دۆخی سیاسیی عێراق چەقبەستووتر دەبێت

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی چوارشەمی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا، بۆ جاری دووەم ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران کۆ نەکرایەوە، ئاسۆی سیاسیی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و حکوومەتێکی نوێ زیاتر لێڵ بوو و عێراق کەوتە ناو چەقبەستوویی سیاسی زیاترەوە. تۆپەکە خراوەتە ناو گۆڕەپانی یەک لەسەر سێی پەکخەر تا عێراق لەو چەقبەستووییە ڕزگار بکات، شتێک کە بە بێ بەشداری سەدر بە ئاستەم هەژمار دەکرێت.

هەر لە دوای ئەوەی کە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق سەری نەگرت و ٢٢٠ نوێنەر کۆ نەکرایەوە، موقتەدا سەدر پەیامێکی توندی بڵاو کردەوە و گوتی ئاستەمە نیشتمان ملكەچی پاشكۆیی و داگیركاری و پشك پشكێنە بێت و هەرگیز گەل بە چۆكدا نایەت.
ئەو ڕووی قسەی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد و پێی گوتن ڕێککەوتن و سازان لەگەڵ ئێوە واتای كۆتاییهاتنی وڵات دەگەیەنێت و ئاماژەیشی دا ئەو چەقبەستووییەی ئێستای عێراقی لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەواندا پێ باشترە. ئەوەی سەدر پێداگریی لەسەر کردووە هەڵوێستەکانی پێشتری خۆی بووە و ئەوەی بیرهێناونەتەوە کۆتایی بە حکوومەتی پشک پشکێنە هاتووە و چیتر پاشکۆیەتی قبووڵ ناکەن.
موقتەدا سەدر پاشان لە پەیامێکی تردا باسی ئەو لایەنانەی کرد کە پڕۆسەی سیاسییان لە عێراق پەک خستووە و ٤٠ ڕۆژ دەرفەتی پێ داون ئەوان ئەم جارە هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بنێن، بەڵام سەدر بەشدار نابێت. پەیامەکە ڕێک پێش ئەوە بڵاو کرایەوە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ژێر کاریگەریی پەیامەکەی پێشووتری سەدر دەستپێشخەرییەکەیان ڕاگەیاند.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ هەندێک لایەنی تری سیاسی بە یەک لەسەر سێی پەکخەری کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار هەژمار دەکرێن، دواین پلانی خۆیان بۆ دەرهێنانی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی ڕاگەیاندووە، هەنگاوێک کە پێناچێت هیچی لێ بەرهەم بێت.
چوارچێوەکە پێداگری لەوە کردووە بە بێ جیاوازیی خوازیارن لەگەڵ سەرجەم لایەن و فراکسیۆنەکان گفتوگۆی جیددی بکەن و ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە عێراقی تێکەوتووە. ئەوان باسیان لە پابەندبوون بە دەستوور و پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن کردووە بە بەشداری زۆربەی لایەنە شیعەکان.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لایەنەکانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامری و ژمارەیەک لایەنی تری وەک عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم و نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی و چەند سەرکردەیەکی تر پێک هاتووە.
لە دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لەوە کراوە بۆ دەرهێنانی عێراق لەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییە پشت بە بنەماکانی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان و تۆمارکردنی گەورەترین فراکسیۆن لە ڕووی ژمارەوە لە پەرلەمان لە نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنی سەدر دەبەستێت.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی لەوە کردووە بۆ مسۆگەرکردنی مافی پێکهاتەی شیعە و تەواوکردنی شایستە نیشتمانییەکانی پێکهاتەکان لە سێ سەرۆکایەتییەکەدا، لە دیدێکی هاوبەشدا دەیانەوێت حکوومەتێک پێک بهێنن کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانەکانی و سەدر و هاوپەیمانەکانی بەشدار بن. ئامانجەکە ئەوەیە هاوشێوەی حکوومەتەکانی پێشتری عێراق حکوومەتێک بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان دابمەزرێنن.
جگە لەمە ئەوان چەند ڕێکاری تریان لە دەستپێشخەرییەکەدا پێشنیار کردووە بۆ ڕاگەیاندنی گەورەترین فراکسیۆن بە بەشداری سەدر .ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی کردووە ڕێک پێچەوانەی داخوازییەکانی سەدرە کە پێداگریی لە حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی کردووە.
پێویستە بگوترێت عێراق ئێستا بەسەر دوو بەرە یەک لەسەر سێی پەکخەر و کەمتر لە دوو لەسەر سێی ناسەرکەوتوو لە گرێدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان پێکهاتووە. هاوپەیمانی لایەنەکانی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان و سەروەریی سوننە تەنیا ١٨ نوێنەریان مابوو تا بە ڕێژەی یاسایی بگەن بەڵام دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەم نەتوانرا ١٨ نوێنەری تر بهێننە پەرلەمان وازیان لەو گەڕەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکوومەت هێناوە.
ئەو ٤٠ ڕۆژەی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە تەواوی هێز و فراکسیۆن ولایەنەکان لە دەوری پڕۆژەیەک کۆ بکاتەوە کە کارێکی قورسە یەک لەسەر سێ بتوانێت یەک لەسەر سێیەکی تر کۆ بکاتەوە و عێراق لەو چەقبەستوییە ڕزگار بکات. جگە لەمە چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆشیان دانیان بەوە ناوە کە بە بێ سەدر ناتوانن هەنگاو بنێن و بۆیەش دۆخی سیاسی عێراق بەرەو چەقبەستوویی زیاتر دەڕوات.

ھەواڵی زیاتر