قەهار شێخانی
ئیتر ئەبێ بۆ لەمەودوا
بەنهێنی ناوت بێنم
هەموو رۆژێ لەجیاتی تۆ
دار سنەوبەرێك بدوێنم
گەڵای وەریوی تەمەنم
لەدوای تۆ كۆدەكەمەوە
گۆرانی پایزی ئەوین
بۆ ماڵی دڵ ئەبەمەوە
شنەبایەك رادەسپێرم
بەیانیان قژت بۆ رێك بخات
پەپولەی روحم دەنێرم
لەجیاتی من ماچت بكات
بۆ هەواڵ پرسینی تۆ
سەر لەماڵی شیعر ئەدەم
بەیادی تۆ لەروحمدا
شەوان مۆمت بۆ هەڵدەكەم
تۆش هەواڵ و سۆراغی من
لەپەلە هەورێك بپرسە
هەر كات تریفەی مانگت بینی
ئەوە منم لێی مەترسە
بچۆ بۆ لای و پێی بڵێ
ئەو شاعیرە ئێستا چۆنە
وەكو ئەوسا ئێستاكەش هەر
دەستەكانی پڕ لەبۆنە
ئێستاش چاوی پڕ لەسۆز و
باوەشی پڕ ئارامی یە
لێوی پر لەووردە ماچ و
ناخی پڕ لەگۆرانی یە
یاخود دوای من. ئەویش وەك من
دیلی دەستی كەساسی یە
یا وەك جاران كەمنی لابوو
ئێستاكەش هەر رۆمانسی یە