بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو: کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار هێلکە هەیە و بەرهەمی ڕۆژانەی ٣ ملیۆن و ٢٤٠ هەزارە

بەگوتەی بەرپرسانی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆری بە بەرهەمی ناوخۆ بەتایبەتی بە هێلکە داوە. لەو دوو ساڵەدا ٢٢ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە کەوتوونەتە کار، بەوەش هەرێمی کوردستان هێلکەی زیادە، کە بەرهەمی ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار هێلکەیە، کە هەر تاکێکی کوردستان ساڵانە ١٥٠ هێلکە دەخوات.

مریشکی هێلکەی خواردن لە تەمەنی ١٤٠ ڕۆژیدا هێلکە دەکات و کێڵگەکان بۆ ماوەی ٩٠ هەفتە هێلکەی لێ وەردەگرن، لەو ماوەیە هەر مریشکێک ٣٥٠ تاوەکو ٣٦٠ هێلکە دەکات.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “بەرهەمی هێلکەی خۆماڵی ١٠٠% بەشی هەرێمی كوردستان دەكات، کە بەرهەمی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان ٩ هەزار کارتۆنە، کە دەکاتە ٣ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار هێلکە لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ ئەوەش ڕۆژانە هەزار و ٥٠٠ کارتۆن زیادە کە هەر کارتۆنێک ٣٦٠ هێلکە لەخۆ دەگرێت، کە دەکاتە ٥٤٠ هەزار هێلکە، ئەوەش وای کردووە کە نرخی هێلکە داببەزێت، لەگەڵ ئەوەش ئەوەی زیادە ڕەوانەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت، بەڵام ئێستا ڕێگە نادەن بەرهەمی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ناوچانە بچێت.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕوونیشی کردەوە: “لە هەرێمی کوردستان ٢٢ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، هەوڵمان داوە تێچووی بەرهەم بهێنینە خوارەوە، یاسای گومرکی بۆ هەندێک بەرهەم کە لە ناوخۆ بەرهەم نایەت کەم کراوەتەوە، کارەبای پڕۆژەکان کراوەتە کارەبای کشتوکاڵی، نەک بازرگانی، هەروەها داوامان کردووە باج لەسەر گەنمە شامی لابچێت، هەروەها لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ڕێگەی هەناردە بکرێتەوە، ئەگەر ڕێگەکە بکرێتەوە هاوکارێکی باش دەبێت بۆ خاوەن پڕۆژەکان، ئەو زیادەی کە لە بازاڕ هەیە بۆ ناوچەکانی عێراق دەچێت، هەروەها پڕۆژەکان ڕۆژبەرۆژ زیاتر دەبن.
فیراس سدیق، ڕوونیشی کردەوە: “پێش کابینەی نۆیەم تەنها ١١ پڕۆژە هەبوون، لەو دوو ساڵەدا بوونەتە ٢٢ پڕۆژە، کە زیاتریان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆیە لەو دوو ساڵەدا زۆر گرنگی بە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە دراوە، بەتایبەتی قەدەغەکردنی هێلکە بۆ خاوەن پڕۆژەکان کارێکی باش بوو، بووە هۆکارێک کە پڕۆژەکان ببووژێنەوە ئەمەش گەورەترین پاڵپشتی بوو، یاسای گومرکی بۆ سۆیە، گەنمەشامی، زەیت و ماددەکانی دیکە ئەمە خۆی لە خۆیدا پاڵپشتییە، هەژمارکردنی کرێی کارەبا وەکو پڕۆژەی کشتوکاڵی بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ ئەمانە هەموو هاوکارینە لەلایەن کابینەی نۆیەم پێشکەش کراون.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاشکراشی کرد:” ئێستا هیچ هێلکەیەک لە دەرەوە هاوردە ناکرێت، ئەوەش بەهۆی جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی هێلکەی هاوردە و ڕێگری تەواو لە هێنانی هێلکەی قاچاخ، هەر ئەوەش وای کردووە کە ڕۆژبەرۆژپڕۆژەکان بکەونە کار و بەرهەمیان زیاد بکات، چونکە ئەوە پشتگیرییەکە بۆ خاوەن پڕۆژەکان، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە بەرهەمهێنانی هێلکە بدەن، کە پێشتر زۆربەی پڕۆژەکان لەکار کەوتبوون، بەڵام دوای قەدەغەکردنی هێلکەی هاوردە دووبارە پڕۆژەکان کەوتوونەتەوە کار.

ھەواڵی زیاتر