بە بڕی زیاتر لە 7 ملیار دینار قەرەبووى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەی هەولێر دەکرێتەوە 

پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی شاری هەولێر دەست پێ بکات.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای سێ ڕۆژی دیکە دەست بە ڕێکارەکان دەکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، کۆی گشتیی زیانەکانی هاووڵاتییان نزیکەی 21 ملیار دینارە، ئەمەش جگە لەو زیانانەی بەر پڕۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەکان کەوتووە.

ڕاشیگەیاند: ملیارێک و نیو بۆ چاککردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە، هەروەها بە بڕی 7 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان دابینکراوە.

ئومێد خۆشناو لەبارەی زیانەکانی هاووڵاتییان ئەوەشی خستەڕوو کە هەزار و 189 ئۆتۆمبێل، 3 هەزار و 183 خێزان و ماڵ، 408 خانوو لەگەڵ 350 دووکان زیانیان بەرکەوتوو.

هەروەها گوتی: کۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە هاوکاری دەکرێن 4 هەزار و 797 کەسن و بڕێک پارە لە بەرامبەر زیانەکان بە هاووڵاتییان دەدرێت.  

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە بەداخەوە حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستا بەپێی پێویست بڕیاری بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان نەداوە. جەختیشی کردەوە کە ئەم قەرەبووکردنەوەیە هیچ پەیوەندیی بە حکوومەتی عێراق نییە.

ھەواڵی زیاتر