پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مه‌ترسی ته‌واونه‌كردنی وه‌رزی ئه‌مساڵ كه‌وته‌ سه‌ر خوله‌كانی كوردستان

ناوبژیوانانی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتكردنی خوله‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن و ڕایانگه‌یاند چیتر ئاماده‌نین به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رماڵه‌ی ناوبژیوانان یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ببه‌ن.

ناوبژیوانانی كوردستان پێنج مانگه‌ ده‌رماڵه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه‌، پێش یارییه‌كانی هه‌فته‌ی رابردوو نووسراوێكیان ئاراسته‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كرد و یارییه‌كانی گه‌ڕی رابردوویان به‌ڕێوه‌برد و كردیانه‌ دوامۆڵه‌ت بۆ خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌كانیان، به‌ڵام ته‌نیا 2 رۆژ ماوه‌ یارییه‌كانی هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ستپێبكات كه‌چی هێشتا داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.
ناوبژیوانانی كوردستان له‌ نووسراوه‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ چیتر له‌ توانایاندا نه‌بووه‌ له‌سه‌رخه‌رجی خۆیان خوله‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ده‌شڵێن: ئه‌گه‌ر ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانیان نه‌دۆزنه‌وه‌ ئاماده‌نین هه‌فته‌ی داهاتوو خوله‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ن كه‌ بڕیاره‌ سه‌رجه‌م یارییه‌كان له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.
ئه‌گه‌رچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان چه‌ندانجار به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی ده‌رماڵه‌كانیان به‌ ناوبژیوانانی خوله‌كانی كوردستان داوه‌، به‌ڵام ماوه‌ی 5 مانگه‌ ناوبژیوانان له‌ چاوه‌ڕوانی دان، ئه‌مه‌ش ناوبژیوانانی ناچاركرد بایكۆتی خوله‌كان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ هێشتا یارییه‌كانی وه‌رزی ئه‌مساڵی خوله‌كانی نایابی كوردستان و پله‌دووی كوردستان ته‌واو نه‌بووه‌.