خۆشی لە ژینگەی كوردستان دەبینن و پیسیشی دەكەن

وەرزی سەیران و گەشت لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، بەتایبەت لە رۆژانی هەینی و شەمماندا هەزاران كەس روو لە سروشتی جوانی كوردستان دەكەن و چێژی لێ دەبینن، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، پاشماوەكانیان لەدوای خۆیان جێ دەهێڵن.

بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو، هاووڵاتیان تا ئاستێك ژینگە دەپارێزن و دوای تەواوبوونی گەشتەكەیان، پاشماوەیان هەڵدەگرن و نایەڵن ژینگە پیس بێت، بەڵام هێشتان دەیان خێزان هەن بڕوایان بەوە نییە، لە دوای سەیرانكردن، پاشماوەیان پاك رابگرن.
لە سەیرانگەی دۆڵی نێرگزان، خێزانێكی ٩ كەسی دانیشتوون و چێژ لە سروشتی جوانی ئەو ناوچەیە دەبینن، بەڵام كاتێك شوێنی خۆیان بەجێهێشت، هەرچی پیسی و ئەو خواردنانەیە كە مابووەوە بەجێیان هێشت و پاكیان نەكردەوە.
كاتێك لێمان پرسین، بۆچی پاشماوەكانتان پاك ناكەنەوە، بە بێشەرمانە گوتیان، ئەوە ئیشی ئێمە نییە و ئەوە ئیشی شارەوانییە پاكی بكاتەوە.
بەڵام ئازاد سابیر، كە بۆ خۆی خەڵكی ناوچەی خۆشناوەتییە و لەو سەیرانگایە لەگەڵ خێزانەكەیدا دانیشتبوو، باسی لە پاك راگرتنی ژینگە كرد لە سەیراندا.
ئازاد گوتی: ”بەڕاستی پێویستە ئەو كەسانەی لەدوای خۆیان پاشماوەكانیان پاك راناگرن شەرم لە خۆیان بكەنەوە، چونكە ئەم وڵاتە وڵاتی هەموومانە، چۆن دەبێت ئەوەندە بەپیسی رایبگرین. من دەڵێم هەركەسێك بێتە سەیران و شوێنی خۆی پاك رانەگرێت و پیسی لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت، نەخۆشی دەروونی هەیە“.
مزەفەر كاكل، وەكو ژینگەپارێزێك خۆی ناساند و ئاماژەی دا كە بەردەوام رێنمایی ئەو كەسانە دەكات كە دەچنە سەیران و پێیان دەڵێت ژینگە پاك رابگرن.
بەگوێرەی گوتەی موزەفەر، هەندێك پاشماوە هەیە، كە لە كاتی سەیراندا بەجێی دەهێڵن و لەناو ژینگەدا دەیهێڵنەوە، سەدان ساڵی دەوێت تا شی دەبێتەوە، ئەمەش مەترسییەكی یەكجار گەورەیە بۆ سەر ژینگە.
ئەو بەچاوی خۆی ئەو مادانەی بینیوە، كە مەترسین بۆ ژینگە و لە سەیرانگاكاندا فڕێ دەدرێن و گرنگی بە هەڵگرتنەوەی نادرێت.
مزەفەر دەڵێت: ”بەڕاستی كاری حكوومەتە سنوورێك بۆ ئەو كەسانە دابنێت كە ژینگەی كوردستان پاك راناگرن لە سەیرانگاكاندا. ئاخر دەیان كەس هەیە گوێ بە رێنمایی و پاكی ژینگە نادات، جا سەدانجار بۆی شی بكەیتەوە و قسەی لەگەڵ بكەیت گاڵتەی پێ دێت، كەوایە دەبێت حكوومەت سنووریان بۆ دابنێت. نابێت لەبەر نابەرپرسیاریی چەند كەسێك، ژینگەی وڵاتەكەمان پیس كەین، ئەوەی لە سەیرانگاكاندا روو دەدات لەبارەی پیسكردنی ژینگە، كارەساتە و دەبێت زوو فریای بكەوین“.
ساهیرە، وەكو ئەوەی خۆی باسی دەكات، لە وەرزی بەهاراندا هەموو هەفتەیەك دەچێتە سەیران و زۆر شوێنی كوردستان گەڕاوە، بەڵام یەكێك لەو دیاردانەی بێزاری كردووە، بەشێك لەو كەسانەی هاتوونەتە سەیران، لەدوای خۆیان پاشماوەكانیان هەڵناگرنەوە و ژینگە پیس دەكەن.
بە لای ساهیرەوە، هەركەسێك لە سەیرانگاكاندا ژینگە پیس بكات و پاشماوەكانی خۆی هەڵنەگرێتەوە، لەماڵەوەش وا پیسە و جگە لە ژینگەی سەیرانگاكان، ژینگەی ماڵەكەشی پیس دەكات و گوێی پێ نادات.

ھەواڵی زیاتر