رێنمایی نوێ لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێبەجێ دەکرێت

لە سبەی رۆژی هەینی 1/4/2022ـەوە، رێنمایی نوێ سەبارەت بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەش وردەکاری دەخاتەڕوو.

ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند: “پاش ئەوەی گۆڕانکاری لە رێنماییەکان کراوە، بڕیاری نوێمان بۆ هاتووە لە رێگەی دەستەی فڕۆکەوانی عێراق و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، رێنماییە نوێیەکان جیاوازی هەیە، ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، مەرجە کارتی ڤاکسینی پێ بێت، ئەگەر کەسێک نەیتوانیوە بەهۆی نەخۆشییەکەوە ڤاکسین وەربگرێت، ئەوا دەبێ پشکنینی ( پی سی ئاڕ)ی پێبێت و 72 کاتژمێر تێنەپەڕیبێت. ئەوانەشی لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەچنە دەرەوەی وڵات کارتی ڤاکسین یان پشکنینی کۆرۆنا، دەبێ ئەوە لەبەرچاوبگرین کە دەچنە کام وڵات، بۆ ئەوەی بزانین لەوێ داوای چی لێدەکرێت، چونکە رێنمایی لە وڵاتێک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە”.

گوتیشی: ” لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەشت دەکەن، تکایە تەئکید بکەنەوە ئەو وڵاتەی بۆی دەچن رێنماییەکانی چۆنە و داوای چییان لێدەکات، بۆ ئەوەی لێرەوە ئەوەی پێویستە بۆی بکرێت”.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر روونیکردەوە: “ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە، پێویستە کارتی ڤاکسین یان بەڵگەنامە کە دوو ژەم ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەگەر ئەوە نەبێت، پێویستە پشکنینی پی سی ئاڕ بکەن و 72 کاتژمێری بەسەردا تێبەپەڕیبێت”.

ھەواڵی زیاتر