هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پەیامی پیرۆزباییی سەرۆکی هەرێم بەبۆنەی 63 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەباته‌وه‌ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 63 ساڵەی بە ئاشکرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆزبایی ئاراستەی کارمەندانی ڕۆژنامەکە دەکات.

لە شەست و سێهەمین ساڵیادی به‌ ئاشكرا ده‌رچوونی ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، پیرۆزباییی گەرم و دەستخۆشیتان لێدەکەم کە بەردەوامیتان بە کاروانی مێژووییی ئەم ڕۆژنامە سەنگینە داوە. 

لەم بۆنەدا هەموو ئەو نووسەرە تێکۆشەر و ڕۆژنامەنووسە خەباتکارانە بە یاد ده‌هێنینەوە کە ڕۆژانی سەختی تێکۆشان لە ڕێی ئەم مینبەرەوە، خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و وشەی پیرۆزی کوردییان کرد، بەشێکیشیان لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کرد.

خەبات لە مێژووی پڕ شکۆی خۆیدا، تەنها زمانحاڵی حزبێکی سیاسی نەبووە، بەڵکوو هەمیشە بڵندگۆیەک بووە بۆ داکۆکیكردن لە گەل و نیشتمان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی میللی و گەیاندنی دەنگ و داوای گەلی کوردستانی ئاشتیخواز بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، قوتابخانەیەکیش بووە بۆ ڕەنگڕێژکردنی بنەما سەنگینەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردستانی و پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت سیاسەتوانانی بە ئاگا و تێکۆشەر.

هیوادارم ئەم یادە هاندەرتان بێت بۆ پابەندبوونى زیاتر بە بنەماکانی ئاکاری بەرزی ڕۆژنامەوانی و پەیامی دێرین و نەگۆڕی ئەم ڕۆژنامەیە کە هەمیشە پەیامی مرۆڤدۆستی، ڕاستبێژی، ئاشتی، یه‌كڕیزى و تەباییخوازی بووە لەپێناو پاراستنى ده‌سكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و گەیشتن بە ئامانجەکان.

بە هیوای بەردەوامی و پێشکەوتن. 

نێچیرڤان بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

٤ی نیسانی ۲٠۲۲