وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ شەممە بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی کاتی دەوام لە مانگی ڕەمەزاندا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە “وێڕای پیرۆزبایی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز لە سەرجەم موسڵمانان، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی ڕەچاوکردنی بارودۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان لە مانگی ڕەمەزاندا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی کاتی دەوامکردنەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد.”
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەم بڕیارانەی خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:-
1- کەمکردنەوەی کاتی دەوامی فەرمانبەران بۆ ماوەی یەک سەعات.
2- سەعات 09:00ی بەیانی کاتی دەستپێکردنی وانەی یەکەم دەبێت.
3- کەمکردنەوەی کاتی وانەکان (پراکتیکی و کردارەکی) بۆ ماوەی نیو سەعات، بۆ ئەو وانانەی دوو سەعاتی و سێ سەعاتین.
4- دەسەڵات بە سەرۆک زانکۆکان دەدرێت بۆ ڕەچاوکردنی کاتی ئەو وانانەی لە کاتی ئێواراندان و دەکەوێتە کاتی بەربانگ، بە شێوەیەک لە هەموو حاڵەتیکدا وانەکان (تیۆری و پراکتیکی)، نیوسەعات پێش بەربانگی ئیواران کۆتاییان پێ بێت.