ئەمڕۆ سێشەمە 2022.4.5، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی هێمن قادر جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدالحمید، قائیمقامی ناوەند و عەمید دیدار عومەر قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و عەمید خالید، بەرێوەبەری كاروباری ناوخۆ و ژمارەیەك لەئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، كۆبوونەوەیە سەبارەت بەڕێگریكردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆییەكان لە ڕێنمایی و یاساكانی هاتووچۆ ئەنجامدرا.
لەسەرەتایی كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و ئەفسەر و پۆلیس و كارمەندانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیەكانیان كرد كە ئەرك و كارەكانیان بەڕێك و پێكی ئەنجامدەدەن، دواتر باس لە پەرەپێدان و باشتركردنی سیستەمی هاتووچۆی ناو شاری هەولێر بەشێوەیەكی گشتی كرا و تیشك خرایە ئەو سەرپێچی و زێدەڕۆییانەی كە لەلایەن شۆفێرانەوە ئەنجامدەدرێت و دەبنە هۆی ڕووداوی نەخوازراو كارەساتی لێدەكەوێتەوە.
لەوبارەیەشەوە بڕیار لەبارەی دەستپێكردنی هەڵمەتێكی بەردەوام درا لە ڕێگەی تیمەكانی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لەسەرجەم شەقام و شوێنەكانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەی لە نێو ئۆتۆمبێل مۆبایل بەكاردەهێنن، یان بەسەرخۆشی و بە ژمارەی ساختە ئۆتۆمبێل لێدەخۆڕن، هەروەها دەست بەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەش بگیرێت كە دەستكاری گزۆزی ئۆتۆمبێلەكانیان یان ماتۆڕسكیلیان كردووە و ئەوانەشی كە دوكەڵی ڕەش و ژەهراوی دەردەكەن، ئەوە جگە لە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و تۆماركردنی سكاڵایی یاسایی بەرامبەر ئەوكەسانەی كە گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان لەكاتی لێخورین دەگرن و لە تۆڕەكۆمەلایەتیەكان و سۆشیال میدیا بڵاوی دەكەنەوە.
هەروەها پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا قائیمقامیەت و لیژنەكانیان سەرجەم ئەو شوێنانەی جوانكاری ئۆتۆمبێل كە (نەشرە، ژمارەی ساختە، جام ڕەش) دەكەن و سەرپێچی لەیاسا و ڕێنماییەكانی هاتوووچۆ ئەنجامدەدەن، توندترین ڕێكاری یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر. هەروەها بڕیاریدا، ڕێكاری پێویست لەبەرامبەر هەموو ئەو شۆفێرانەش بگیرێتەبەر كە دەبنە هۆی تێكدانی خزمەتگوزارییە گشتییەكان وەك (ترافیك، ستونی كارەبا، گادرێل، سەوزای و داری جوانكاری نێو شەقامەكان). سەرجەم ئەو بڕیار و ئیجرائاتانەش، هەموو ئوتۆمبێلێەكانی حكومی، پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكانیش دەگرێتەوە. بۆئەو مەبەستەش پارێزگاری هەولێر هەموو پاڵپشتیەكی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر نیشاندا لەبەرامبەر جێبەجیكردنی بریارەكان و گرتنەبەری ڕێكارەكان.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، باس لەوەكرا كە دەگوترێت هۆكاری ڕووداوەكان، شەقامەكانە بەڵام بەپێی هەموو بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەك دەركەوتووە كە نەخێر هۆكارەكەی شۆفێران خۆیانن، وەك نموونەش ئەوە هێنرایەوە كە شەقامی 120م هەولێر یەكێكە لەباشترین شەقامەكانی شاری هەولێر، كەچی زۆرترین ڕووداوی هاتووچۆ لەسەر ئەم شەقامە ڕوودەدات.