رۆژنامەی ھەولێر

دەتوانێت هاوکارمان بێت لە تێگەیشتن و قبووڵکردنی ڕای جیاواز؟

وەرگێڕان و ئامادەکردنی شۆڕش غەفووری

 

خاتوو (فیۆنا – Fiona)ی تەمەن ٢٣ ساڵ، لە (لەندەن – London) پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «دەمەوێت دەربارەی ئەو کتێبەی کە بڕیارە بە دیاری بیدەمە باوکم، ڕاوێژتان پێ بکەم. باوکم لە دەیەی شەشەمی تەمەنیدایە، ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل – Daily Mail)ی بەریتانی دەخوێنێتەوە و زۆر سەرسەخت و کەللەڕەقە لە قبوڵکردنی ڕوانگەی جیاواز. دەمەوێت کتێبێکی پێ بدەم کە یارمەتیدەر بێت لەبارەی چۆنیەتیی بیرکردنەوەی بەرامبەر بە دونیا و لەمبارەوە پرسیار لە خۆی بکات.»

(گاردیەن)یش پرسیارەکەی ئاراستەی (سادی جۆنز – Sadie Jones)ی ڕۆماننووس و سیناریۆنووسی بەریتانی کردووە کە بە چیرۆکە پڕ لە هەست و سۆز و دەروونییەکانی لەبارەی خێزان و کۆمەڵگەی بەریتانی ناسراوە، نووسەری کتێبی بەناوبانگی (وەلانراو – The Outcast) کە خەڵاتی (کۆستا – Costa)ی بۆ یەکەم ڕۆمانی پێبەخشراوە و دواهەمین ڕۆمانیشی ناوی (مارەکان – The Snakes)ە کە باس لە خێزانێکی دەوڵەمەند و نهێنییەکانیان و توندوتیژییە شاراوەکانی پشت پەردەی سامان و دەسەڵاتی خێزانی دەکات.

(سادی جۆنز) بەم شێوەیە ی خوارەوە وەڵامی پرسیارەکەی (فیۆنا) دەداتەوە و دەنووسێت:
«ئەمە کێشەیە، [ئەو کارەی تۆ دەیکەیت وەک ئەوە وایە] بتەوێت قاسەکە بشکێنیت، نەک بیکەیتەوە. هیچ شتێک هێندەی سەرکەوتنی خوێنەرێک ئارامبەخشتر و خۆشتر نییە بۆ زاڵبوون بەسەر کەلەڕەقی و عینادییەکەی. کتێبە پڕفرۆش و براوەکەی خەڵاتی (کۆستا)ی ساڵی ٢٠١٩ی (جۆناسان کۆ – Jonathan Coe)ی ڕۆماننووسی بەریتانی و نووسەری بەزمەسات بە ناوی (ئینگلتەرای ناوەڕاست – Middle England) تاقی بکەرەوە. ئەم ڕۆمانەی جۆناسان باس لە دابەشبوونە کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەریتانیا دەکات لە سەردەمی ڕیفراندۆمی برێکزیت بە شێوازێکی نەرم و مرۆڤدۆستانە. بە گشتیش کتێبەکانی ئەم نووسەرە، شیکارییەکی قووڵ و کۆمیدین بۆ سیاسەت، چینە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییەکانی بەریتانیای هاوچەرخ. باوکت هەم هاوسۆز دەبێت لەگەڵ ئەم کتێبە و ڕاستییەکانی ناوی کە پیاوێک نووسیویەتی و هەم سەرنجیشی دەکەوێتە سەر بەرگە ڕەنگاوڕەنگەکەی کە تێمێکی گوندنشینیی هەیە. ئەم کتێبە تەواو ڕۆمانێکی سیاسییە، بێ ئەوەی تۆزقاڵێک دەمەقاڵێ و مشتومڕ بکات، کەسایەتییە سەرەکییەکەی ناوی، لەو کەسایەتییە ئەدەبیانەیە کە زۆر بەڕێز و بەئەدەبە و سووکایەتی بە کەس ناکات.
ڕەنگە باوکت بە کەسێکی ساویلکە و سادەت بزانێت، بۆیە دەکرێت بە پێشکەشکردنی بەرهەمێکی کلاسیکی دیار، زیرەکانە فریوی بدەیت. دڵگەرمی و ڕاستگۆیی بێسنووری (چارڵز دیکنز – Charles Dickens)ی گەورەترین ڕۆماننووسی سەردەمی ڤیکتۆریای ئینگلتەرا، تاقی بکەرەوە، ئەو نووسەرەی کە لە کتێبەکانی (دۆریتی چکۆڵە – Little Dorrit) و (سروودی کریسمس – A Christmas Carol) ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نایەکسانی و دۆخی خراپی هەژاران و چینی کرێکار و منداڵان دەگرت و بە شێوەیەکی جیاواز ئەم ڕەخنەیە نیشانی خوێنەر دەدات. وەک ئەوە وایە کە ڕستەی «ئەگەر پێیان خۆشە بمرن، باشترە بمرن و دانیشتووانی زیادە کەم بکەنەوە»، ڕاستەوخۆ لەو لاپەڕانەوە وەرگیرابێت کە باوکت دڵخوازانە و ڕۆژانە دەیانخوێنێتەوە. چارڵز، لە ڕۆمانی (دۆریتی چکۆڵە) ڕەخنە لە سیستەمی زیندانیکردنی قەرزداران و بیرۆکراسیی حکومەتی بەریتانیا دەگرێت و چیرۆکەکەی باس لە کچێک دەکات کە لە زیندانی قەرزداراندا لەدایک بووە و گەورە بووە. هەروەها (سروودی کریسمس)یش یەکێکە لە نۆڤلێتە بەنێوبانگەکانی چارڵز کە لەبارەی پیاوێکی ڕەزیل و دڵڕەقە بە ناوی (ئێبێنێزەر سکرووج). دوای ئەوەی لە شەوی کریسمسدا سێ تارمایی (جنۆکە) سەردانی سکرووج دەکەن، ئیتر ئەو پیاوە ڕەزیل و دڵڕەقە تێڕوانینی بەرامبەر ژیان، هەژاران و بەخشندەیی دەگۆڕێت.
ئەگەر هەست دەکەیت ئازاتر و چاونەترسترن، دەتوانن لەو پۆلێنە دڵخوازەی باوکتان دوور بکەونەوە و کتێبێکی پڕفرۆش هەڵبژێرن کە لێی نەتۆقێت و ڕەتی نەکاتەوە. بۆ نموونە زنجیرە ڕۆمانە سەرنجڕاکێشەکانی (حیکایەتەکانی شار – Tales of the City) لە نووسینی (ئارمیستید موپین – Armistead Maupin)ی نووسەری ئەمریکی بۆ بکڕە کە ملیۆنان کەس ئاشقین و کراوەتە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیش. موپین بەهۆی ئەم زنجیرە ڕۆمانەوەی کە سەرەتا لە ڕۆژنامەدا بڵاوی دەکردەوە، نێوبانگێکی جیهانیی پەیدا کرد. نووسینەکانی گەرم، مرۆڤدۆستانە و تەنزئامێزن و باس لە ژیانی کۆمەڵگە جیاوازەکانی شاری (سان فڕانسیسکۆ – San Francisco) لە دەیەی حەفتاکان بەدواوە دەکەن. زنجیرە ڕۆمانەکەش زۆر فریودەر و پڕە لە ئاڵنگاری. بەو خۆشەویستییەی کە باوکت بۆ (مایکڵ تۆلیڤەر – Michael Tolliver) کەسایەتییە سەرەکی و خۆشەویستەکەی زنجیرە ڕۆمانی (حیکایەتەکانی شار – Tales of the City) هەیەتی، ڕەنگە بگایە ئەو دۆخەی کە چیتر ڕقی لە بینینی کەسی غەریب نەبێت و لێیان دوور نەکەوێتەوە و چێژ لە گفتوگۆ ببینێت لەگەڵیان.
ئەگەر پێشت وایە ئەم کتێبانە گونجاو نین، دەتوانیت کتێبە نایابەکەی (چیماماندا نگۆزی ئادیچی – Chimamanda Ngozi Adichie) نووسەر و وتاربێژی دیاری نێجیریایی بە ناوی (ئەمریکانا – Americanah) پێشکەش بکەیت کە دەربارەی کۆچبەرانی نێجیریایە لە ئەمریکا، چونکە باسی بابەتێکی ئاشنا دەکات: لەوەی ئاخۆ ئەگەر ئەوان لە وڵاتی خۆیان مابانەوە، دڵخۆشتر دەبوون یان نا؟ و لە کۆتاییشدا ڕوون دەبێتەوە: بە دڵنیاییەوە وا نەدەبوو. منیش تەواو دژی ئەو بۆچوونە جیاوازانەم کە بلیمەتیی نووسینەکانی ئادیچی نابینن. ئەم نووسەرە یەکێکە لە کاریگەرترین دەنگەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی جیهان. لە بەرهەمەکانیدا تیشک دەخاتە سەر پرسی ناسنامە، کۆچ، ڕەگەزپەرستی، فیمینیزم و مێژووی نێجیریا. ڕۆمانەکەشی باسی چیرۆکی خۆشەویستی و کۆچکردنی دوو گەنجی نێجیریایی بۆ ئەمریکا و بەریتانیا دەکات و بە وردی باس لە ناسنامە، ڕەگەز و گەڕانەوە بۆ نیشتمان دەکات.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت کتێبێکی گەورە لە نووسەری خۆشەویست و پێکهاتەشکێنت بۆ پێشنیار بکەم کە ئەویش (جۆن لێ کارێ – John le Carre)ی نووسەری بەناوبانگی بەریتانییە کە ڕەنگە هێندەی (جۆرج ئۆروێڵ – George Orwell)ی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری بەریتانی، دیار و بەرچاو نەبێت، بەڵام کتێبەکەی واتە (سیخوڕێک\پشکنەرێک لە گۆڕەپانەکەدا ڕادەکات – Agent Running in the Field) بۆ ئەو ئامانجەی کە تۆ مەبەستتە، زۆر گونجاوە. (جۆن لێ کارێ) خۆی پێشتر لە دەزگای هەواڵگریی بەریتانیادا کاری کردووە. ڕۆمانەکانی وێنایەکی ڕاستین، ئاڵۆز و ئەخلاقین لە جیهانی سیخوڕی و سیاسەت. چیرۆکی ڕۆمانە، باس لە کارمەندێکی هەواڵگریی بەریتانیا و یاریزانێکی گەنجی بەدمینتۆن دەکات لە سەردەمی برێکزیت و ترەمپدا.
سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2020/feb/22/book-clinic-books-broaden-mind-daily-mail-reading-father