پارێزگاری دهۆک چەند ڕێنماییەکی تایبەت بە مانگی ڕەمەزان بڵاوکردەوە
بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزان، پارێزگاری دهۆک چەند رێنماییەکی تایبەت بەو مانگە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، دەبێت رێز لەو مانگە پیرۆزە بگیردرێت و نابێت بە ئاشکرا و لە شوێنی گشتیی “رۆژوو بخورێت”.
رۆژی چوارشەممە 30-03-2022 د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەڕێگەی نووسراوێکی هەشت خاڵییەوە رێنماییەکانی تایبەت بە مانگی رەمەزانی بڵاوکردەوە و لە خاڵی دووەمدا هاتووە، “ئەو شوێنانەی تایبەتن بە پێشکەشکردنی خواردنەوە کحولییەکان، لە مانگی رەمەزاندا بەپێی رێنماییەکان قەدەخە دەکرێن.”
رێنماییەکان بەمشێوەیەن؛
1- پێویستە رێز لەم مانگە پیرۆزە بگیردرێت و نابێت رۆژوشکاندن بەشێوەی ئاشکرا و لە شوێنی گشتیی ئەنجامبدرێت و ئەوە بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
2- ئەو شوێنانەی کە تایبەتن بە خواردنەوە کحولییەکان و پێشکێشکردنی خواردن وەکو ئۆتێل، مۆتێل، دووکان، یانە شەوانەکان و خواردنگەکان قەدەخەیە بەپێی رێنماییەکان.
3- ئەو چێشتخانانەی کە خواردنی خێرا پێشکێش دەکەن، دەبێت پەردەپۆش بکرێن و هەروەها خاوەنەکانیان نابێت سەرپێچی بکەن و خواردن بەمان بەها و جۆری پێش مانگی رەمەزان بێت.
4- بەهیچ شێوەیەک نابێت خواردن و خواردنەوە لە مانگی رەمەزاندا لە فەرمانگە حکومییەکاندا پیشکێشبکرێت.
5- نابێت گازینۆ و قاوەخانەکان بە رۆژ کراوەبن لە مانگی رەمەزاندا.
6- ئەو خواردنگانەی کە لە خاڵی سێ ئاماژەی بۆ کراوە پێویستە لە هەرسێ رۆژەکانی جەژن کراوەبن و بۆ ئەو مەبەستە دەبێت بەڵێننامەیەک پێشکێشی قایمقامییەتی پەیوەندیدار بکەن، بەپێچەوانەوە ئەوەی پابەند نەبێت، بە داخستنی چێشتخانەکەی بۆ ماوەی مانگێک، سزادەدرێت.
7. ئەو رێنماییانە هۆتێلەکانی پێنج ئەستێرە و بەرزتر ناگرێتەوە.
8. خاوەنی هەر خواردنگەیەک لە مانگی رەمەزاندا سەرپێچیی بکات سزادەدرێت.
وە هەرکەسێک سەرپێچی بڕیار و رێنماییەکان بکات سزادەدرێت.