بەپێى ئامارێکى وەزارەتى داد: رێژەى تەڵاق له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاددى کردووە

وه‌زاره‌تی دادی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماری مامه‌ڵه‌كانی ساڵی 2021ی فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كانی راگه‌یاند.

وه‌زاره‌تی داد رایده‌گه‌ێنێت:  لە ساڵى رابردوودا لە  هەرێمى کوردستان 54 هەزار و 837 پڕۆسەى مارە بڕین لە دادگاکان ئەنجامدراوە ،  لەو رێژەیەش 11 هەزار و 699 حاڵەتى جیابونەوە تۆمارکراوە.
وه‌زاره‌ت راشیده‌گه‌ێنێت: ژمارەى ئەنجامدانى پڕۆسەى هاوسەرگیرى و جیابونەوە ، لە ساڵى 2021 بەراورد بە ساڵی 2020  زیادى کردووە.

 هه‌ر به‌ گوێره‌ی ئاماری وەزارەتى داد، لە ساڵى 2021 54 هەزار و 837 پڕۆسەى مارە بڕین لە دادگاکان ئەنجامدراوە ، لەو ژمارەیە 18964 مامەڵەى مارەبڕین لە هەولێر بووە ، 20147 مامەڵە لە سلێمانى ، 2285 مامەڵە لە گەرمیان ، 13441 مامەڵە لە دهۆک ئەنجامدراوە.

 وه‌زاره‌تی داد ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، هه‌ر  له‌ ساڵی  رابردوودا پڕۆسەى هاوسەرگیرى بەراورد بە ساڵى2020زیادى کردووە، بەشێوەیەک لە هەولێر 2161 حاڵەت ، لە سلێمانى 4285 حاڵەت ، لە دهۆک 1696 حاڵەت ، لە گەرمیان 234 حاڵەت بووه‌.

 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی داد هاتووه‌، لە کۆى ئەو 54 هەزار و837 کەسەى کە پڕۆسەى هاوسەرگیریان ئەنجامداوە، 11 هەزار و 699 حاڵەتى جیابوونەوە تەڵاق روویداوە، کە 4043 حاڵەت لە هەولێر و 4767 حاڵەت لە سلێمانى و 1093 حاڵەت گەرمیان، 1769 حاڵەت لە دهۆک بووە.

 وه‌زاره‌تی داد ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، کە رێژەى تەڵاقدان و جیابونەوە لە ساڵى 2021 بەراورد بە ساڵى 2020 زیادى کردووە، بەشێوەیەک رێژەى جیابونەوە لە ساڵى 2021 بەراورد بە 2020 لە هەولێر 782 حاڵەت، لە سلێمانى 1765 حاڵەت، لە دهۆک 493 حاڵەت، لە گەرمیان 515 حاڵەت بووه‌.

وه‌زاره‌تی داد ئه‌وه‌شی خستووه‌ ڕوو ، زۆرترین حاڵەت بەهۆى نەگونجانەوە بووە کە 1217 حاڵەت بووە ، جیاوازى تەمەن 37 حاڵەت، نەزۆکى 8 حاڵەت، ئابوورى73 حاڵەت، کۆمەڵایەتى 87 حاڵەت بووە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی داد سه‌باره‌ت به‌ژن هێنانی دووه‌م به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌، 101 حاڵەت لە دادگاکان مامەڵەى یاسایى بۆ ئەنجامدراوە کە زۆرترینى لە هەولێر بووە بە 73 حاڵەت ، لە  دهۆک 21 حاڵەت،  سلێمانی تەنها 7 رێگەپێدان بە هێنانى ژنى دووەم ئەنجامدراوە، گه‌رمیان هیچ حاڵه‌تێك تۆمار نه‌كراوه‌.

ھەواڵی زیاتر