رۆژنامەی ھەولێر

ئەم هەوڵەشتان سەرناگرێت!

سەگڤان هالو
لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، هەڵمەتێکی ناڕەوا، بێپڕۆژە و بێئامانج لە دژی حکوومەتی هەرێم، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت، ڕێزدار مەسرور بارزانی بوونی هەیە، کە لە لایەن هەندێک کەس و لایەنی سیاسییەوە بە بەرنامە بەڕێوە دەچێت.
پڕۆژەکانی سەرۆکی حکوومەت باشترین و بەهێزترین وەڵامن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەنجامدانی چاکسازی و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان؛ لەوانە پڕۆژەی «ڕووناکی»، «هەژماری من»، گرنگیدان بە ژێرخانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، ڕێگاوبان و بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان، کە هەموویان بە هەنگاوی گرنگ لە قەڵەم دەدرێن. ناحەزانی پارتی، حکوومەت و ڕێزدار مەسرور بارزانی چاویان بەم هەموو گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونانە هەڵنایەت. ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە بێجگە لە هەڵمەتێکی سیاسی بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای سیاسیی نەیاران هیچی تر نییە، کە ئامانجیان چەواشەکردنی ڕای گشتی، شاردنەوەی دەستکەوتەکان و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەبێ ئەوەی خۆیان بەدیل یان پڕۆژەیەکی کردەییان هەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی دروشم نییە، بەڵکوو حزبی کردارە و ئەمەیشی لە هەردوو سەردەمی خەباتی چەکداری و خەباتی شارستانیدا بۆ هەموو لایەک سەلماندووە. بۆیەش لە گشت پڕۆسەکانی دەنگداندا، بە جیاوازییەکی زۆرەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان، متمانەی گەلی کوردستانی بەدەست هێناوە و لە هەموو قۆناغەکاندا بە پێشەنگ ماوەتەوە.
ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەنەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە وەک دیوارێکی پۆڵایین لە دژی پیلانگێڕی و هەموو ئەوانە وەستاوە کە دژی دۆزی ڕەوای نەتەوەییمانن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ لاوازکردنی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان، پارتی و حکوومەت. بەڵام هەروەک بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانیش لە دیدارە تەلەڤزیۆنییەکەدا ئاماژەی پێ دا، ئەم هەڵمەتە بێپڕۆژە و بێئامانجەشیان سەرناکەوێت، چونکە هەرێمی کوردستان یەک هەرێمە و نابێت بە دوو.