ئارەقەی شەوانەی ناوجێ و هۆکارەکانی

هەندێ کەس دەناڵێنن بە دەست ئارەقەکردنی کاتی خەو؛ ھەندێ جار هەوای ژووری خەو ساردە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە دەچیتە قووڵایی خەو، جەستە گەرمایەتی و ئارەقێکی زۆر دەردەدات؛ بێگومان ئەم دۆخە پەیوەندی بە تەندروستی جەستەوە ھەیە و چەند ھۆکارێکی زانستی لە پشتەوەیە.

ئارەقکردنەوە بە شێوەیەکی ئاسایی پرۆسەیەکی گرنگی جەستەیە و ھەردوو کرداری ئارەقکردنەوەی زۆر یان ئارەقنەکردنەوە دەکرێت کێشە بن بۆ جەستە. نەبوونی ئارەق لەوانەیە مەترسیدار بێت چونکە مەترسی لەسەر گەرمبوونی جەستە زیاد دەکات و ئارەقی زیادەش بە بەردەوامی مەترسی لەسەر جەستە و پێست دروست دەکات.
بەڵام ئارەقکردنەوە بە شێوەیەکی ئاسایی سوودێکی زۆری ھەیە بۆ پێست چونکە پێستەکە بە شێداری و فێنکی دەھێڵێتەوە ھەر بۆیە ڕاھێنانێکی باش و ئارەقکردنەوەیەکی زۆر بە نیشانەی دژە پیری دەستنیشان کراون. لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی لەناوبردنی بەکتریا زیانبەخشەکانی سەر پێست دەدات، ھەرچەندە خاڵێکی گرنگ ھەیە کە نابێت پاش ڕاھێنان ئارەق بۆ ماوەیەکی زۆر بە ڕوخسار و پێستەوە بمێنێتەوە چونکە مەترسی سووتانەوەی پێست زیاد دەکات.

ھۆکارەکانی ئارەقەی زۆر
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە مەرکەزی ئەڵمانی بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی دەربارەی ئارەقەرکدنەوەی زۆر بە شەوان ئەوەی ڕونکردەوە کە ھەندێ لە ھۆیەکان ئاسایین و بەڵام ھەندێ جار ھۆکاری مەترسیداریش ھەن:
ناوەندەکە ھەندێ ھۆکاری ئاسایی باس کرد لەوانە:
١. خواردنی خواردەمەنی تیژ پێش خەوتن.
٢. خواردنەوەی زۆری چای زەنجەفیل یان ھەر خواردنەوەیەکی تر کە گەرمی بە لەش ببەخشێت.
٣. قەلەقی و دڵەڕاوکێ .
٤. تێکچوونی شێواز و کاتی خەوتن.
٥. بوونی تەنگەنەفەسی لەکاتی خەودا.
٦. زیادبوونی کێش و قەڵەوی
٧. تێکچوونی هۆڕمۆنەکان بەتایبەت ژنان.
٨. خواردنی ھەندێ دەرمانی پزیشکی بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان.
٩. بەرزبوونەوەی رێژەی شەکری خوێن.
١٠. بوونی شێرپەنجەی غودەی لیمفاوی، یان گرفت لە غودەی دەرەقی.
١١. ھەبوونی نەخۆشییەکانی دڵ
١٢. بوونی هەوکردن لە ھەر ئەندامێکی جەستەدا.
١٣. بوونی گرفت و نەخۆشی لە سییەکاندا.
١٤. پیربوون و چوونە تەمەنەوە بەتایبەت بۆ خانمان، بەهۆی تێکچوونی هۆڕمۆنەکانیانەوە

بۆیە پێوستە ئاگاداری زۆر دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە بین و سەردانی دکتۆر بکرێت بۆ زانینی ھۆی سەرەکی لە پشت ئارەقەکردنەوەی زۆری شەوان.

ھەواڵی زیاتر