شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

خه‌ڵكی كوردستان نان و سه‌موون له‌ پارچه‌یه‌ك ژه‌هردا ده‌به‌نه‌ ماڵه‌وه‌

له‌ فڕنی سه‌موون و نانه‌وخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌موون و نان به‌ زه‌رفی نایلۆن به‌ كڕیاران ده‌درێت، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ كه‌ به‌گه‌رمییان له‌گه‌ڵ نایلۆنه‌كه‌دا كارلێك ده‌كات، ده‌بنه‌ پارچه‌یه‌ك له‌ ژه‌هر و هاووڵاتیان بۆ ماڵه‌كانیان ده‌به‌نه‌وه‌، مادده‌ی نایلۆن كه‌ به‌ڵایه‌كی كوشنده‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستیمان، دوای به‌كارهێنان و ژێرخاككردنی، ژینگه‌ی پێ ژه‌هراوی ده‌كرێت.

له‌ هه‌رێمی كوردستان جیا له‌ دووكان و بازاڕه‌كانی، كه‌ هه‌ر كاڵایه‌ و له‌زه‌رفی نایلۆندا ده‌گوازرێته‌وه‌، سه‌ر به‌هه‌ر كولێره‌خانه‌ و نانه‌وخانه‌ و سه‌مونخانه‌یه‌كدا ده‌كه‌یت، به‌سته‌یه‌ك نایلۆن به‌لایه‌كیه‌وه‌‌ هه‌ڵواسراوه‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان به‌گه‌رمی و نه‌رمی له‌و زه‌رفه‌ نایلۆنانه‌ ده‌كرێن، هه‌ندێك له‌ كڕیار به‌ گرێدانی سه‌ره‌كه‌ی نه‌فه‌سیشی لێده‌بڕن تا سارد نه‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ نایلۆن به‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین به‌رهه‌م داده‌ندرێت بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ و تووشی جۆره‌ها نه‌خۆشی كوشنده‌ی ده‌كات.
نایلۆن كه‌ له‌ مادده‌ی هایدرۆكاربۆن دروست ده‌كرێت و سه‌رچاوه‌كه‌ی غاز و نه‌وت و خه‌ڵوزه‌، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ جیهانییه‌كان، زه‌رفی نایلۆن مادده‌ ترسناك و ژه‌هراوییه‌كانی وه‌ك ‘ئێپیكلۆر و هایدرین و بیسفینۆڵ ئه‌ی و دیئۆكسین’ی تێدان، كه‌ له‌ ئاو و به‌ گه‌رمبوون ده‌توێنه‌وه‌ و هۆكارێكن بۆ نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌كانی وه‌ك گرێی مه‌مك و شێرپه‌نجه‌ و جگه‌ر و گورچیله‌ و كۆئه‌ندامی زاوزێ و نه‌زۆكی و هتد…، كه‌ كاتێك نان و سه‌موون و كولێره‌ و هتد…، به‌ گه‌رمی ده‌كرێته‌ زه‌رفی نایلۆنه‌وه‌، ئه‌و گه‌رمییه‌ وا له‌ مادده‌ زیانبه‌خشه‌كانی زه‌رفه‌كه‌ ده‌كات به‌ به‌رهه‌می تێدا هه‌ڵگیراودا بتوێته‌وه‌ و به‌ ئاسانی بچنه‌ نێو جه‌سته‌وه‌.
له‌مه‌ڕ ئه‌و مه‌ترسییه‌وه‌ له‌یلا محه‌مه‌د ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری هۆشیاری و ڕاگه‌یاندنی فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی هه‌ولێر، هێما بۆ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی نایلۆن ده‌كات، كه‌ له‌ كاتی گه‌رمی و به‌ستندا، مادده‌ی دی ئۆكسین ده‌رده‌ده‌ن و ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ خۆراكییه‌كان داده‌نێت، كه‌ هۆكارێكن به‌ توشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌ و درێژخایه‌نه‌كان.
له‌یلا محه‌مه‌د ده‌ڵێ “جیا له‌ به‌كارهێنانی، پاشماوه‌كانی نایلۆنیش له‌ كارلێكدا ژه‌هرێكی كوشنده‌یه‌ و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر خاك و ئاو و ئاوی ژێر زه‌وی و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان هه‌یه‌، نایلۆن كه‌ به‌ڵای ته‌ندروستی و ژینگه‌یه‌، سه‌رچاوه‌ی زۆرێك نه‌خۆشی ڕووه‌كی و ئاژه‌ڵییه‌ و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی به‌پێی چڕییه‌كه‌ی زیاتر له‌ ٤٠٠ ساڵ ده‌مێنێته‌وه‌، تا به‌ ته‌واوی له‌ خاكدا شی ببێته‌وه‌”.

نایلۆن خۆمان و نه‌وه‌كانمان ئیفلیج ده‌كات
به‌ پێی توێژینه‌وه‌ی ژینگه‌یی، نایلۆن به‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین به‌رهه‌م داده‌ندرێت بۆ سه‌ر ته‌ندروستی و ژینگه‌، كه‌ ‘كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رگری جه‌سته‌ و تێكچوونی هۆڕمۆنی گه‌شه‌ی مرۆڤ و ئیفلیجی منداڵ و گۆڕانی جینییه‌كان و توشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان و شێرپه‌نجه’؛‌ به‌شێكن له‌ مه‌ترسییه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی نایلۆن، خۆ له‌ فڕێدانیشیدا بۆ ماوه‌ی زیادتر له‌ ٤٥٠ ساڵ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ده‌مێنێته‌وه‌ تا له‌ خاكدا شی ده‌بنه‌وه، به‌ سوتانیشی هه‌ر بێ زیان نییه‌ و دوكه‌ڵی ژه‌هراوی و كوشنده‌ تێكه‌ڵ به‌ هه‌وا ده‌كات، ئه‌و ژه‌هره‌ كوشنده‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان تۆنی لێ به‌كار ده‌هێندرێت، پێشتر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستانی هێناوه‌ته‌ ده‌نگ و بڕیاری به‌كارهێنانی كیسی كاغه‌زی له‌ بری نایلۆن ده‌ركردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زه‌رفی كاغه‌ز به‌دی ناكرێت و هه‌موو كاڵا و به‌رهه‌كان هه‌ر له‌ نایلۆندا ده‌گوازرێنه‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروست بیت، نایلۆن به‌كار مه‌هێنه‌
ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ڕۆژێك هه‌زاران تۆن نایلۆن فڕێ ده‌درێت و چه‌ندان هه‌زار تۆنیش له‌ ماڵه‌كان گلدراونه‌ته‌وه‌ و به‌رهه‌می خۆراكییان تێدا هه‌ڵگیراوه‌، مادده‌یه‌ك كه‌ دواتر ڕه‌نگبێت تاڵاوی ژه‌هره‌كه‌ی ئازار و هاوار له‌ زۆرێكمان هه‌ستێنێت و چه‌ندانیشمان له‌ جێ بخات، ژێر خاك كردنیشی ئه‌و ده‌رده‌ بۆ چه‌ند پشتی نه‌وه‌كانمان ده‌گوازێته‌وه‌، له‌به‌ر ته‌ندروستی گشتی و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست، ده‌كرێت له‌ كاتی بازاڕكردن زۆرترین كاڵا له‌یه‌ك زه‌رفدا كۆ بكه‌یته‌وه‌، تا كه‌مترین نایلۆن له‌گه‌ڵ خۆتدا ببیه‌ته‌وه‌، یاخود توره‌كه‌ی په‌ڕۆ له‌بری جارێك چه‌ندان جار به‌كار بهێنیت و به‌هۆیه‌وه‌ ڕێگربه‌ له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌ ژه‌هراوییه بۆ ماڵه‌كانتان‌‌، ده‌كرێت حكوومه‌تیش به‌ بڕیار زه‌رفی نایلۆن له‌ فرۆشگاكان قه‌ده‌غه‌ بكات و له‌بری ئه‌وه‌ كیسه‌ی كاغه‌ز به‌كار بهێندرێت، كه‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی كاغه‌ز، داره‌ و زیانی ته‌ندروستی بۆ مرۆڤ نییه‌ و دۆستی ژینگه‌شه‌، كه‌ دوای به‌كارهێنان و فڕێدانی، به‌خێرایی له‌ خاكدا به‌بێ زیان شی ده‌بێته‌وه‌.