هاووڵاتیان خۆیان بۆ شەوانی رەمەزان ئامادە كردووە

هەموو ساڵێك لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، شاری هەولێر بە چەندین رێوڕەسم و یاری و سەرگەرمی، شەوانێكی جیاواز بەڕێدەكات. ئەمەش وای كردووە، هاووڵاتیان لە شارەكانی تری كوردستان و عێراقەوە رووی تێبكەن و كات بەسەر ببەن.

یەكێك لەو یارییە سەرگەرمییەی لە شەوانی رەمەزاندا لە هەولێر باوە و دەكرێت، یاری (سینی سینییانێیە)، كە مێژوویەكی درێژی هەیە و هەولێرییەكان شارەزاییەكی باشیان لێی هەیە.
لە چەندین شوێنی شاری هەولێر ئەو یارییە ئەنجام دەدرێت، سەدان كەسیش بەدیارییەوە دادەنیشن و كات بەسەر دەبەن.
بەڵام ئەوەی وا دەكات یارییەكە گرنگ و بە جۆش بێت، كردنەوەی خولی سینی سینییانێیە، ئەویش لە شارەكانی ترەوە تیپەكان دێن و یاری بۆ بردنەوە دەكەن.
كەركووك، یەكێكە لەو شارانەی شارەزای زۆر باشی لەو یارییەدا هەیە، بۆیە ساڵانە دێنە هەولێر بەشداری ئەو خولە دەكەن و زۆرجار بە سەركەوتن لێی دەردەچن.
ئەحمەد بولبوول، یەكێكە لەو كەسانەی هەموو ساڵێك لە كەركووكەوە بەرەو هەولێر دێت و تایبەت بۆ یاری سینی سینییانێ.
ئەو یاریكەرێكی باشە، دەڵێت لە كەركووكدا ناوبانگم هەیە و لە یاریدا زۆر لێهاتووم، بەڵام دانیش بەوەدا دەنێت، لە هولێریشدا یاریكەری باشی تێدایە.
ئەو دەڵێت: ”زۆرجار براوە ئێمە بوینە، بەڵام زۆرجاریش لە هەولێر دەیدۆڕێنین، دیارە ئەوانیش شارەزاییەكی باشیان لەو یارییەدا هەیە. كە دێم بۆ هەولێر و بەشداری لەو یارییەدا دەكەم، زۆر دڵخۆشم، چونكە زۆر گرنگی پێ دەدرێت و خەڵكێكی زۆریش بەدیارمانەوە دادەنیشن“.
كاتێك لێمان پرسی مێژووی ئەو یارییە بۆ كەی دەگەڕێتەوە، ئەو نەیزانی مێژووەكەی چەندە، بەڵام دەڵێت زیاتر لە 100 ساڵە لە كەركووك ئەو یارییە كراوە، بەڵام یارییەكە لە مانگی رەمەزاندا زیاتر گرنگی پێ دراوە و ئەنجام دراوە.
جیا لەو یارییە، بازاڕی قەیسەری هەولێر كەشێك و سیمایەكی جیاوازی هەیە لە مانگی رەمەزاندا، ئەویش بە هۆی خۆشی شوێنەكە و مێژوو و گرنگی ئەو گەلوپەلانەی لەوێدا هەیە.
هەموو ساڵێك لە مانگی رەمەزاندا، لە دوای دەیەم رۆژی رەمەزاندا، ئیدی بازاڕی قەیسەری هەولێر لە شەوانیشدا دەكرێتەوە و جمەی دێت لە خەڵك.
نەوین سەعد، خۆی ئامادە كردووە بۆ شەوانی بازاڕی قەیسەری و دەڵێت: ”بڕوا بكەن، هەموو رەمەزانێك، لە شەواندا دەچمە قەیسەری، چونكە كەشێكی ئەوەندە خۆشی هەیە هەرگیز لێی تێر نابم. لەوێ جگە لەوەی كەلوپەل دەكڕیت، لە هەمان كاتدا، سیمای شوێنەكە هەرگیز بێزارت ناكات و خۆشیت پێ دەبەخشێت“.
شەوانی رەمەزان، هەولێر زۆر جیاواز دەردەكەوێت، چونكە خەڵكەكەی رێز و خۆشەویستیی زۆریان بۆ ئەو مانگە هەیە، دەیانەوێت بە خۆشی و شادییەوە مانگەكە بەڕێبكەن، بەتایبەت لە شەوندا.
بۆیە سەربەست عەلی، كە گەنجێكی هەولێرە و وەكوو خۆی دەڵێت خۆی بۆ شەوانی مانگی رەمەزان ئامادە كردووە، دەڵێت: ”هیچ شوێنێكی دونیا لە مانگی رەمەزاندا خۆشییەکەی شاری هەولێرت پێ نادات، بەتایبەت لە شەواندا، بۆیە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی رەمەزان و شەوانی رەمەزانم.“

ھەواڵی زیاتر