بخاته ڕوو له ڕێگه‌ی پێشنیارهكانییهوه.
هه‌ولێر: به ڕای تۆ ئه‌م به لێشاوچوونه به‌رخوێندن په‌یوه‌ندی به لایه‌نی ئابوورییه‌وه هه‌بێت، به تایبه‌ت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێوی و به‌ده‌ستهێنانی كاری باشتر؟
وه‌ڵام: به‌ڵێ، تاراده‌یه‌ك به‌شێكی زۆری به‌شداربووانی دووباره‌ی نێو پرۆسه‌ی خوێندن ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ئه‌یانه‌وێ دواجار لایه‌نی ئابوورییان به‌رز بكه‌نه‌وه، یان به لایه‌نی كه‌مه‌وه بتوانن ناونیشانی وه‌زیفییان بگۆڕن و موچه و په‌له‌ی ئیداری‌یان بگۆرن، به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه ئه‌شێ به‌شێكی تریشیان په‌یوه‌ندی به به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه بێت و بیانه‌وێ له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌ره‌و پێشه‌وه بچن و بتوانن پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازتر له‌وه‌ی پێشتر بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، هه‌ر چه‌ند ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا كێشه دێنێته ئاراوه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی خوێندن هه‌یه به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه لایه‌نی ئیداری و په‌روه‌رده‌یی ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه تایبه‌ت به سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه گرنگییه‌كی پتر به‌و مه‌سه‌له‌یه و ته‌كانێكی تری پێ بده‌ن