عومەر چنگیانی
ناونیشانی بابەتەكەی ئەمڕۆم كەمێكە لەو مانا و تێگەیشتنەی لە ئایەتی “34-40”ی سوورەتی “قیامە” واتە حەفتاوپێنجەمین سوورەتی قورئان هەمە؛ قیامە نۆیەمین سوورەتی جزمی بیستونۆی دوایین كتێبی ئاسمانییە. قورئان دوای ئەوەی لە ئایەتی “سیوسێ” و پێشتر باسی لە سەركەشی هەندێك لە مرۆڤەكان كرد، بە شێوازی ڕووتێكردنی گوتار “خیتاب” پێیان دەڵێ: گەر تۆی مرۆڤی سەركەش، ئاستی بیركردنەوەت وایە كە ئەو پشتهەڵكردنەت لە ئایین و لە داخوازییەكانی ئایین بۆ تۆ باشترە. “تۆڵەی دوای لێپێچانەوەی توند بۆ تۆ باشترە”. جارێكی تریش لە بەرانبەریدا بە دوای هێنانی وشەی “ثم”ـی عاتیف”ـە ئەم ڕستەیەی بۆ دەڵێتەوە، وەك بڵێ، تۆ دوو جار شایانی تۆڵەیت و دەفەرمێت: “دوای ئەوە، هەر بزانە تۆڵەی دوای لێپێچانەوەی توند بۆ تۆ باشترە”. بە مانا كە تۆی مرۆڤ لە ڕووی جۆری بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی دەرەنجامی بیر لە وابەستەیی بە ئایین نەكردنەتەوە گەیشتوویتە ئەو بۆچوونە كە ئەوەی تۆی لەسەری، لە مل نەدانت بە یاساكانی خوا، بۆت باشترە، دەی كەوابوو ئەو سزا پێ چێژتنە بۆ تۆ و بە تۆ شایانترە. پاشان جارێكی تر ڕووی گوتارەكەی گشتگیر دەكاتەوە _ كە ئەم گۆڕینی ڕووی گوتارە، جۆر و تایبەتمەندییەكە لە تایبەتمەندییەكانی ڕەوانبێژی قورئان و ئەوانەی لە خزمەتیدان لێی دەزانن و تێیدەگەن و چێژی لێ دەكەن _ و دەفەرمێت: “ئەرێ مرۆڤ پێی وایە وەلاوە دەنرێ؟” بەمانا وەك هەر بوونەوەرێكی بێگیان، یان ئاژەڵەكان، كە ئەم وا دەزانێ بێ یاسان و ئەم بێ بوونی ڕێنمایی و بێ بەرنامە و بێ لێپێچانەوە و بێ پاداشت، یان تۆڵە، هەروا لەو گۆڕەی دروست كراوە، تا چۆنی بوێت بیگوزەرێنێ و لە تێركردنی نەوس و حەزە نەبڕاوەكانی كەمتەرخەمی نەكا و ئازادییەكان وەك خۆی دەیخوازێ بۆی فەراهەم بێت و هیچ یاسایەك نەیگرێتەوە و بكە و مەكە لە ژیانی ئەودا نەبێ و، ناردنی ئەم هەموو پێغەمبەر و پەیامانەی پێ زێدەن و، ئیتر ئەم دنیایە لەوەڕگایەكی كاتی و یەكجارەكییە و شتێكی تر نییە پێی بگوترێت ڕۆژی سەڵاو ڕووبەڕووبوونەوە؟ ئەگەر وا بیر دەكاتەوە خۆی بە هەڵەدا دەبات! بۆیە دەبینین دواتر لە ئایەتی “سیوشەش” بەدواوە بەهۆش خۆیی دێنێتەوە و سەرەتاكانی دروستبوونی خۆیی دێنێتەوە یاد، بەڵام بە شێوەیەك كە هەر كەسە و بە پێی خۆی دەتوانێ ئەندازەیەك لێی تێبگات!
دوێنێ و سەردەمی هاتنەخوارەوەی ئایەتەكان ئەوەندەی لێتێگەیشتن كە ببێتە یارمەتیدەری بڕواهێنان بۆ یاران ڕەزای خوایان لێ بێت و ئێمەیش وەك ئەوی ئەوان بۆیان گوتووین و وەك خۆمان زانستمان پێی گەیشتووە، لێی تێدەگەین و دوای ئێمەیش بە سوودكردن لە ئێمە و پێش ئێمە و بە بۆدەركەوتنی زۆرتری زانستیی پەیوەست بە”زیندەوەرزانی” و نهێنییەكانی “بوون” لە گەردووندا زیاتری لێ تێدەگەن. دەبینین دەفەرمێت: “باشە ئەم مرۆڤە لەوە ورد بۆتەوە كە بۆخۆی لە دەرەنجامی تۆوێك دروست بووە، كە “نما” و گەشە دەكا و گەورە دەبێ و پەرە دەستێنێ، یان تۆوێك كە دێنرێتەوە!”.ئەم بەكار هێنانی لكە”كنایە” پڕ لە ڕەوانبێژییەی قورئان ڕەنگە دوێنێ تا ئەندازەیەك سوودەكەی لە “بەرجەستەبوون”ی شێوازی ڕەحەتبوون و هەڵدان و دەرهاتنی “مەنی”ـدا بووبێت! بەڵام خۆ زانستیی سەردەم ئەمڕۆ زۆر شتی ڕوون كردۆتەوە دەربارەی ئەو دروستبوونی تۆ خۆی و چۆنیەتیی گەشەكردنی پێش دەركردنی و پاشان لە دوای ئاوێتەبوونی بە تۆوی بەرانبەر و تێپەڕبوونی بە قۆناغەكانیدا، كە جێی خۆیەتی بۆ مرۆڤ ببێتە جێگای بڕوا هێنان و بەخۆدا هاتنەوە! داخۆ ئەوە چ دەستەڵات و توانەیەكە، ١٤٣٧ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ئەم زانستە بدات بە كابرایەكی نێو ئەو بیابانە دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت؟! پاشان زیاتر ڕووی گوتارەكە دەكاتە مرۆڤ و وەبیری دێنێتەوە و قۆناغەكانی دروستبوونەكەیی دێنێتە پێش چاو، كە بە پلەی یەكەم، ئەو چاك هەندێك لە دیمەنە سەرنجڕاكێشەكانی لای خۆی لە پێش چاوە، كە چۆن لە ئاوێكدا كرمی “زەروو” یان “كرمەلیقە”، دەبێنێ كە بە شوێنێكەوە دەلچكێ، تا لێی تێر نەبێ و هەڵنەئاوسێ لە هەڵاواسینی دەم بەرنادا! خۆ ئەمی مرۆڤیش بە ڕێگەیەك لە ڕێگاكان، تۆمی خۆیی بینیوە و تێیگەیشتووە كە چۆن لینجییەكی تێدایە و، كاتێ دەیهاوێژێ بۆ خۆیشی قێزی لێ دەكاتەوە! دەیخۆ هەر دروستبوونەكەی خۆیشی لەوە و، بەو لچكینەیە، كە ئەمڕۆ زانست لە دەریای پڕیدا زۆری بۆ گوتووین. زانست لەو لێكچواندنەدا، قسەی خۆی هەیە، نەخاسمە ئەو مامۆستا بەڕێزانەی ئەركی گەڕانەوە بۆ لای ئایەتەكانی كە پڕن لە موجیزەی زانستیی دەدوێن، زۆر شتیان فەرمووە. “پاشان هەر ئەو تۆمەیە كە بووەتە زەروویەكی لچكاو و خوا دروستی كردووە و بۆتە مرۆڤێكی دروست”. ئایتە، “دروست”، كە ئەوكاتەی مرۆڤەكە ڕێگای نا دروست دەگرێتە بەر، لە خۆیەوەیە، نەوەك وای لێ بخوازرێت! بەمەوە ناوەستێ و جارێ بووبێ، نا “هەر لەم دەرەنجامی ئاوێتەبوون و كردنەی تۆمەیەیە، كە لێیان جووتەی نێر و مێی دروست كردووە”.
جووتەی نێر و مێ، ببینن جووتە، ئیتر ئەم جووتەی جووتبووە، بە “جووتبوون و سەرجێی”ـانە، كە بەردەوامی دەدات بە ژیان و گواستنەوەی “جین”ـە، بۆ یەكدی! جا هەیانە هەرخودی جووت بوونەكە لایان مەبەستە و كاریان نە بە پێشەكی و نە بە دەرنجامەكانی نییە، كە ئەوە پەڕینێكی ئاژەڵی و تێركردنی حەزە كاتییەكەیە! هەیشە كە بڕوادارە، بۆ ئەو پڕۆسە ۆزە، ڕێگاكانی بە دروستی دەگرێتە بەر و قۆناغەكانی بە ڕیزبەندی و ڕێزەوە بەڕێ دەكات. باوك و دایك هەریەكەیان دوایی دەبنە بەرپرسیار و هەریەكەیان بە شێوازی سروشتی فێربوو و فێركراو لەگەڵ كارەكە و دەرەنجامەكانی هەڵسوكەوت دەكەن. “دەی كەسێك كە خوایە و ئەمە تواناكەیەتی، لەتوانایدا نییە كە مردوو زیندوو بكاتەوە؟”
بەڵێ بەڵێ خوا گیان زۆر توانایە. (1)
پەراوێز:
“1” پێشتر تا ئێرەی ئەم لێكدانەومان بۆ سوورەتی “قیامە” لە لاپەڕە “9”ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە2425 سێ شەممە 9 ی ئابی 2016بڵاو كراوەتەوە”.
