بەهمەن کاکە عەبدوڵا: بەو کێشانەی لە سلێمانی دروستی دەکات، یەکێتی دەیەوێت هەڵبژاردن نەکرێت

پەرلەمانتارێکی کوردستان، باس لەوە دەکات، یەکێتی لە ڕێگای سەرۆکی پەرلەمانەوە دەیەوێت دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان پەک بخات و ئەوانیش چاوەڕوانن بۆ ئەوەی ئیعلانی دانیشتن بکرێت. بەهمەن کاکە عەبدوڵا، بە :هەولێر”ی گوت؛ “وەکو پارتی بەرنامەی خۆمان دەبێت و دەبێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئیعلانی دانیشتنی پەرلەمان بکات، بۆیە چاوەڕێی ئەوەین، چونکە ئەوان لە ڕێگەی سەرۆک پەرلەمانەکەیانەوە دەیانەوێت پەرلەمان پەک بخەن “.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە مەرسوومێکی ھەرێمی، ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی وەکو ڕۆژی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، بەڵام ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆن، ڕەنگە ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەکرێت”.
دوای دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
بەھمەن کاکە عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ھەولێر دەڵێت: “یەکێتی و ھەندێک لایەنی دیکە لە ھەڵبژاردن دەترسن، بۆیە ئامادە نین ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بۆیە ھەر جارەو بیانۆیەک دەھێنەوە، ئێستا ئێمە گرفتمان تەنیا کۆمیسیۆنە، ئەوانیش ئامادە نین بێن لەگەڵمان کارا بکەنەوە، پێشتر کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای ئیستحقاقی ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ دروست بوو، ئێستا ھەر لەسەر ئەوەی کۆنیش ئەوان ئامادە نین بێن کارا بکەنەوە، کە ئێمە بە کۆنەکەش ڕازی بووین، بەس بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەوان بەو شێوەیەش ئامادە نین.
ئەو پەرلەمنتارەی پارتی گوتیشی: “پارتی نایەوێت بە زۆرینە ئەو بابەتە تێپەڕێنێت، ئەگەرنا زۆر بە ئاسانی پێمان دەکرێت، بەڵام ئەوەمان ناوێت، بۆ ئەوەی دوای نەڵێن، پرسێکی نیشتمانی پارتی بە تەنھا کردوویەتی، ئەگەرنا ئەگەر پێویست بکات لە کاتی خۆیدا دەکەین.
بەھمەن کاکە عەبدوڵڵا، دەشڵێ: “ھەندێک حزب و لایەن لە شکەستی گەورەتر دەترسن، چونکە لە ھەڵبژاردنی عێراق ھەموویان شکەستیان خوارد، ئێستا دەترسن شکەستێکی تریشیان تووش بێتەوە، ئەوان ھەمیشە لە دیموکراسی ڕایان کردووە، لە ھەڵبژاردن ڕایان کردووە، بۆیە ناوێرن بێنە پێشەوە، بەوەش بیانوو دەھێنەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: “ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت یەکێتی ئەمجارە لە ٢٠ کورسییەکەی دەبێتە ٥ کورسی، بۆیە بەھیچ شێوەیەک ئامادە نییە بێتە ناو ھەڵبژاردنەوە، ئەگەر حزبەکانی دیکەش ئامادە بن، بەڵام یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نییە، ھاوار ھاواری یەکێتی و، ئەو کێشانەشی ئێستا لە سلێمانی بۆ حکوومەت دروست دەکات، بۆ ئەوەیە ھەڵبژاردن نەکرێت.
بەھمەن کاکە عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە: “وەکو پارتی بەرنامەی خۆمان دەبێت و دەبێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئیعلانی دانیشتنی پەرلەمان بکات، بۆیە چاوەڕێی ئەوەین، چونکە ئەوان لە ڕێگەی سەرۆک پەرلەمانەکەیانەوە دەیانەوێت پەرلەمان پەک بخەن “.

ھەواڵی زیاتر