هەندێک لایەن ڕاستەوخۆ ناڵێن با هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵکو بیانوو دێننەوە بە یاسای هەڵبژاردن

بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان تازە بە تازە هەستیان بەوە کردووەیاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆنە و داوای هەموارکردنی یاساکە دەکەن لە کاتێکدا کاتی هەڵبژاردن لە کوردستان دەستنیشان کراوە و دەبێ لە نوێکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن پەلە بکرێ و زۆر زووتر بیر لە هەمواری یاساکە بکرابایەوە.

بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان بە خستنەڕووی هەندێک داواکاری کە بەگوتەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن جێبەجێکردنیان لەم ماوە کورتەدا ئاستەمە، لەمپەریان خستووەتە بەردەم پڕۆسەکە. وەک ئاشکرایە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٨ کراوە و تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هێندەی نەماوە تەواو ببێت.
لە ٢٤ی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد و بڕیاری دا رۆژی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت. دواتر سەرۆکی حکوومەت لایەنە پێوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت.
پێشتر گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی گوتبوو چەندین جار سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کە تاوەکو سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ متمانە بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بدەنەوە یان ئەنجوومەنێکی نوێ هەڵبژێرن، چونکە ئەگەر بەو جۆرە نەبێت گرفتییاسایی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دروست دەبێت و دەبێت شەش مانگیان بۆ ئامادەکاری لەبەردەست بێت.
ئێستا دوو کێشە لەبەردەم هەڵبژاردن هەیە یەکەمیان ئەوەیە بەشێک لە فراکسیۆنەکان داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان کردووە و خوازیارن بۆ فرەبازنەیی بگۆڕێت و کێشەیەکی تر ئەوەیە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەبێ دووبارە متمانەی پێ بدرێتەوەیانیەکی نوێ هەڵبژێردرێت. هیچ کاتێک لەبەردەستدا نەماوە تا یاسا هەموار بکرێتەوە و کاتێکی زۆر لە کۆمسیۆن دەکوژێت و کاریگەری لەسەر کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەبێ، هەرچەندە ئەو دەرفەتە لەبەردەم پەرلەمان هەیە تا کێشەی دووەم چارەسەر بکات.
لە نێو فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی هەێمی کوردستان هەندێک بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن هەیە و هەندێک لایەن باس لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن و هەندێک لایەنی تریش پیان وایە کات لەبەردەم هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن نەماوە.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان داخوازی ئەوەیان خستووەتەڕوو کە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان فرەبازنەیی بێت و لە جیاتی ئەوەی تەواوی هەرێمی کوردستان لەیەک بازنەدا دەنگ بە کاندید و پارتی دیاریکراو بدەن لە چەند بازنەیەکی جیاوازدا هەڵبژاردنەکە بکرێت.
لە کۆتایی مانگی رابردوو گرووپێک پەرلەمانتاری ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان پێشكەشی پەرلەمان کرد، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان. پڕۆژەیاسا پێشنیارکراوەکە لە ٢٦ ماددە پێكدێت و دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەی داوای دەکەن فرەبازنەییکردنی هەڵبژاردنە.
پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی تر پێیان وایە ناکرێ پڕۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن پەک بخرێت و وا باشترە هەڵبژادن لە کاتی خۆیدا بکرێ و دەرفەت لەبەردەم ئەوەدا نەماوە یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دابنێن.
ئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی لە پەرلەمان دەستیان پێ کردووە لەگەڵ دۆخەکە ناگونجێت لە لایەک دەڵێن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ و لە لایەکی تریش باس لە دانانی یاسای نوێ دەکەن کە لەگەڵ یەکتردا ناکۆکی هەیە و ئەگەر قەرارە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێ دەبێ پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بۆ خولەکانی داهاتوو هەڵگیرێت.
لەوەتەی هەرێمی کوردستان دامەزراوە پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە چووە. لە هەڵبژاردنی رابردوودا سێ ملیۆن ٨٥ هەزار و ٤٦١ کەس، لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو لەو ژمارەیە ملیۆنێک و ٨٤٥ هەزار و ٩٧٩ کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کرد، بەمەش رێژەی بەشداری ٥٩% بوو. لەو هەڵبژاردنەدا ٢٩ لیست بەشدارییان کرد و لە ئەنجامدا ١٦ لیست توانیان کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
پەرلەمانی ئێستای کوردستان لە ١٦ فراکسیۆن و چوار ئەندامی سەربەخۆ پێکدێت و بە گشتی ١١١ نوێنەری جیاواز پەرلەمان پێک دەهێنن. لە هەڵبژاردنی رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٥ کورسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان ٢١ کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان ١٢ کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا. کۆمەڵی دادگەری حەوت کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێنج کورسی و نەوەی نوێش چوار کورسی بەدەست هێنا و لایەنەکانی تریش کەمتر لەو ژمارە کورسییەیان بەدەست هێنا.
ئەوەی بۆ پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان گرنگە، ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و کارێک بکرێت زیان بە متمانەی خەڵک بە پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان نەکەوێت.

ھەواڵی زیاتر