رۆژنامەی ھەولێر

بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی لافاو بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە 2026.11.23، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و نوێنەرانی فەرمانگە خزمەتگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە پرسی لافاو و چۆنیەتی ئامادەکارییە پێشوەختەکان ئەنجامدرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، تیمێک لە ئەندازیاران و شارەزایانی بوارەکە پرێزنتەیشنێکی زانستی و وردیان پێشکەش کرد، بە پشتبەستن بە داتا و نەخشەی تۆپۆگرافی، تیشک خرایە سەر سەرجەم ئەو ناوچە و گەڕەکانەی کە هەستیارن و ئەگەری دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاویان لێدەکرێت، هەروەها میکانیزم و ڕێگەچارە زانستییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاککردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان پێش هاتنی شەپۆلەکانی بارانبارین خرانە ڕوو.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە ئەندازیاران، شارەزایان و تەواوی تیمە خزمەتگوزارییەکان کرد بۆ ئەو توێژینەوە زانستی و ئامادەکارییە وردانەی ئەنجامیان داوە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانیانە و پێویستە سەرجەم فەرمانگەکان بە هەماهەنگییەکی تەواوەوە هەموو ڕێکارە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بکرێت.