لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٣ خانەنشین لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکانیان لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە

دابەشکردنی مووچەی مانگی ٢ی خانەنشینان لە سلێمانی پێی نایە هەفتەیەکەوە و تا ئێستاش زۆرێکیان مووچەکانیان وەرنەگرتووە و بەهۆی ئەوەی زۆریان پێکهاتوون لە کەسانی بەتەمەن و هەریەکیان بە جۆرێک کێشەی تەندروستی هەیە، دەیان کەسیان لەو سەرە قەرەباڵغەی بەردەم بانکەکان، ڕۆژانە باری تەندروستیان تێکدەچێت.

دوێنێ، لە بەردەم بانکی باخان لە شاری سلێمان، هاوولاتیەکی خانەنشین بە ناوی فەتاح ڕەزا، کە تەمنی نزیکەی ٨٠ ساڵ دەبوو، لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکەیدا گیانی لە دەستدا. بە گوتەی ئەو کەسانەی لەگەڵ هاووڵاتی کۆچکردوو بوونە، بەیانیەکی زوو گەیشتووەتە بەردەم ئەو بانکەی بڕیارە مووچەکەی لێ وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئەو قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆیەی لە سەرەی موچەدا هەبووە، گیانی لە دەستداوە.
چەند خانەنشینێکی بەردەم بانکەکە، بۆ هەولێر، باسیان لە دۆخەکە کرد و بە پێی گوتەی ئەوان، تا ئەوپەڕی سوکایەتیی سوکایەتیان پێدەکرێ، ئەوان لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئەو قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆیە، باسیان لەوەکرد، بانکەکان دەتوانن میکانیزمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتانە ڕوو نەدات، بەڵام نایکەن. هۆکاری ئەوەش بۆ بێ باکی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی دەگەڕێننەوە و گوتیان؛ بێ باکن لە بەرامبەر دۆخی خەڵکی شارەکە.
ئەوەی جێگای پرسیاری ئەوان و نیگەرانی ئەوانە، نازانن بە چ بیانوویەک پارەی بانکەکان دەبردرێت و پارەیان تێدا نەماوە و بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش نە کارمەندانی بانک و نە دەسەڵاتدارانی سلێمانی نقەیان لێوە نایەت، خانەنشینێک سەبارەت بەوە بۆ هەولێر، گوتی؛ هەرکاتێک لە بانکەکان دەپرسین بۆچی بانکەکان بێ پارەن، بێ ڕێزی و سوکایەتیمان پێ دەکەن.
تا ئێستا لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەداخەوە ٣ خانەنشین بەو هۆکارە گیانیان لە دەستداوە، ئەم دۆخەی خانەنشینانی تێدایە، تەنیا بە سلێمانیەوە نەوەستاوە بەڵکو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینیش بەدەر نین لەو دۆخە. ئەمەش لە کاتێکدایە سلێمانی و گەرمیان زۆرینەی داهاتی کوردستان پێکدەهێنن، بەڵام ئەو داهاتە نە دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت و نە خەڵکی ئەو ناوچانەش لێی سود مەند بوونە، بەڵکو چەند کەسێکی دەستڕۆشتووی حزبی بە ئاشکرا دەستیان بەسەر ئەو داهاتەنەدا گرتووە و خەڵکیان لێی بێ بەش کردووە.

ھەواڵی زیاتر