خوسرەو جاف
تەلارسازی تەنها هونەری دانانی بەرد و خشت و بلۆک نییە لەسەر یەک؛ بەڵکوو ئاوێنەیەکە کە ئاستی هۆشیاری، مێژوو، سەقامگیریی سیاسی و قووڵایی کولتووری هەر نەتەوەیەک نیشان دەدات. کاتێک سەرنج لە سیمای شار و خانووبەرەی ئەمڕۆی کوردستان و سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەین، ڕووبەڕووی ئاشووفتەبازاڕییەکی گەورە دەبینەوە. سەیرەکە لەوەدایە تەنانەت وڵاتانی عەرەبیی دراوسێشمان، سەرەڕای ئەو هەموو توانا ئابوورییە زەبەلاحەی لەبەردەستیاندایە، نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی سەبک و شێوازێکی تەلارسازیی تایبەت بە خۆیان. هۆکارەکەش ڕوونە: بەدەستهێنانی شوناسێکی تەلارسازی بە پارە و ڕێکەوت دروست نابێت، بەڵکوو پێویستی بە تەقەلایەکی درێژخایەن، سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سەروەریی یاسا، ئازادی، ئەکادیمیەت و کەمکردنەوەی هەژاری هەیە.
لە ڕاستیدا، قەیرانی ئێمەی کورد تەنها نەبوونی شوناسی تەلارسازی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی قووڵتری «خۆنەناسین»ـە کە هەموو کایە هونەری و کولتوورییەکانی گرتووەتەوە. ململانێی سیاسی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەرچی جوانی و زەرافەت هەیە قووتی داوە. کاتێک لە میدیا و ڕۆژنامە و کۆلێژە هونەرییەکان دەڕوانین، دەبینین هونەر و تەلارسازی لە پەراوێزدان. کۆلێژ و پەیمانگا هونەرییەکان بێنازترینن، پەیکەرسازی و شانۆ و سینەما فەرامۆش کراون، و تەنانەت کەڵەشاعیران و هێماکانی مێژووی نەتەوەیی وەک نالی، مەحوی، مەولەوی، جەزیری و گۆران پەیکەر و ڕێزلێنانی شایستەیان لە گۆڕەپانەکاندا نییە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە بێپلانی وای کردبێت تەنانەت نەتوانرێت قووتی ڕۆژانە و بەرهەمی کشتوکاڵیی خۆماڵی دابین بکرێت، سروشتییە بیرکردنەوە لە شوناسی تەلارسازی و هونەری باڵا دوا بکەوێت.
ئەگەر بە چاوێکی زانستی و دوور لە دەمارگیری سەیری مێژووی بیناسازیی خۆمان بکەین، دەبینین ئێمە هێشتا خاوەنی قوتابخانەیەکی ناسراوی تەلارسازی نین. خانووە کۆنەکانی سەر قەڵای هەولێر، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی گرنگی میرات و مێژوومانن و شایستەی پاراستنن، بەڵام تێکەڵەیەکن لە شێوازی عوسمانی، قاجاری و سەفەوی و ناکرێت وەک سەبکێکی تایبەتی کوردی پۆلێن بکرێن. بە پێچەوانەوە، گوندەکانی هەورامان زۆرتر گوزارشت لە هەست و فکری خۆڕسکی کورد دەکەن کە بەپێی ژینگە و جوگرافیاکەیان دروست بوون. لە ئاستی بیناسازیی هاوچەرخیشدا، جۆرێک لە چەقبەستوویی و دووبارەبوونەوەی بێزەوق باڵی کێشاوە؛ نزیکەی 95%ی خانووەکانی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق بە بلۆک و بە یەک نەخشەی دووبارە دروست دەکرێن، بێ ئەوەی ڕەچاوی ژینگە، جوانیناسی یان ئەو تایبەتمەندییە ناوچەییانە بکرێت کە جاران لە خانووە بەردین و قوڕینەکاندا هەبوون.
مێژوو پێمان دەڵێت شوناسی تەلارسازی لە بۆشاییەوە دروست نابێت، بەڵکوو بەرهەمی تێکەڵاوبوونی کولتوورەکان و گەشەکردنی بەردەوامە. بۆ نموونە، تەلارسازیی ئیسلامی کە ئەمڕۆ وەک یەکێک لە گەورەترین قوتابخانە تەلارسازییەکانی جیهان دەناسرێت، لە مزگەوتە سادە و بێئارایشەکەی پەیامبەرەوە لە مەدینە دەستی پێ کرد کە بناغەکەی بەرد و دیوارەکەی قوڕ و بنمیچەکەی لقەخورما بوو. دواتر لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی ئیسلام و بەشداریی گەلە جیاوازەکانەوە—بە تایبەت لە ئێران و میسر و عێراق و ناوچە عوسمانییەکان—ئەم تەلارسازییە گەشەی کرد و هەر ناوچەیەک مۆرکی هونەریی خۆی پێ بەخشی، بێ ئەوەی دەستبەرداری بنەما سەرەکییەکان (قیبلە، میحراب و مینبەر) ببێت.
ئەمڕۆ جیهان بچووک بووەتەوە و دەرگاکانی زانست و داهێنان کراوەن. چیتر ناکرێت خۆمان بەوە بخەڵەتێنین کە لە هەندێک لە دراوسێکانمان باشترین، یان هەموو بەرپرسیارێتییەکە تەنها بخەینە ئەستۆی دۆخی سیاسی و نائومێد بین. کوردستان خاوەنی سەدان کەسانی ئەکادیمی و هەڵگری بڕوانامەی باڵایە؛ ئەوەی کەممانە پلان، دیدگایەکی ڕوون و ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ داهێنان. دروستکردنی شوناسێکی تەلارسازی و کولتووری، شەڕێکی فیکری و مەدەنییە کە لە هەموو شەڕەکانی تر دژوارترە، بەڵام تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی لەم ئاشووفتەبازاڕییە ڕزگارمان بێت و مۆرکی خۆمان لەسەر مێژوو و ژینگەی خۆمان جێبهێڵین.
