سان: هاوسەرەکەم زۆر پاڵپشیم دەکات بۆ کارەکانم

“سان” یەکێکە لە گۆرانیبێژە گەنجەکان و بەردەوام هەوڵی نوێگەری دەدات لە بەرهەمەکانی و قوتابییە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکاندا. ئێستاکە بەرهەمێکی نوێی بڵاو کردووتەوە بە ناوی “ساقی”. پێشتریش چەند کارێکی هونەریی هەبووە، دەربارەی خۆی و کارە نوێیەکەی، لەگەڵ “ئەحمەد ڕەمەزان”ـی دەرهێنەردا وەڵامی چەند پرسیارێکمان دەدەنەوە.

“ئەحمەد ڕەمەزان” دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری گۆرانییەکە بە “هەولێر”ـی گوت: پێم خۆشبوو کارێکی جیاواز بۆ خاتوونی دەنگخۆش “سان” بکەم، ئەوە بوو دوای گفتۆگۆمان بڕیارم دا کە کاری دەر‌هێنانی گۆرانییەکەی بۆ بکەم و جێگەی دڵخۆشییە گۆرانییەکەش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی سەرکەوتنێکی باشی تۆمار کرد.
زیاتریش گوتی: گۆرانییەکە تێکستی “محەمەد بەرزنجی”ـیە و میلۆدی “زانا عەبدوڵا”یە یاریدەری دەرهێنەر “سەرهەنگ شێرزاد” و کاری ماکیاژ “ڕۆزانە فەرهاد”، بە سپۆنسەری میدیایی “کەی مەگەزین” لە یوتیوبی کوردماکس موزیک بڵاو کرایەوە.
“هەولێر” پرسیاری کاری نوێی وەکو دەرهێنان لە “ئەحمەد رەمەزان” کرد و لە وەڵامدا گوتی: من بەردەوام پێشنیارم بۆ دەکرێت کاری دەرهێنان بۆ کلیپ بکەم، بەڵام مەرج نییە دەر‌هێنەر هەموو کارێک بکات ئەوەی گرنگە داهێنان و کاری ناوازەی هونەری ئەنجامبدات، کۆتا بەرهەمی منیش بۆ هەردوو هونەرمەند “میران عەلی و عەلیجان” بوو کە گۆرانییەکی دوێت بوو.
لە پرسیاری ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە ئێستادا بۆ بڵاوکردنەوەی گۆرانی چییە؟ گوتی: بە دڵنیایی ئێستا ئەوەی ئێمە لەنێوی دەژین زاڵبوونی سۆشیال میدیایە بە تەواوی پلاتفۆرمەکان بەسەر ژیانی ئێمەوە، بۆیە هەر کارێک کە دەکرێت بیر لە باش بڵاوبوونەوەی وەکو سۆشیال میدیا دەکرێت، جێگەی خۆیەتی سوپاسی دامەرزاوەی میدیایی “کەی مەگەزین” بکەم کە ئەرکی وەکو سپۆنسەری میدیایی کارێکی مەزنی بۆ کردین.
ڕۆژنامەی “هەولێر” دەربارەی کارەکانی “سان” چەند پرسیارێکی ئاراستە کرد:

٭ ئەم بەرهەمەی ئێستات کاری سێیەمتە، لە ماوەیەکی کەمدا توانیت سێ کار بەرهەم بهێنیت، بەڵام پێم خۆشە بۆچوونت بزانم لەنێوان ئەم سێ بەرهەمەدا کامیان زۆر تایبەتن لەلای تۆ؟
ـ بەرھەمی یەکەمم “ئێستا لە کوێی” کە بە شێوەی دوێت بوو لەگەڵ ھونەرمەند “ئەمیر موراد” بە ھۆکاری ئەوەی یەکێک بوو لەو ئارەزووەکانم کە توانیم بە دەستی بھێنم.

٭ وابوو، دووێتێکت لەگەڵ هونەرمەند “ئەمیر موراد” کرد، ئەی هیچ دوێتێکی دیکەت ئامادەیە؟
٭ جارێ ئەو بیرۆکەیەم نییە و دەتوانم بڵێم نەخێر.

٭ گۆرانی “ساقی” چۆن بیرۆکەکەیت بۆ هات و کێ زۆرترین پاڵپشتیی کردی؟
ـ بیرۆکەکەی لە تێکستەکەوە سەرچاوەی گرت، کە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە، کە تێکستی شاعیری لاو “محەمەد بەرزنجی” و لە کاری میلۆدی و دابەشکردنی ھونەرمەند “زانا عەبدوڵایی”ـە، ھاوسەرەکەم زۆرترین پاڵپشتی کردم بۆ بەرھەمھێنانی ئەم بەرھەمە.

ھەواڵی زیاتر