هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

داستانی ئه‌وین

ستار ئه‌حمه‌د/ كه‌ركوك

زۆر حه‌ز ئه‌كه‌یت
هه‌ڵبه‌ستێكت بۆ بنووسم
باسی پاكی و وه‌فات بكا
بۆ دڵسۆزیت وه‌ك دێوانه‌
بكه‌وێته‌ پرسه‌ی تكا

  • *
    كه‌ی ئه‌توانم
    له‌نێو ده‌ریای دیده‌كانت
    بكه‌ومه‌ هه‌وڵی مه‌له‌
    گه‌واڵه‌ی ژان نه‌هه‌نگێكه‌
    بۆ ئه‌و رۆژه‌ی روو له‌كه‌له‌
  • *
    گوێ ڕادێره‌ بۆ به‌سته‌یه‌ك
    له‌دووی ئه‌شكت دۆش داماوه‌
    بۆ پێنووسێك له‌ ئاست وه‌فات
    خوێنی جه‌رگی فرمێسك چاوه‌
  • *
    ده‌سته‌وه‌ستان ڕامه‌مێنه‌
    تۆ ئاوازی به‌سته‌ی ناخی
    كه‌ی باخه‌وان دڵشاد نابێ
    مه‌ل بخوێنێ‌ له‌نێو باخی؟
  • *
    بجریوێنه…‌
    ئه‌ی باڵداره‌ نه‌خشینه‌كه‌م
    تۆ داستانی ئه‌وینێكی
    ده‌ست ئه‌خاته‌ بینی ماته‌م
  • *
    قوربانییه‌. ناونیشانم
    كۆتاییه‌كه‌ی پێكگه‌یشتن
    هێز ناتوانێ‌ له‌یه‌كمان كات
    مه‌گه‌ر كانی گڕی مردن
  • *
    هه‌تا ماوین له‌دونیادا
    بۆیه‌ك ئه‌ژین به‌خاوێنی
    ته‌نها هه‌رتۆی كۆرپه‌ی هه‌ستم
    له‌نێو جه‌رگت ئه‌لاوێنی
  • *
    ده‌به‌رۆكت بكه‌ره‌وه‌
    باده‌م له‌سه‌ر سنگت دانێ‌
    ته‌نها ئه‌وه‌ له‌كزه‌ی جه‌رگ
    كڵپه‌ی ناخی تۆ ئه‌زانێ‌
  • *
    ئه‌و نۆبه‌ره‌ی ئه‌وینێكه‌
    كاره‌ساتی نابڕێته‌وه‌
    چرۆیه‌كه‌ له‌نێو گۆڕمان
    له‌و دونیادا ئه‌شنێته‌وه‌
  • *
    به‌ڕووی خه‌ما پێئه‌كه‌نێ
    به‌هه‌شت به‌ ئه‌و گوڵ نه‌خشینه‌
    ئه‌مه‌یه‌ به‌رهه‌می وه‌فا
    كه‌ هاوڕازی دوو ئه‌وینه