حەمەسەعید حەسەن
ئەوەی تۆ پێت وایە خۆشەویستییە، ئارەزوویەکی بایۆلۆجییە، پێوەندیی بە کیمیای لەش و هۆرمۆنەوە هەیە، حەزە، ئەڤین نییە. حەز گەمەیەکە لەنێوان دوو جەستەدا، لای مەل و ئاژەڵیش هەیە. ئەوی بزانێت خۆشەویستی چییە، ئینسانێکی بێدەنگ و بێوەی لێ دەردەچێت، ئینسانێک لەگەڵ خۆیدا تەبا دەبێت. خۆشەویستی لای ئینسانی وا، بریتی نییە لە پێوەندیی نێوان دوو کەس، وەک سێبەری وایە، بۆ هەر کوێ و بۆ لای هەر کەسێک بچێت، لەگەڵیدا دەبێت و ئینسانی وا هەمیشە لە دۆخی خۆشەویستیدا دەژی. سوکرات گوتوویەتی: ئەوی خۆشەویستی بناسێت، حەقیقەتیش دەناسێت، ئاخر دوو ناوی یەک ئەزموونن.
خۆشەویستی بریتییە لە بەخشین، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ئەوە بین شتێک وەربگرین، ئاخر خۆشەویستی نە گرێبەستی تێدایە، نە هاوبەشییەکی مەرجدارە. ئەوە خۆشەویستی نییە، بۆیە کەسێکمان خۆش بوێت، چونکە داخوازییەکانمان جێبەجێ دەکات، ئاخر لە خۆشەویستیدا، بەختەوەری بریتییە لە بەخشین. خۆشەویستی ئەوەیە گەشە بە ڕۆحمان بدات، نەک جەستەمان تێر بکات. لە خۆشەویستیدا کە دۆخێکی ئازادی خۆبەخشانەیە، عاشق بە ئومێدی پاداشت نییە. خۆشەویستیی ساختە ئەوەیە، تۆ هەر چی بۆ ئەو بکەیت، ئەو هەر بە کەمتەرخەمت بزانێت و هەر چاوەڕێی شتی دیکە بێت. ئەوە خۆشەویستی نییە، ئەم گیرۆدەی ئەو بێت، خۆشەویستی ئەوەیە ئەم بایەخ بەو بدات. خۆشەویستی مەزنترین ئەزموونی ژیانە، ئەوی ئەو ئەزموونەی نەبێت، دەرکی بە مانای ژیان نەکردووە.
ئەوی هیچ لەبارەی خۆشەویستییەوە نەزانێت، هیچ لەبارەی خوایشەوە نازانێت، با خۆی وەک خواناسیش نمایش بکات. ئەوی بە ئەزموونی خۆشەویستیدا ڕەت بووبێت، پێی شەرمە ڕۆڵی واعیز ببینێت. خۆشەویستی بۆ ڕۆح، وەک خۆراکە بۆ لەش، وەک چۆن لەش بەبێ خۆراک لاواز دەبێت، ڕۆحیش بەبێ خۆشەویستی لاواز دەبێت. هیچ دەسەڵاتێک، سیاسی بێت، یان ئایینی، پێی خۆش نییە ڕۆحمان بەهێز بێت، ئاخر ئەوی خاوەنی ڕۆحێکی بەهێز بێت، ملی کەچ ناکات. ئەوە ڕۆحی بەهێزە، فێری بەرزفڕینمان دەکات و لێ ناگەڕێت کەوی بکرێین. وەک چۆن مێش لەسەر شتی پیس دەژی، پیاوانی ئایین و پیاوانی دەسەڵاتیش، لەسەر خەڵکانی ڕۆحلاواز دەژین.
بوودا فێرمان دەکات خودی خۆمان خۆش بوێت. ئەگەر خۆت خۆش نەوێت، نە کەسانی دیکەت خۆش دەوێت، نە سروشتیش. پیاوانی ئایین و پیاوانی دەسەڵات، ئیش بۆ ئەوە دەکەن، خودی تۆ بسڕنەوە، خۆت خۆش نەوێت و ڕۆحت لاواز بێت، تا وەک ئەڵقەیەک بتکەنە پەنجەیان و بتکەن بە قوربانی خواستەکانی خۆیان. ئەوە ڕاست نییە کە دەڵێن، ئەوی خۆی خۆش بوێت، خۆپەرستە، ئاخر ئەگەر خۆت خۆش نەوێت، کەسی دیکەشت خۆش ناوێت. کە لێ ناگەڕێن خۆمان خۆش بوێت، بەوە دەیانەوێت توانای خۆشویستنی ئەوانی دیکەمان تێدا بکوژن. ئینسانێک ڕێزی خۆی بگرێت و خۆی خۆش بوێت، ڕێز و خۆشەویستیی بۆ ئەوانی دیکەیش هەیە، ئاخر ئینسانەکان بە چاوپۆشین لە جیاوازییەکانیان، بەشێکن لە هەمان سروشت، لەژێر هەمان ئاسماندا دەژین و هەمان بەهایان هەیە.
خۆشەویستی نە ئەرکی سەر شانە، نە خزمەتە، ئەوانەی خۆیان بەوەوە با دەدەن، لەبەر خزمەتی مرۆڤایەتی، خۆیان فەرامۆش کردووە، کەسە دووڕووەکانی نێۆ کۆمەڵن، ئاخر ئەوی خۆشەویستی بفامێت، هەر چی بۆ مرۆڤایەتی بکات، هێشتا پێی وایە کەمی کردوووە و دەیتوانی زیاتر بکات، ئاخر تاقە کەسێک توانای ئەوەی هەیە هەموو گەردوون پڕ بکات لە خۆشەویستی، وەک مەسیح و گاندی کردیان. مەسیح پەیامی خۆشەویستیی پێبوو، بەڵام دواتر دەسەڵات بەد سوودی لەو پەیامە وەرگرت. بۆچی نازم حیکمەت داستانەشیعرێکی لە ستایشی شێخ بەدرەددینی کوڕی قازیی سیماونەدا نووسی؟ چونکە ئەو سۆفییە دڵ پڕ لە خۆشەویستییە، لەپێناوی خەڵکدا، لە دژی سوڵتانی زاڵمی عوسمانی ڕاپەڕیبوو.
خۆشەویستی تاکە ئەزموونە کە لەسەروو زەمەنەوە بێت، ئاخر ساتەوەختێک لە خۆشەویستی، تا ئەبەد درێژەی دەبێت. خۆشەویستی ددان بە مەرگدا نانێت، ئەوە بۆیە عاشق لە مەرگ ناترسێت. ناتوانیت ببیت بە بەشێک لە گەردوون، ئەگەر دڵت هەواری خۆشەویستی نەبێت. بۆچی پیشەی واعیز پشت بە فریودان دەبەستێت؟ چونکە ئینسان کە سەروەری گەردوونە، لە ڕۆڵی کۆیلەیەکی کەساس بەولاوە، هیچ ڕۆڵێکی دیکەی پێ ڕەوا نابینێت، چونکە لێ ناگەڕێت، ئینسان خودی خۆی خۆش بوێت، لە خۆی ڕابمێنێت و گەشە بە ڕۆحی خۆی بدات، چونکە ئینسانی لەبەر چاوی خودی خۆی ناشیرین کردووە.
بوودا دەڵێت: خۆت خۆش بوێت، سوکراتیش دەبێژێت: خۆت بناسە. پێوەندییەکی پتەو لەنێوان خۆخۆشویستن و خۆناسیندا هەیە، ناخر ئەگەر خۆمان خۆش نەوێت، هەوڵ نادەین خۆمان بناسین، چونکە خۆشەویستی پێش زانین دێت، چونکە خۆشەویستی ڕێگەیەکە بەرەو زانینمان دەبات. خۆخۆشویستن ئەوەیە، خۆتت قەبووڵ بێت، وەکوو هەیت، هیچی خۆت نەشاریتەوە و سەرکوتی نەکەیت، چونکە ئەگەر لایەنێکی خۆت سەرکوت کرد، ناتوانیت چاودێریی خۆت بکەیت و خۆت چاک بکەیت. چاودێریی لای بوودا بە مانای ڕامان دێت، ئەگەر چاودێریی خۆمان بکەین، هۆشیار دەبین و وەک مرۆڤ ڕەوتار دەکەین، نەک وەک نامێر.
لە دونیادا ئایین ئەوەندە زۆرە لە هەزاری تێپەراندووە، کەس مافی ئەوەی نییە، ئایینی خۆی بە پاساوی ئەوەی زۆرینە دوای کەوتوون، یان ئاسمانییە، یان دوا وەحییە، لە ئایینی ئەوانی دیکە بە باڵاتر لە قەڵەم بدات و خۆی پێ بەبەهاتر بێت، چونکە ئینسان بەچاوپۆشین لەوەی سەر بە چ دینێکە، پڕبەهاترین سەرمایەیە و لەسەروو ئایینیشەوەیە. ئەو هەموو ئایینە هەن، بەڵام تەنیا یەک واقیع هەیە، بۆیە فەریادڕەس ئەوەیە، خۆشەویستی جێی ئایین بگرێتەوە کە هەمووان دەتوانن لە دەوری کۆ ببنەوە و ئەوە هەر خۆشەویستییە، وا دەکات ڕۆحی ئینسان هێندە بەرز بفڕێت، ئاسمان تەی بکات.
