دكتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا پێشوازی لەباڵیۆزی روسیا دەكات و پێشهاتەكان و ڕێگەچارەكانی فراوانكردنی هاوكاری نێوان بەغدا و مۆسكۆ تاوتوێدەكەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا ،جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 30 ی 3 ی 2022، لەنووسینگەی تایبەتی خۆی لەبەغداپێشوازیكرد لە ئێلبرۆس كۆتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لەعێراق.
لە دیدارێكدا كۆی پەرەسەندنەكانی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی سەرگۆڕەپانی عێراق تاوتوێكرا، هاوكات باسی رێگەچارەو میكانیزمی كاری هاوبەش بۆ فراوانكردنی هاوكاری بوارەكانی وەبەرهێنان و ئابووری نێوان بەغدا و مۆسكۆ كرا.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیكرد لەوەی، دامەزراوەی یاسادانان پشتیوانی كارو ئەركی باڵیۆز و نێردە دبلۆماسییەكانە، لەگەڵ گرنگی چالاككردنی كاری لیژنەكانی دۆستایەتی پەرلەمان لەنێوان عێراق و وڵاتانی دۆستدا.
گوتیشی: ڕوسیا وڵاتێكی گەورە و گرنگە و ئارەزوومەندین پەیوەندی هەردوو گەلی دۆست پتەوبكەین.
لای خۆیەوە باڵیۆزی روسیا خۆشحاڵی خۆی بەو دیدار و پێشوازییە گەرمە دەربڕی و، جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی بەپەرۆشەوە لەپشتیوانیكردنی عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستنەگەكان بۆ بەدیهێنانی گەشەكردن و سەقامگیری بەردەوام دەبێت.