مێرمنداڵێک له‌ ڕووباری قه‌ندیل خنكا 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ مێرمنداڵێك له‌ سنووری ناحیه‌ی هه‌ریر له‌ ئاوی زێی قه‌ندیلدا خنكا و سێ ئه‌ندامی دیكه‌ی خانه‌واده‌كه‌شی گوازرانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

د. مزه‌فه‌ر باڵه‌ك، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی هه‌ریر ڕایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ مێرمنداڵێك كه‌ ته‌مه‌نی له‌ نێوان 13 بۆ 14 ساڵیدا بوو، له‌ نزیك گوندی خڕێ كه‌وته‌ ناو زێی قه‌ندیل و خنكا.

هه‌روه‌ها گوتی: سێ ئه‌ندامی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌ی ئه‌و مێرمنداڵه‌ش كه‌ له‌كاتی هه‌وڵدانیان بۆ رزگاركردنی خۆیان هه‌ڵدایه‌ ناو رووباره‌كه‌ و برینداربوون و سه‌رجه‌میان گوازرانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی هه‌ریر، به‌ڵام به‌هۆی مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ناو ئاوه‌كه‌، دیاربوو كه‌ به‌ر له‌وه‌ی بگه‌یه‌ندرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ مێرمنداڵه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو.

گوتیشی: برینداره‌كان له‌ دایك، باوك و ئامۆزایه‌كی خنكاوه‌كه‌ پێكهاتوون و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ریر چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستیان به‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر بێت و ته‌رمی مێرمنداڵه‌كه‌ش ره‌وانه‌ی پزیشكی داد له‌ هه‌ولێر كرا.

ھەواڵی زیاتر